گرنگه‌ سه‌رتاپای ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم لاببرێت

Gonaگۆنا سه‌عید:
رۆژنیوز – شنا فه‌یه‌ق و کاروخ ڕه‌واندوزی:
له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستاندا، ژنانیش بۆچوونی تایبه‌تیان هه‌یه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چالاکێکی بواری یه‌کسانی ژن و پیاو پێی وایه:”گرنگه‌ سه‌رتاپای ڕه‌شنوسی هه‌رێم لا ببرێت و بکرێته‌ ده‌ستورێک که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مافی مرۆڤ و سکۆلاریزم بنیاتبنرێته‌وه‌.”

گۆنا سه‌عید، چالاکی بواری یه‌کسانی ژن و پیاو باسی له‌ کێشه‌کانی ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم کرد و به‌ ڕۆژ نیوزی ڕاگه‌یاند:” ئه‌و ده‌ستوره‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان دروستبووه‌ کێشه‌ی زۆری له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێم و چه‌نده‌ها پرسی سیاسی و به‌ڕێوه‌‌بردنی کۆمه‌ڵگاوه‌ تێدایه‌، گفتوگۆ و دیبه‌یتی زۆری له‌سه‌ره‌ ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن هیزه‌ سیاسییه‌کانیشه‌وه‌، به‌ڵام، له‌ گشتدا و به‌نیسبه‌ت مافه‌کانی ژنانه‌وه‌ ده‌ستورێکه‌ که‌ پشتی به‌ستووه‌ به‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی به‌ یه‌کێک له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دانانی یاسا داده‌نێت، به‌و مانایه‌ی که‌ یاساکانی باری که‌سێتی، یاسای سزادان یاساکانی تر، سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده،‌ سیسته‌می داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم هه‌مووی په‌یوه‌ست ده‌کرێت به‌ دانانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی.”

گۆنا سه‌عید، وتیشی:” ساڵه‌های ساڵه‌ ژنان نه‌ک ته‌نیا له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌  خۆرهه‌ڵات ناوه‌ڕاست و ته‌واوی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی پشت به‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌به‌ستن له‌ژێر باری هه‌ڵاواردنێکی یاسایی و ده‌ستوری زۆردا ژیان به‌سه‌ر ده‌بن، که‌ ئه‌مه‌ش سایه‌ی کردووه‌ به‌سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافه‌کانی ژناندا و توندوتیژی زیاد کردووه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا، بۆیه‌  بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ سه‌رتاپای ئه‌م ڕه‌شنوسی ده‌ستوره‌ لاببرێت وه‌ بکرێته‌ ده‌ستورێک که‌ له‌سه‌ر بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و سکۆلاریزم بنیات بنرێته‌وه‌ وبنه‌ماکانی مافی مرۆڤ بکریته‌ سه‌رچاوه‌ی یاساکان.”

ناوبراو، هێمای بۆ په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی کانتۆنی جزیره‌ کرد و ڕایگه‌یاند:” پێویسته‌ له‌ ده‌ستورو یاسادا یه‌کسانی ژن و پیاو به‌دی بهێنریت هه‌ر وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ په‌یماننامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کانتۆنی جز‌یره‌دا ڕاگه‌یه‌ندرا له‌ماوه‌ی پێشو له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری خۆرئاوادا، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ بتوانێت له‌ بواری خێزان، کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رپه‌شتی منداڵ، میرات، زه‌واج و جیابوونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی که‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خێزان و په‌یوه‌ندییه‌کانی خێزان پێکده‌هێنێت مافه‌کانی ژن و پیاو یه‌کسان بکریت و زامنی ئه‌وه‌ بکات کۆمه‌ڵگا به‌سیستمێکی سکۆلاریزمی پێشکه‌وتووخوازدا ببات که‌ پشت به‌زانست و مه‌عریفه‌ و ڕۆشنگه‌ری ببه‌ستێت، له‌ بری ئه‌وه‌ی پشت به‌ ئاینێک ببه‌ستێت که‌ سه‌وابتی خۆی هه‌یه‌، وه‌ هه‌ڵاواردنی تێدایه‌ که‌ به‌شیکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی کردووه‌ته‌ قوربانی به‌شێکی تری، بۆیه‌ به‌ بڕوای من ڕه‌شنوسی ده‌ستور جگه‌ له‌وه‌ی کێشه‌ی زۆری تێدایه‌ کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ پشتی به‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌ستووه‌ که‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ی تێدا نه‌مێنێت.”

ئه‌و چالاکه‌ی بواری یه‌کسانی ژن و پیاو، پێی وایه‌، کانتۆنی جه‌زیره‌ نه‌ک ته‌نیا له‌ ئاستی کانتۆنه‌کانی خۆی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌نگاوێکی مێژوویی نا که‌ بۆ هه‌موو جیهان ده‌بێته‌ نمونه‌ و ئه‌و یاسایه‌شی که‌ له‌ کانتۆنی جزیره‌ ده‌رچوو به‌ به‌رهه‌می کار و خه‌باتی ژنانی کۆبانێ  ناوبرد که‌ له ‌به‌رامبه‌ر داعش و فکری داعششیزمدا کردیان، وتیشی:” من له‌ ده‌ره‌وه‌ کاتێک قسه‌ ده‌که‌م پێم شه‌رمه‌ بڵێم ئێمه‌ له‌ باشوری کوردستان 24 ساڵه‌ حکومه‌تمان هه‌یه‌ به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ یاسایه‌کی باری که‌سێتی هاوشیوه‌ی کانتۆنی جزیره‌ دابنێت.”

گۆنا سه‌عید، زیاتر ڕوونی کرده‌وه‌ و وتی:” خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که‌ گیری خواردووه‌ به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌ ئیسلامییه‌کان و ئه‌و ده‌سه‌ڵێ‌تانه‌ی که‌ به‌ ناو عه‌لمانین به‌ڵام له‌ یاسا و ده‌ستوردا پشتیان به‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌ستووه‌، به‌ڵام کانتۆنی جزیره‌ هات نمونه‌یه‌کی تری پیشاندا که‌ نه‌خێر هه‌ر له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ هه‌مان کۆمه‌ڵگه‌ که‌ بانگه‌وازی ئه‌وه‌ ده‌دریت که‌ کۆمه‌ڵگا ته‌نیا شه‌ریعه‌تی ئیسلامی پێ قبوڵه‌ وه‌کو سه‌رچاوه‌ی یاسا، له‌ هه‌مان کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کرێت ژن و پیاو یه‌کسان بکرێت ده‌کرێت یاسایه‌کی باری که‌سێتی  ده‌ربکرێت که‌  یه‌کسانی ژن و پیاو مسۆگه‌ر بکات له‌ گشت بواره‌کاندا.”

ئه‌و چالاکه‌ی بواری یه‌کسانی ژن و پیاو، وتیشی:” له‌ هه‌رێمی باشوری کوردستانیشدا،  ژنان زۆر ده‌مێکه‌  له‌ ڕێگه‌ی ڕێکخراوه‌کانی ژنان و نوسه‌ران ڕۆشنبیران و خه‌باتی چه‌په‌کانه‌وه داوای لابردنی هه‌ڵاواردن و یاسایه‌کی یه‌کسان ده‌که‌ن،به‌ پشت به‌ مافه‌ جیهانییه‌کانی ژنان که‌ یه‌کسانی ته‌واوه‌ له‌ نێوان ژن و پیاو دا،به‌دیدێنیت.” بۆ ئه‌مه‌ش  ئاماژه‌ی بۆ وتارێک کرد که‌ که‌سێک له‌ ده‌زگای c.n.n نوسیبووی “ناکرێت تۆ ژنه‌کانت له‌ به‌شی  پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا بن و نه‌به‌ردی پیشان بده‌ن به‌ڵام تۆ به‌ یاسایه‌ک زنجیر بکه‌یته‌ ملیان و بیانکه‌یت به‌ کۆیله‌ی خێزان و کۆیله‌ی پیاو له‌ خێزاندا.”

هه‌روه‌ها گۆنا سه‌عید، هێمای بۆ سیسته‌می ئه‌وروپایی کرد و وتی:” سیسته‌می ئه‌وروپایی به‌وه‌گه‌شتووه‌، که‌ که‌سه‌کان یه‌کسان نین له هه‌موو ژیاندا بۆنمونه‌ له‌ ‌باری ئابوریدا نایه‌کسانییه‌کی زۆر هه‌یه‌، هه‌تا توندوتیژی ده‌کریت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان، به‌ڵام ئینسان یه‌کسانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر یاسادا.”

گۆنا سه‌عید، چالاکی بواری یه‌کسانی ژن و پیاو، ڕاشیگه‌یاند:” ئێمه‌ له‌ 8 ی مارسی ئه‌مساڵ له‌ ڕۆژی جیهانی ژناندا، ته‌واوی ڕێکخراوه‌کانی ژنان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکبووین که‌ یه‌کسانی ژن و پیاو ببێته‌ داواکارییه‌کی سه‌ره‌کی، بۆ ئه‌مه‌ش ئیلهاممان  له‌ خه‌بات ژنان له‌ هه‌رێمی کوردستان و ژنانی کۆبانی و ئه‌ویاسایه‌ی کانتۆنی جزیره‌ وه‌رگرت.”

ش.ف

About admin

Check Also

شلێر عبدالمجید : سیکۆلار دەروانێتە لایەنى ئابوورى وسیاسى وهەتا دینیەکان بە شێوەیەکى عقڵانى وە دۆزینەوە رێگە چارەى گونجاو بۆى

یەکێک لەبنەما گرنگەکانی بە رێکخستنى ژیان یاسادانان و سیستەمى بەرێوەبردنە، لەیاسادانان سزا وسیستەم بۆ ژیان …

One comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *