بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە

عبدالرحمن رسول

لە هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودا کە یاسا مەدەنی و سیکۆلار و شارەستانی یەکان بەڕێوەدەچێت ،ڕەچاوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی مناڵان و ژنان بەتایبەتی کراوە .هەر بیروباوەڕێک کە هاندەربێ بۆ گەشەی توندڕەوی و دژە ئینسانی و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تیرۆریستی لەمپەری خراوەتە بەردەمی و بەپێی یاسا موبەلیخان و بانگەشەکارانیان سزادراون لە پێناوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.سەرجەم خاوەن فکر و ئایین و نەتەوە و کەلتوور و سوونەتە جیاوازەکان ئازادانە بەپێی یاسا بۆ چوون و تێڕاونینی خۆیان دەخەنە ڕوو بەڵام بەبێ ئەوەی زیان و ترس و سوکایەتی بەهیچ مرۆڤێک بکەن .بەڵام لە باشووری کوردستان پاش چەندین ساڵ لەدەسەڵاتی حیزبەکانی (یەکێتی و پارتی) وحیزبەکانی پارێزەری سیستەمە چەوسێنەر و نابەرابەرەکەیان لەژێر سایەی ئەو جۆرە سیستەمەدا بەئاشکرا و بەبێ هیچ ڕێگرێک بانگەشە و ڕیکلام بۆ گەشەدانی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی و دژەئینسانی دەکرێ ،بانگەشە بۆ بیروباوەڕی توندڕەوی و تیرۆریستی دەکرێ ،لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەکانەوە سوکایەتی بەژنان دەکرێ لەلایەن مەلاکانەوەپێیان دەگووترێ ژن داینەسۆرن ،مەلای ئایینی فتوای جۆراوجۆر لەدژی ئاهەنگێڕانی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی خەڵکی کوردستان دەردەکەن ،هەر لەمزگەوتەکانەوە فتوای تیرۆرکردنی مرۆڤە ئازادیخوازەکان و کۆمۆنیستەکان دەدەن ،هەر لە لایەن مەلای مزگەوتەکانەوە فتوای دژەئینسانی لەدژی خاوەن ئایینی ئیزیدی و زەردەشتی و کاکەیی دەدەن،بەئاشکرا ڤیدۆیی ووتارەکانیشیان لە فەیسبوک بڵاو دەکەنەوە،ئەوا ئەم جارەش لەلایەن بانگخوازێکی ئیسلامی بەناوی (دوکتۆر عبدالواحید ) بەئاشکرا بانگەشە و ڕیکلام بۆ بەشودانی کچانی منداڵی نۆ ۹ ساڵە دەکات لەکاتێکدا لەوتەمەنەدا قۆناغی منداڵی تەواونەکردووە ،بەشێکە لەپێشێل کردنی مافەکانی مناڵان و تاوانێکە لەدژی مناڵان پێویستە ئەوجۆرە بانگەشانە قەدەغەبکرێ. “د.عبدالواحد” بانگەواز دەکا بۆ ئاسایی بونی شوکردنی مناڵانی ٩ساڵ و ١١ ساڵ و ١٢ ساڵ لەبەرئەوەی ئەمە لە ناو ئیسلامدا باوبووە لەو سەردەمەدا .
لەسەردەمی ئێستایی گەشەی عەقڵ و زانست و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ودیموکراسی و شارەستانیەت دا دەیەوێ گەشە بەهەمان فکروبیروباوەڕە دژە مرۆڤایەتی یە بدات،کە مافەکانی مناڵان بە ئاشکرا پێشل دەکا وسوکایەتی بە مافەکانی ژنان دەکات و بەپێی پێوەری سەرجەم یاسا و ناوەندەکانی پارێزەران و بەرگری کارانی مافەکانی مناڵان و مافەکانی مرۆڤ ئەم جۆرە تێڕوانین و بۆچوونانە بە تاوان ئەژمار ئەکرێ لەبەرئەوەی سوکایەتی بەمناڵان و ژنان دەکات پەلکێشی مەلکەچبوونیان بەرەو کۆیلایەتی و چەوسانەوە و ئازاردان دەکات. بۆیە پێویستە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازی و پارێزەری مافەکانی مناڵان لەدژی گەشەی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی و دژە مرۆڤایەتی بوەستینەوە لەدژی ئەو بانگەشانەی ئەو مەلایانە بوەستینەوە ، داوایی دادگایی کردن و بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانە بکەین .لەبەرئەوەی
ئەم بانگەشە و هاندان و ڕیکلام کردنە بۆ ڕەواج دانە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر مناڵان بەناوی بیروباوەڕی مەزهەب و دینی ئیسلامەوە ،جێگای نەفرەت و ناڕەزایەتی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و کەرامەت و پارێزەری مافەکانی مناڵانە.
ڕاستێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە بەپێی پلان و بەرنامە ئەم جۆرە مەلایانە لە ووتاری مزگەوت و سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان و کۆڕوکۆبونەوە و کۆنفرانسەکانیان لە بانگەشە کانیاندا سوکایەتی بە ژنان و ئازادیخوازان و مناڵان دەکەن بەم بانگەشانە دەیانەوێ دژ ایەتی نەک تەنها مافی مناڵان بکەن بەڵکو دەیانەوێ دژایەتی سەرجەم ماف و کەلتور و سوونەت و یاسا سیکۆلار و مۆدێرن و مرۆڤ دۆستانە و مناڵ دۆستانە بکەن ڕوبەوویی یاسا و سیستەمە سیکۆلار و شارەستانیەت ببنەوە لە کوردستان .
هەرگیز لە سیستەم و یاسا شارەستانی و سیکۆلار و مەدەنی یەکاندا ڕێگەی نەدراو مناڵان بەشو بدرێن و پڕوپاگەندە بۆ قبوڵکردنی دروستکردنی ئەم دیاردەیە بکرێ. بەڵام ئەو کەسە کۆنەپەرستانە دێن لەلای خەڵکی کوردستان بانگەواز بۆ بەشوودانی کچانی منداڵان دەکەن .
پێویستە خەڵکی ئازادیخواز و بەرگری کار لەمافەکانی مناڵان دەست بەتێکۆشان بکەن لەدژی بڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە بیروباوەڕە کۆنەپەرست و دژە ئینسانی یە ،لەبەرئەوەی لە یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسای باری کەسێتیدا دژی بەشودانی مناڵانی خوار ١٦ ساڵ دیاریکراوە. بەڵام دیارە لای ئەم بانگخوازە مافی مناڵان هیچ پێوەرێکی دانپێدانراو نیە و بەهیچ جۆرێک مافەکانی مناڵانی کچ هیچ ڕیزێکی لێناگیرێ لەبەرئەوەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچی مناڵ بە مافی پیاو دەزانێ . کە لەمڕۆدا ئەم جۆرە نەریت و شەریعەتەی بەشودانی مناڵان دەبێ وەک تاوانی دەورانی بەربەریەتی مێژووی شارستانی سەیریان بکەین.
پاراستنی مافەکانی مناڵان و کچانی خوار ١٦ ساڵ لە هاوسەرگیری ئەرکی دایکان و باوکان و تەواوی مرۆڤەکانی کۆمەڵگای باشووری کوردستان و دەسەڵاتە.
پێویستە بە هەموولایەک مناڵان بپارێزرێن لەهەر جۆرە کارێک کە لەگەڵ تەمەن و توانای بڕیاردان و فشاری دەروونی و سەلامەتیاندا نەگونجێ.
بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بیرو باوەڕەدژە مرۆڤایەتی یە دەبێ وەک بانگەوازکردن بۆ توندوتیژی و تیرۆر و تاوان بۆسەر مناڵان دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێ .ئەم بانگەوازە لەپاڵ یاساکانی فرەژنی و سەپاندنی شەریعەتدا دەیەوێ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە و بەرەو سەدەکانی ناوەڕاست و بەربەرێت بەرێت ، حیزبە کۆنەپەرست و توندڕەوە ئیسلامیەکان زەمینەی کەلتوری و سیاسی یان بۆ چوونە دەسەڵات بۆخۆش بێت تا هەژمونی و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان هەر وەک ئێران بسەپێنن.
هەربۆیە ئەگەر دەتانەوێ باشووری کوردستان وەک ئەفغانسان و ئێران و نەچێتە ژێر سیستەمی دژە مرۆڤایەتی هاشێوەی داعشی ئیسلامی ، کە ئیمام خومەینی ڕابەری ئیسلامی یەکانی ئێران گووتەیەتی کە
(هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵی خوار ۹ نۆ ساڵە جائیزنی یە بەڵام دەتواندرێ لێی بسوویی واتە پێیابێنیت ئارەزووە سیکسی یەکانی خۆتی پێدابمرکێنیتەوە،تەنانەت ئەگەر منداڵی نێو بێشکەش بوو. سەرچاوە ( ئیمام خومەینی لە کتێبی تحریر الوسیلە ) بەشی دووەم لاپەڕە (۲٤۱) ) پێویستە مرۆڤ دۆستان و هەموو دایک و باوکێک و ئازادیخواز و سەرجەم بەرگری کاران و ڕێکخراوێکی پارێزەری مافەکانی مناڵان و مافەکانی مرۆڤ دەکەم کە لە دژی ئەم جۆرە بانگەشە و ڕیکلامە بیروباوەڕی دژە مرۆڤایەتی هاوشێوەی بانگەوازەی (د.عبدالواحد ) کان کە هاوشێوەی ووتەکانی ئیمام خومەینی گۆڕبەگۆڕە بوەستنەوە و داوای سزادانی بکەن لەسەر هاندانی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر مناڵان و کچانی خوار ١٦ ساڵ . پێویسته بە گەشەدان بە تێکۆشانێکی هاوبەشی یەکگرتووانە داوایی دادگایی کردنی ئەم بانگەوازە کۆنەپەرستە و دژە ئینسانی بکرێ و بەئاشکرا بەپێی یاسا سزا بدرێت.

تێ بی نی : لە ژمارە (٤٥) -١٥-٢-٢٠١٩ ڕۆژنامەی بۆ پێشەوە بڵاوکراوەتەوە ئەم بابەتە .

About Secular Kurdistan

Check Also

ڕیکلام بۆ “بەشودان”دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان تاوانە، دەبێ قەدەغەبکرێ!

ڕیکلام بۆ “بەشودان“دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان تاوانە، دەبێ قەدەغەبکرێ!  بانگخوازێکی ئایینی بەناوی “عبدالواحد” پروپاگاندە بۆ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *