خــوێـنـدنەوەیەکـی مـاتـریـالـیـسـتـیـی بۆ درووسـتـبـوونـی چـیـنـایـەتـی لـەنـاو مـەسـیـحـییـەتـدا*

ڕۆزا لـــــــۆکــــســــمــــبــــۆرگ

“پاپاکان وەک گرتنەبەری ڕێوشوێنێک بۆ پارێزگاریی لەو سامانە [لە نزیک دەستی خۆیان]، خۆیان وەک خاوەنی یەکەمی تەواوی موڵک و ماڵەکانی کڵێسا ڕاگەیاند و فەرمانێکیان دەرکرد بۆ بەسەڵتیی مانەوەی (celibacy) پیاوانی ئایینی، واتە رێگەی هاوسەرگیرییان لە پیاوانی ئایینی دەگرت، ئەمەش بۆ ڕێگرتن لە کەمبوونەوە و بەهەدەرچوونی موڵک و ماڵی کڵێسا بەهۆی میراتەوە”

لە سەرەتادا، کاتێک ژمارەی باوەڕداران کەم بوو، پیاوانی ئایینیی (یاخود پاپا) بە مانا کردارەکییەکەی بوونی نەبوو. باوەڕدارانی هەموو شارێک خۆیان کۆدەبوونەوە و جڤاتێکی ئایینییان پێکدەهێنا، هەر جارێک کەسێکیان لەناو خۆیاندا هەڵدەبژارد هەتاوەکو نوێژ و سروتە ئایینییەکانیان بۆ بەڕێوەبەرێت. ئیدی لەوکاتەدا هەموو باوەڕدارێک دەیتوانی ببێتە مەتران یاخود قەشە، جا لەبەرئەوەی ئەم پۆستانە کاتیی بوون و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بوون، هیچ دەسەڵات و هێزێکیان نەبوو جگە لەوەی کڵێسا پێیدەدا و ئەویش خۆبەخشانە بەڕێوەیدەبرد، بەهیچ جۆرێک کرێ و موچەیان لەبەرامبەر ئەو کارەدا وەرنەدەگرت. بەڵام بە ڕادەی زیادبوونی ژمارەی باوەڕداران و زیادبوونی جڤاتەکان و دەوڵەمەندبوونیان، هێندەش بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی جڤاتەکە و گێڕانی مەڕاسیمە ئایینییەکان زیاتر گۆڕان بۆ ئیش و کارێک، کە پێویستی بە کاتێکی زیاتر و خۆبۆتەرخانکردنێکی تەواوەتیی هەبێت. لەبەرئەوەی هەندێک لە برا مەسیحییەکان نەیاندەتوانی شانبەشانی کار و پیشە تایبەتەکەی خۆیان ئەم ئەرکە ئایینییەش بگرنەئەستۆ، ئیدی وردەوردە دەستیانکرد بە هەڵبژاردنی کۆمەڵە ئەندامێکی جڤاتەکە لەپێناو پڕکردنەوە و بەڕێوەبردنی پۆستە ئایینییەکان، بە خۆتەرخانکردنێکی تەواوەتییەوە. بەم شێوەیە ئەو کەسانە بوونە کارمەند و لەبەرامبەر موچەیەکدا کە بەشی بژێوییانی دەکرد، خۆیان تەرخانکرد بۆ کاروبارەکانی کڵێسا و جڤاتەکە. بەم شێوەیە لە چوارچێوەی جڤاتی مەسیحییەکاندا چینێکی نوێ دەرکەوت؛ لەنێو جەماوەری باوەڕداردا چینی کارمەندانی کڵێسا دەرکەوت، واتە پیاوانی ئایینیی. ئیدی لەجێگەی نایەکسانیی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکان، نایەکسانییەکی نوێ دەرکەوت لەنێوان پیاوانی ئایینیی و جەماوەردا. وێڕای ئەوەی لە سەرەتادا لەنێو ڕیزەکانی خۆیاندا باوەڕدارێکیان بۆ ئەو ئیشانە هەڵدەبژارد، کە لە مافەکاندا تەواو یەکسان بوو، ئەرکەکەی تەنها نوێنەرایەتییەکی کاتیی جڤاتەکە بوو لە کایەی کڵێسادا، بەڵام هەرزوو پیاوانی ئایینی بەرزبوونەوە بۆ ئاستێک لەناو جڤاتەکەدا، کە لەسەروو جەماوەرەوە بوو.

چەندێک ژمارەی جڤاتە مەسیحییەکانی ناو سەرجەم شارەکانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆما زیادیدەکرد، هێندەش ئەو مەسیحییانەی لەلایەن حکومەت و بێباوەڕەکانەوە تەنگیان پێهەڵچنرابوو، زیاتر هەستیان بە پێویستیی یەکخستن و ڕێکخستنی ڕیزەکانیان دەکرد لەپێناو گەشەپێدان و پێشخستنی هێزی خۆیاندا. ئیدی جڤاتە پەرتوبڵاوەکان لە سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمادا، دەستیانکرد بە خۆیەکخستنەوە و دروستکردنی یەکێتییەک لە فۆڕمی کڵێسادا. بەڵام ئەم هەنگاوە هەر لە بنەڕەتەوە تەنها تەکەتولێک بوو پیاوانی ئایینیی کۆکردبووەوە، نەوەک جەماوەر. لە سەدەی چوارەمی زاینییدا، پیاوانی ئایینیی ناو جڤاتە پەرتوبلاوەکان، دەستیانکرد بە خۆکۆکردنەوە لە ئەنجومەنی کڵێساکاندا؛ یەکەم ئەنجومەنی کڵێسایی ساڵی ٣٢٥ لە نیقیە [ئێستا دەکەوێتە وڵاتی تورکیاوە، لە ناوچەی ئیزنیک، پارێزگای بۆرسا] دامەزرا. بەمەش ئاوێتەبوونی پیاوانی ئایینیی بەشێوەیەکی بەهێز لەناو بۆتەی چینێکی جیا لە جەماوەر، بە پایان گەیشت. هاوکات مەترانی جڤاتە هەرە بەهێز و دەوڵەمەندەکانیش بوونە کەسانی قسەڕۆیشتوو لەناو پیاوانی ئایینییدا، هەربۆیە مەترانی جڤاتی مەسیحیی شاری ڕۆما لە سەروو هەموو مەسیحییەتەوە، وەک سەرۆکی کڵێسا، بگرە وەک پاپا، جێگیربوو. بەم شێوەیە هیرارشییەتی پیاوانی ئایینی دەرکەوت، کە وردەوردە لە جەماوەر دوورتر و بەرزتر دەبووەوە.

هاوکات پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان جەماوەر و پیاوانی ئایینییش گۆڕانی بەسەردا هات. پێشتر هەر شتێک کە لەلایەن ئەندامە دەوڵەمەندەکانی کڵێساوە دەبەخشرایە جڤاتەکە، دەبووە موڵکی جەماوەری هەژار و دەستکورت، بەڵام لەوە بەدوا بەشی هەرە زۆری [ئەو داهاتە] بۆ کرێ و موچەی پیاوانی ئایینیی و پێداویستییەکانی کڵێسا خەرجدەکرا. کاتێک لە سەرەتای سەدەی چوارەمی زاینییدا، گرتن و ڕاوەدوونانی دژ بە مەسیحییەکان کۆتاییهات و ئایینی مەسیحی بووە ئایینی زاڵی ڕۆما، واتە بووە تاکە ئایینی دانپێدانراو و پشتیوانیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە، ئیدی ئایینداریی و نوێژخوێندن لە کونە ئەشکەوت و ژوورە پەڕپوتەکاندا ئەنجامنەدەدرا، بەڵکو دەستکرا بە دروستکردنی کڵێسای گرانتێچوو، هەر ئەمەش بووە مایەی کەمبوونەوەی زیاتر و زیاتری ئەو داهاتە داراییەی بۆ هەژاران تەرخانکرابوو [هەم بە خەرجکردنی ئەو داهاتە و هەم بەوەی چیتر دەوڵەمەندەکان پارە و سامانیان نەدەبەخشییە جڤاتەکان، بەڵکو دەیانبەخشییە پیاوانی ئایینیی و لە دروستکردنی کڵێسادا خەرجیان دەکرد]. لە سەدەی پێنجەمدا داهاتەکانی کڵێسا کران بە چوار بەشی یەکسانەوە: بەشێک دەچووە گیرفانی ئەسقەفەوە، بەشێکی دیکەش بۆ گیرفانی پیاوانی ئایینیی دیکە، کە پلەیان لەخوار ئەسقەفەوە بوو، بەشێکیش تەرخانکرا بۆ پڕۆسەی دروستکردن و چاککردنەوەی کڵێساکان، تەنها بەشی چوارەم بۆ هاوکاریی هەژاران تەرخاندەکرا [لەکاتێکدا ئەم پڕۆژەیە خۆی لە بنەڕەتدا هەمووی بۆ هەژاران بووە]. بەم شێوەیە پشکی هەموو جەماوەری هەژاری مەسیحیی، یەکسان بوو بەو بڕەی تاکە ئەسقەفێک وەریدەگرت.

بە تێپەڕینی کات ئەو بەشەش کە تەرخانکرابوو بۆ هەژاران بوونی نەما. چەندێک دەوڵەمەندیی و ئەهەمیەتی پیاوانی ئایینی زیادی دەکرد، هێندەش جەماوەری باوەڕداران زیاتر و زیاتر کۆنترۆڵی موڵک و ماڵ و داهاتەکانی کڵێسایان لەدەستدەدا. ئەسقەفەکان وەک منەتێک، بەدڵی خۆیان بڕێک پارەیان بەسەر هەژارەکاندا دابەشدەکرد. جارێکی دیکە جەماوەر گەڕایەوە بۆ وەرگرتنی خێر و سەدەقە لە پیاوانی ئایینیی خۆیەوە.
شتەکە هەر لێرەدا ڕانەوەستا. ئەگەر لە پێشووتردا ئەوەی باوەڕدارەکان دەیانبەخشییە کۆی مەسیحییەکان خۆویستانە بووبێت، ئەوا لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، بەتایبەت دوای ئەوەی مەسیحییەت بووە ئایینی دەوڵەت، پیاوانی ئایینیی دەستیانکرد بە داواکاردنی ئەو بەخششە و وەرگرتنی بە شێوەیەکی زۆرەملێ، [بەڵام ئەم جارە هەر لە دەوڵەمەندەکانیش وەرنەدەگیرا]، بەڵکو لە سەرجەم باوەڕداران وەردەگیرا، بە دەوڵەمەند و هەژارەوە. لە سەدەی شەشەمدا پیاوانی ئایینیی باجێکی تایبەت بە کڵێسایان داهێنا، کە بە “دەیەک Tithe” ناسرابوو (بۆ نموونە لە دە گوڵەگەنم، دانەیەکیان ببەخشرێت، واتە باجی %١٠). ئەم باجە بووە بارێکی تازە بەسەر شانی جەماوەرەوە، کە دواتر و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بووە کارەساتێکی ڕاستەقینە بەسەر جوتیارە هەژارەکانەوە، کە وەک سێرف (کۆیلەی زەوی) بە شێوەیەکی تاقەتپڕوکێن کاریاندەکرد. پاشان دەیەک بەسەر هەموو پارچە زەوییەک و هەموو موڵکێکدا سەپێنرا. پێویستبوو لەسەر سێرفەکانیش بە عارەقی خوێناویی خۆیان شتێک پارە پەیدابکەن و باجی دەیەک بدەنە خاوەن زەوییەکان. ئیدی تەنها کار لەوەدا نەما کە جەماوەری هەژار چیتر هاوکاری و پاڵپشتییەکانی کڵێسای وەرنەدەگرت، بەڵکو لەوەش خراپتر، کڵێسا خۆی بەستەوە بە چەوسێنەران و سەرکوتکەرانی دیکەوە: پادشاکان، خانەدانەکان، خاوەن زەوییەکان، قەرزدەرەکان (moneylender).

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا و کاتێک جەماوەری کارکەر بەهۆی کۆیلایەتیی زەوییەوە (serfdom) زیاتر دەستکورت و هەژارتر دەبوون، پیاوانی ئایینی زیاتر دەوڵەمەندتر دەبوون. ئیدی لەو دەمەدا کڵێسا لەبری داهاتی دەیەک و باجەکانی دیکە، دیاری و بەخشیش و میراتی لە کەسانی دەوڵەمەندی بەدڕەوشتی هەردوو ڕەگەزەکە وەردەگرت، کە دەیانویست لەم ڕێگەیەوە و لە دواساتەکانی تەمەنیاندا ئۆباڵی تاوانەکانیان پاکبکەنەوە. پارە و خانو و سەرتاپای گوندەکان، بە کرێکارانی سێرفیشەوە، دەبوونە قەواڵەی قەرز و کرێی زەوی، هەمووی دەبوونە میرات و دیاریی کڵێسا.

بەم شێوەیە سامانێکی بێشوومار لەنێو چنگی پیاوانی ئایینیدا کۆبووەوە. چیتر پیاوانی ئایینیی ئەو ئەرکەیان بەجێنەدەهێنا کە پێیانسپێردرابوو، ئەویش بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی موڵک و ماڵی جڤاتی باوەڕداران بوو، لانی کەم برا هەژارەکان. لە سەدەی ١٢دا پیاوانی ئایینیی، وەک ئەوەی یاسایەکی ناو کتێبی پیرۆز بخەنەڕوو، بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە سەرجەم سامانی کڵێسا موڵکی [جەماوەری] باوەڕداران نییە، بەڵکو خاوەندارێتیی تایبەت و فەردیی پیاوانی ئایینییە، بەتایبەت سەردارەکەیان، واتە پاپا. بەم شێوەیە پۆستە ئایینییەکان بوونە باشترین ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی داهات و سامانی زەبەلاح؛ هەموو پیاوێکی ئایینیی، وەک ئەوەی موڵکی خۆی بێت، بەوپەڕی دەستکراوەییەوە موڵک و ماڵ و سامانی کڵیسای بەسەر هەموو خزم و کەسوکار و نەوەکانی خۆیدا دەبەخشییەوە.

لەبەرئەوەی بەم هۆیەوە موڵک و ماڵی کڵێسا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە کەمیی کرد و بەشی زۆری لە دەستی خێزانی پیاوە ئایینییەکان و ئەندامانی پایەبەرزی کڵێسادا کۆببووەوە، پاپاکان وەک گرتنەبەری ڕێوشوێنێک بۆ پارێزگاریی لەو سامانە [لە نزیک دەستی خۆیان]، خۆیان وەک خاوەنی یەکەمی تەواوی موڵک و ماڵەکانی کڵێسا ڕاگەیاند و فەرمانێکیان دەرکرد بۆ بەسەڵتیی مانەوەی (celibacy) پیاوانی ئایینی، واتە رێگەی هاوسەرگیرییان لە پیاوانی ئایینی دەگرت، ئەمەش بۆ ڕێگرتن لە کەمبوونەوە و بەهەدەرچوونی موڵک و ماڵی کڵێسا بەهۆی میراتەوە. لەڕاستیدا داهێنانی بەسەڵتیی هێشتنەوەی پیاوانی ئایینیی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١١، بەڵام بەهۆی سەرسەختیی و ملنەدانی قەشەکان [بۆ ئەم بڕیارە]، بە شێوەیەکی گشتی لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٣دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە و کاریپێکرا. بۆئەوەی کڵیسا دەستبەرداری بچوکترین بەشی سامانی خۆی نەبێت، ساڵی (١٢٢٧) پاپا (بۆنیڤاسی هەشتەم) مەرسومێکی دەرکرد، بەپێی مەرسومەکە هیچ پیاوێکی ئایینیی بۆی نییە لە داهاتی خۆیشی خەڵات و دیاری ببەخشێتە هیچ بوونەوەرێکی زیندوو بەبێ ئیزنی پاپا. بەم شێوەیە کڵێسا سامانێکی بێشووماری لەژێر چنگی خۆیدا کۆکردەوە، بەتایبەت موڵک و زەوی. بەم هۆیەوە پیاوانی ئایینیی لە سەرتاسەری وڵاتە مەسیحئایینەکاندا بوونە گەورەترین خاوەنی موڵک و عەقارات. بەگشتی و لە زۆربەی وڵاتەکاندا سێیەکی زەوییەکانیان لەژێر دەستدا بوو، هەندێک جار زیاتریش!

*بەشێک لە چاپتەری چوارەمی کتێبی (سۆسیالیزم و کڵێسا).

About Secular Kurdistan

Check Also

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە عبدالرحمن رسول لە هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودا کە یاسا مەدەنی و سیکۆلار …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *