ڕاگەیاندنی ناوەندی سێکولار لە کوردستان سەبارەت بە ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان

Secularنامەی بۆردی دامەزرینەری ناوەندی سێکولار لە کوردستان*
بۆ لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان

ڕاگەیاندنی ناوەندی سێکولار لە کوردستان سەبارەت بە ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان

ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان کە لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە خراوەتەڕوو و ئێستا کاردەکەن بۆ هەموارکردنەوە و ئامادەکردنی بۆ ڕاپرسی ، نەیتوانیوە بنەمایەک بێت کە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکات و چوارچیوەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوانەشی دانەناوە  بۆئەوەی سیستەمی سیاسی و دادوەری و پەروەردەیی لەسەر بنەماکانی مافە جیهانیەکانی مرۆڤ و پێشکەوتنە زانستیەکان لە بواری بەڕیوەبردن و جیایی ئاین لە دەوڵەت و بەشداری فراوانی جەماوەر لە یاسادانان و بەڕیوەبردنی لەسەر دابمەزرێ .هەربۆیە ناڕەزایەتی چین و توێژ و حزب و ڕێکخراو و کۆڕ و ناوەند و کەسانی ئازادیخواز و یەکسانی خوازی لێکەوتۆتەوە .ناڕەزایەتی سەبارەت بە سیستەمی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ، دەوری ئاین لە دەستور و یاساکان ، بەرتەسکردنەوەی ئازادی بیروڕاو و ئازادیە سیاسیەکان و ئازادی حزب و ڕێکخراوەکان ،وپێشێلکردنی مافی ژنان و مناڵان و کرێکاران و فەرمانبەران و توێژە کەم دەرامەتەکان، لەبەرچاونەگرتنی خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان و بڕیاردانی لە چارەنوسی سیاسی کوردستانداو هتد…  . ئێمەش خۆمان بەبەشێک لەو ناڕەزایەتیە پێشکەوتنخوازانە و ئازادیخوازانەیە دەزانین کە ڕەخنەمان لەم ڕەشنوسەی دەستوری هەرێمی کوردستان هەیە و ئامادەی کارکردنین لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە خوازیاری گۆڕینی ئەم ڕەشنوسەی دەستورن بەو شێوەیەی کە زۆرترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکات و ببێتە بنەمای دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد وسێکولار و پێشکەوتنخوازانە لە کوردستان. پێویستە لەلایەن دەزگا دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە پێش لە ڕاپرسی  پرۆسەی هەموارکردنەوەی دەستور بکرێتە پرۆسەیەکی ئازادانە کە بەشداری فراوانی خەڵک مسۆگەر بکا و هۆیەکانی ڕاگەیاندن فەراهەم بکرێت بۆ بەشداری جەماوەر لەم پرۆسەیەدا.
ئێمە وەک ناوەندی سێکولار لە کوردستان ئەوەندەی پەیوەستە بە ئامانج و کاری ئێمەوە ،ڕەخنەی خۆمان سەبارەت بەم ڕەشنوسە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەخەینەوە ڕوو:
یەکەم: پرۆژەی یاسای دەستوری هەرێم لە ماددەی سێیەم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە “گەل سەرچاوەی دەسەڵات”ـە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گەل یان نوێنەرەکانی هەم یاسادانەرو هەم دەسەڵاتی جێبەجێکار پێکدەهێنن. بەڵام ئەم ماددەی سێیەمە بە ماددەی شەشەم لە پرۆژە یاساکە پوچەڵ دەکرێتەوە  ،بەو پێیەی کە ماددەی شەشەم پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە “بنەماکانی شەریعەی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان” و “نابێ یاسایەک دابندرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام”.
هەربۆیە ئێمە پێمانوایە کە دەبێت ئەم ماددەیەی ٦ی دەستور لە دەستوری هەمیشەیی هەرێم لاببرێت‌ لەبەر ئەم هۆیانە:
1.ئەو ماددەیەی کە دەڵێت “بنەماکانی شەریعەی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی یاسادانانەو نابێ یاسایەک دابندرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام” ناکۆکە لەگەڵ ئەو ماددەیەی کە دەڵێت “گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە” چونکە لەوەی پێشەوە ئاین دەبێت بە سەرچاوەی یاسادان لەوەی دواتریش گەل دەبێت بە سەرچاوەی یاسادانان.
2.کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە هەرچی فەقیهە موسڵمانەکان لە ماوەی ١٤٠٠ ساڵی ڕابردودا وەک فەتواو یاسا بەرهەمیانهێناوەو وەک یاسا دەریانکردوە دەبێت ببێت بە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەمڕۆ و دواڕۆژی هەرێمدا. ئەمەش لەگەڵ سروشتی گەشەو گۆڕاوی کۆمەڵگەکان نەک یەکناگریتەوە بەڵکو دژایەتی دەکات.
3.کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە هاوڵاتیان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت بەڵکو لەسەر بنەمای موسڵمانبوون‌و ئێزیدیبوون‌و کرستیانیبوون‌و کاکەییبوون‌و شەبەکیبوون سوننیبوون‌و شیعیبوون مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنەما سەرەکییەی دەوڵەتی مەدەنییە کە پێداگری لەسەر یەکسانبوونی هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا دەکات.
4.کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە نایەکسانی ژن‌و پیاوی لێدەکەوێتە چونکە ژنان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی مافی یەکسانیان نە لە میرات نە لە شایەدی نە لە مارەبڕین‌و ژیانی خێزانی نییە. ئەمەش پێچەوانەی ناوەڕۆکی ماددەی بیست‌و بڕگەکانی پڕۆژە یاساکەی دەستورە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە “پیاو و ژن بەرامبەر بە یاسا وەک یەکن”، یان ئەوەی دەڵێت “حکومەت هەوڵدەدات هەموو کۆسپێک‌و ڕێگرییەک لە ڕێگای یەکسانیی لە ژیان‌و مافە شارستانی‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ڕۆشنبیریی‌و ئابورییەکاندا لابەرێ”. لەڕاستیدا دانانی شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی یاسادانان راست پێچەوانەی ئەم ماددەیەیەو دەبێتە کۆسپێک لەپێش گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان لە هەموو ئەو بوارانەی کە ماددەکەی ئاماژەیپێکردون.
5.بەپێی ئەو خاڵانەی سەرەوە دانانی شەریعەتی ئیسلام بەسەرچاوەیەکی سەرەکی یاسادانان پێچەوانە ودژ بە مافە جیهانیەکانی مرۆڤە و پوچەڵ کردنەوە و پێشێلکردنی ئەو مافانەی مرۆڤە کە ئەم دەستورە دانی پێداناوە.

دووەم: پرۆژە یاساکە هەر لە ماددەی شەشەم “دان دەنێت بە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی گەلی هەرێمی کوردستان‌”.
ئێمە پێمانوایە کە ئەم ماددەیە دەبێت لە دەستورە هەمیشەیەکە لاببرێت لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1.هەرێم، وڵات یان دەسەڵات پێویست ناکات کە شوناسی هەبێت چونکە هیچ کۆمەڵگەیەک لە یەک گروپی نەتەوەیی، ئاینیی، کەلتوریی پێکنەهاتووە. دانان بە هەر شوناسێک بۆ هەرێم مانای سەپاندنی شوناسێکی دیاریکراوە بەسەر ئەو گروپانەی کە شوناسەکە نایانگرێتەوە یان قەبوڵیان نییە.
2.دەوڵەت چوارچێوەیەکی یاسایی‌و دەزگاییە کە پەیوەندیی نێوان ئەو شوناسە جیاوازانە لە ڕووی یاساییەوەو بەپێی ماف‌و بەرپرسیاریەتی یەکسان ڕێکدەخات نەک دەزگایەکی خاوەن شوناس.
3.شوناسی کۆمەڵگەکان نەگۆڕ نین چونکە وەک سروشتی کۆمەڵگەکان لە گۆڕانکاری بەردەوامن بۆیە ناکرێت شوناس بۆ کۆمەڵگە لە گۆڕانهاتوو و فرە کەلتورییەکان جێگیر بکرێت‌و بسەپێنرێت.
دەستوری هەرێمی کوردستان دەبێت  یەکسانیی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر یاسادا ڕابگەیەنێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، مەزهەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوەو ڕەگەز و زمان .

سێیەم: ماددەی سییەم کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە “نابێ حوکمەکانی باری کەسێتی پەیڕەوانی ئاینێک لەسەر پەیڕەوانی ئاینێکی دیکە بسەپێنرێت” وا دەردەکەوێت کە مافە ئاینییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم دەپارێزێت بەڵام لە جەوهەردا کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئاین‌و ئاینزا لە یەکجیادەکاتەوەو لەبەرامبەر یاسادا نایەکسانیان دەکات. بۆنمونە چۆن دەکرێت موسڵمانێک ئەگەر دزی کرد ئەوە دەستی ببڕدرێت کەچی ئێزیدییەک ئەگەر دزی کرد ئەوە شەش مانگ زیندانی بکرێت. ئەمە نایەکسانی‌ دەسەپێنێت نەک یەکسانی کە ئەرکی دەستورە. بەم شێوەیە ئەم مادەیە  شەریعەتی ئیسلامی و پەیڕەوی ئاینە جیاوازەکان دەکات بەیاسا و هەموو هەموو بنەما مەدەنی و مۆدێرنەکان ویاسا مەدەنیەکانی باری کەسی دنیای ئەمڕۆ دەسڕێتەوە.
لە دەستوری هەرێمی کوردستاندا پێویستە بنەماکانی یاساکانی باری کەسیی‌ لەسەر پرینسیپە سیڤیل و مەدەنی  و مافە جیهانیەکانی مرۆڤ دابنرێ و دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی هەر ئاینێک .
چوارەم: ماددەی نۆزدە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت “مزگەوت‌و کەنیسەو شوێنەکانی خواپەرستی بکرێنە گۆڕەپانی چالاکی حیزبی‌و سیاسیی” کەچی شەریعەتی ئیسلام دەباتە نێو دادگاکان‌و دەیانکات بە بنەمای یاسادانان. ئەم ماددەیە تەواو ناکۆکە لەگەڵ ماددەی شەشەم. چونکە ئەگەر شەریعەت بکرێت بە سەرچاوەیەکی یاسادانان ئەوە دەبێت ئاسایی بێت کە مزگەوت‌و کەنیسە بکرێن بە شوێنی سیاسەتکردن. کاتێک کە بنەماکانی ئاینێک بکرێن بە سەرچاوە بۆ یاسادانان ئەوە هەر خۆی تێکەڵکردنی ئاینە بە سیاسەت، جا کە وابێت بۆ دەبێت شوێنی قسەکردن لەسەر ئاین لە کاری سیاسیی قەدەغەبکرێت.

* بۆردی دامەزرینەری ناوەندی سێکولار لە کوردستان
ناوەندی سێکولار لە کوردستان لە ١٩ی نیسانی ٢٠١٥ لەلایەن بۆردی دامەزرێنەرەوە ڕاگەیەندرا
بۆردی ناوەند پێک هاتوە لە (فوئاد مجید میسری، گۆنا سعید، د.سالار باسیرە،ئاسۆکمال، شێرزاد حسن، بەهار مونزیر،د.شێرکۆ کرمانج ،فتاح زاخۆیی و ڕیبوار ئەحمەد)

About admin

Check Also

ناوەندی سیکۆلاری کورد لە دانمارک بەهاوکاری سەنتەری کلارا سیمینارێکی ئەنجامدا

لەدنیای ئەمڕۆدا، سۆشیال میدیاو میدیای ئەلیکترۆنی ئەو ئاپ وپەیجە مەترسیدارانەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کارلێکی خراپی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *