“دابڕان” هەنگاوێک بۆ پێشەوە ،دوو هەنگاو بۆ دواوە

ئاسۆکمال


کۆنفرانسی دابڕان لە ٢٦/٤/٢٠١٥،کە بەسەرپەرشتی مەلا بەختیار گیرا ،پەیامێکی ڕاگەیاند کە “فشاری فكری خستنەسەر دەسەڵات، بۆ چەسپاندنی سیستەمێكی سیكولار “و “نەهێشتنی هەژمونی ئەو تێكستانەی، بەدرێژایی مێژوو، بەتایبەتی لەسەر دەستی شەرعناس‌و لێكدەرە گۆشەگیرەكانی فەرمودەو تێكستەكان، بەپێی ئایدیۆلۆژیەتی مەزهەب‌و شەریعەت‌و دەسەڵاتە سیاسی‌و كۆمەڵایەتیەكان، سەپێنراوون.” ،بە “دابڕان” لە قۆناغەكانی لەمەوبەر، بە لۆژیكی رەخنەی ئەقڵانی؛ ئەقڵی ئازادو ئازادیی بیروڕا؛ بەرامبەر ئیسلامی نەریتگەرا”.
ئەم پەیامە وادەردەخا کە ئەم ڕێکخراوە کاردەکا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئیسلام و دەسەڵاتی شەریعەتی ئیسلامی ،هەربۆیە هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە لەچاو چارەکە سەدەیەکی دەسەڵاتدارێتی یەکێتی و پارتی کە دینی ئیسلام لە بڕگەکانی دەسەڵاتی تەنفیزی و یاسایی و پەروەردەیی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە هەرێمی کوردستاندا ڕەگی داکوتاوە.
بەڵام دوای تەنیا پێنج ڕۆژ لەم پەیامە مەلا بەختیار لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ “یەکێتی زانایانی کوردستان” ڕایگەیاند ” لەلای ئێمە، خودا، قورئان، پێغەمبەر‌و فەرمودەكانی، هێڵی سورن” ،وە ووتی “لەكۆنفرانسەكەشدا رێگەمان نەداوەو قبوڵمان نەبووە، هیچ كەسێك توخنی ئەو هێڵە سورانە بكەوێت سەبارەت بەخواو پێغەمبەر‌و قورئان.”
ئەم پاشەکشە خێرایە لە گێڕانەوەی دەسەڵاتی ئیسلام و کردنی بە خەتی سووری هەر ڕەخنەگرتنێک و ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەوڵێک بۆ لابردنی شەریعەتی ئیسلامی لە یاساکانی باری کەسی و سزاداندا ،دوو هەنگاو گەڕانەوە بوو بۆ دواوە.
تایبەتمەندیەکی کوردستان ئەوەیە کە شەڕی دژی داعش زەمینەی ڕادیکال بونەوەی خواستی بەرەنگاربونەوەی ئیسلامی سیاسی هێناوەتە ئاراوە . ئەم واقعیەتە ئیمکانی گرتنی “کۆنفرانسی دابڕان” و هاتنەئارای پڕۆژەی سێکولاریستی فەراهەم کردوە.هەربۆیە جارێکی تر دانانەوەی خەتی سوربۆ بەرنامەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی ،کە قورئان و حەدیس و شەریعەتە ،خۆی دابڕانە لەم ناڕەزایەتیەی بەرەی ئازادیخواز و سێکولاری خەڵک کە لە کۆبانی پشتی خەلافەتەکەی شکاندوە و لە جزیرە خەتە سورەکانی شەریعەتی ئیسلامی لە یاساکاندا سڕیوەتەوە و لە سلێمانیش ڕوبەڕوی وەزارەتی ئەوقاف و مەلا و دکتۆر عبدالواحیدەکانی داعش دەبێتەوە. “دابڕان” بەم بان و دووهەوایە ناکرێ. یان دەبێ لە ئیسلام و شەریعەتەکەی داببڕێت و یاسا و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و پەروەردەی لێ داببڕیت یان دەبێ لە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئیسلام و شەریعەت و تاوانی داعش و ئیسلامیەکان داببڕێت و گوێ لە “یەکێتی زانایانی کوردستان” بگریت و پێشبڕكێ لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی ئیسلام بوون بکەی و ڕێگە بە مانەوەی فرەژنی و پیاوسالاری و خوتبەی سوکایەتیپێکردن بدەیت.
پڕۆژەی “دابڕان “بەم گۆڕینی هەڵوێستە لە داوای سێکۆلاریزمەوە بەرەو سوێندخواردن بە خەتی سوری قورئان لەگەڵ لەدایک بوونیدا توشی ئیفلیجی کرا . پڕۆژەی “دابڕان” بەم خەتە سوورانەوە، نەزمانی ڕەخنەگرتنی لەبەرنامەی ئیسلام هەیە و نەدەستی کاردەکا بۆ گۆڕینی هیچ کام لەو شەریعەت و سونەتانەی ئیسلام . ئەگەر بانگەوازی “دابڕان” لە هەژمونی دەق و ڕەخنە لە ئیسلامی نەریتگەرا هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە ،ئەوا دانانی خەتی سور بۆ ڕەخنە لەقورئان و حەدیسی ئیسلام دوو هەنگاوە بۆ دواوە .
بۆ ئەوانەی کە لە ناو ئەم پڕۆژەیەدان وەک باشترین نمونە ووتەکەی سەروەر پێنجوینی دەهێنمەوە کە دەتوانێ ببێتە بنەمای هەڵوێستگرتنی هەر سێکولاریستێکی ڕاستەقینە کە خۆ ی جیا دەکاتەوە لە ئیدعای عەلمانی بوونی دەسەڵاتێک کە لە راستیدا خۆی پابەندە بە ئیسلامەوە. سەروەر دەڵێ: خوا‌ و پێغەمبەر و قورئان، بۆ من “هێڵی سور” نین. بەڵکو تەنها بابەت و کێڵگەی لێکۆڵینەوەن.ئەمە ڕێبازی چەسپاوی منە، بەنهێنی و بەئاشکرا. نە پاشەکشەی لێ دەکەم و نە بە تاوانی دەزانم هەتا پاساو و “عوزر” ی بۆ بهێنمەوە و “ڕون‌کردنەوە” ی بۆ بدەم ..”.
پرسیارێک کە دەبێ هەربەشداربویەکی ئەو کۆنفرانسە و ئەو پڕۆژەیە لە مەلابەختیاری بکات ئەوەیە کە چۆن بە خستنەدەرەوەی “قورئان ” وەک بنەمای شەریعەت و ئیسلام لەبازنەی ڕەخنەگرتنی ئەقڵانی دەتوانین لە هەژمونی دەقە سەپێنراوەکان ڕزگارمان بێت ؟ ئایا قورئان و ئەو دەقانە چ جیاوازیەکیان هەیە،کەوا دەکات قورئان خەتی سوور بێت و ئەو دەقانە خەتی سەوز بن؟ ئەمە چ جۆرە سیحرێکە کە کە بەرپەرچی توندڕەوایەتی سەلەفی دەبیتەوە بەبێ ئەوەی توخنی ڕەخنە لە دەقە سەلەفیەکانی شەریعەت و سونەتەکانی ئیسلام بکەویت؟ ئایا دژایەتی کۆنەپەرستی و باوکسالاری بەبێ هەڵوەشانەوەی یاسای چوارژنە و لێدانی ژنان و مناڵان و بەخەتی سوور دانانی ئەم یاسا شەرعیانە چۆن دەکرێ؟
ئاشکرایە وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای بەرپرسی “دابڕان” بە پیرۆزڕاگرتنی ئەو خەتە سورانەیە ، ئەمە لە کاتێکدا کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران لەم کۆنفرانسەدا بڕیاربوو بۆ ئەوە بێت کە ئەو خەتە سورانەی دین و دەقەکانی ببێتە مادەی ڕەخنە.
سەرچاوەی ئەم پاشەکشە و پەشیمان بونەوەیەی مەلابەختیار لەپەیامەکەی کۆنفرانسی “دابڕان” پێگە و بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە ناچاری دەکا بەپێچەوانەی پەیامەکەی کۆنفرانسەکەیەوە بڵێ ” دەبێ هەڵەكانی سەدەی رابوردوو دووبارەكەینەوە. لەم سەردەمەی جیهانگیری‌و ماس میدیاشدا، ئەبێ، تەنهاوتەنها چاوەڕوانی حیزبە سیاسی‌و حكومەتەكان بین، بەڵكو ئەمە خوایە! هەڵەكانیان راستبكەنەوە”. ئەمە تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەو ڕوناکبیرانەی کە خەونی بوونە پاڵەوانی ڕۆشنگەری هاوچەرخ دەبینن لەڕێگەی بەکارهێنانی پشتیوانی مادی و مرۆیی ومەعنەوی دەسەڵاتێکەوە کە لە چارەکە سەدەیەکی فەرمانڕەوایەتیدا ئیسلامی کردۆتە بنەمای یاسادانان و پەروەردە ، وە کۆنەپەرستی سەلەفی دژ بە ڕوخساری مەدەنیەت و ماف و ئازادیە مەدەنی و ئینسانیەکان بەکارهێناوە . مەلا بەختیار خۆی ئەم ڕاستیە دانپیادەنێ کە دەڵێ “زهنیەت‌و هزری زۆرینە، بە سیاسەتی خۆپارێزی حكومەتەكان‌و خاوەخاوی حیزبەكان، گۆڕانكاری ریشەیی لە پەروەردەی خوێندنگاو خوێندنی باڵاو ژیانی كۆمەڵایەتی‌و روناكبیریدا، بەسەر زهنیەت‌و هزرو ئەندێشەی دەرونیدا نایەت و بیری فۆندەمینتالیستی خەوتوو، بوركان ئاسا، لە ئان‌و كاتی خۆیا، هەر دەتەقێتەوە. ” هەربۆیە کاتێک هێرو برایم ئەحمەد دەڵێ “یەکێتی داوای لێبوردن دەکا” لەیەکێتی زانایانی ئیسلامی ئیتر لای بەرپرسی”دابڕان” هێزی ئەو ” روناكبیرو نوسەر‌و ناوەندەكانی چالاكی هزرو مەدەنیەت کە ئەركە مێژووییەی رۆشنگەری هاوچەرخ بەتایبەتی ” لە ئەستۆ بوو، دەبێتە هێزی پارێزەری خەتە سورەکانی قورئان و حەدیسەکان و داوای لیبوردن لە گەیاندنی پەیامی مێژوویی ڕۆشنگەری دەکەن.
یەکسەر گەڕانەوە دواوەی ” دابڕان” لە پەیامی سێکولاریست بوونی خۆیان و دانانی خەتی سوری قورئان و شەریعەتی ئیسلام نیشانی دەدا کە ناتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژەی سێکولاریزم ، هەر ئومێدێکی بە پەیامەکەیان بۆ سیکۆلاریزم کاڵ کردەوە ، بۆیە پرۆژەی “دابڕان” دەبێ پەیامە گشتیەکانی بکاتە پڕۆژەیەکی کۆنکرێت تابزانرێ دەیەوێ چی بگۆڕێ؟ کام یاسا و دامودەزگایەک دەوێ هەڵوەشێنێتەوە و کاربۆ چەسپاندنی چ یاسا و پڕۆژەی خوێندن و پەروەردە دەکا؟ دەستی دین لە سەر مافە مەدەنیەکان چۆن لادەبا و مافەکانی مرۆڤ چۆن دەخاتە جێگای شەریعەتی ئیسلامی لە دەستوری پێشنیارکراو و یاساکانی باری کەسی و سزاداندا؟
بێگومان”دابڕان” یش دەتوانێ وەک بەشێک لە بزوتنەوەی سێکۆلاریستی لە کوردستان هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێ بەمەرجێ خەتە سورەکان لە دەست و سەری خۆی بکاتەوە وڕایگەیەنێ کە جیاکردنەوەی دینی دەوێ لە یاساکان و دەستور وسیستەمی پەروەردە. ئەمڕۆ سێکولاریزم پێویستی بەوەیە کە وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری و سیاسی خۆی ڕیک بخا و فشاری لەسەر دەسەلات و دەستور و سیستەم دابنێ بۆ دورخستنەوەی ئیسلام لەم پایانەی دەسەڵات و پاشەکشە پی کردنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان.
ماوەتەوە بڵێم کە ئێمە وەک کۆمەڵێک سێکولاریست ماوەی چەند مانگێکە خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەی دامەزراندنی ” “ناوەندی سێکولاری کوردستان” ین، وە ئێمە لەبەرنامەی خۆماندا ئەم خاڵانە بە پێوەری هەر پڕۆژەیەکی سێکولاریستی دەزانین کە بنەما و پەیماننامەی ناوەندە سێکولاریستە جیهانیەکان پێک دێنن، کە بریتین لە:
• جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت‌و چەسپاندنی لە دەستوردا .
• یەکسانیی مرۆڤەکان لەبەرامبەر یاسادا بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، مەزهەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوەو ڕەگەز.
• یەکسانیی نێرو مێ لە هەموو بوارەکانی یاسایی، ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیی.
• ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ویژدان، ئازادی ڕەخنەگرتن‌و توێژینەوەو داهێنان‌و نوێخوازی.
• دانانی یاساکانی باری کەسیی‌و یاساکانی سزادان لەسەر بنەماو پرینسیپە سێکولارەکان‌‌و دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی هەر ئاینێک.
• سیستەمی خوێندن‌و پەروەردە دووربخرێنەوە لە بەرنامەی ئاینییەکان‌و دەزگا ئاینییەکان.
• حکومەت‌و دەزگا دەوڵەتییەکان هیچ پشتیوانییەکی ماددیی دامەزراوە ئاینییەکان نەکەن.
• قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی‌و تەکفیر لەڕێگەی بەکارهێنانی هەر دامودەزگایەک بێت بە دامودەزگا ئاینیی‌و شوێنە ئاینیەکانەوەش.

پێمان وایە بە کارکردن بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵە مەلموس و کۆنکریتانە دەتوانین سێکولاریزمی ڕاستەقینە بە خەڵک بناسێنین وسێکولاریزم لە کوردستان چیتر وەک ئیدعایەکی بێ ناوەرۆکی دەسەڵات نەمێنێتەوە .پێویستە هەموو کەس بزانێ کە سیستەمی سێکولار وسێکولاریزم زەوی تا ئاسمان جیاوازە لە سیستەمی یەکێتی و پارتی کە میلیشیایی-عەشیرەتی پشت بەستو بە کۆنەپەرستی دینی یە. هاوکات ئەمە پێوەرێکە بۆ هەر ناوەندێکی تری وەک “دابڕان” تا بزانین ئەوەی ئایا بەڕاستی سێکولاریستە یان نا؟

ئەمڕۆ دەبێ زۆر ڕاشکاوانە و ئازایانە ئەم بەدیلە سێکولاریستیە بەرامبەر بە دەسەڵات و “یەکێتی زانایانی کوردستان” و حزبە ئیسلامیەکان بەرزکەینەوە و ڕایگەیەنین کە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و دورخستنەوەی کۆمەڵگە لە خەتەری تەسلیم بون بە دەوڵەتی ئیسلامی و تێکشکانی پایەکانی هێزپەیداکردنی بەدیلی ئیسلامی لە کوردستان لەڕێگای سکۆلاریزەکردنی دەسەڵات و دەزگاکانی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەوەیە. کۆبانی و جزیرە نیشانەکانی ئەم پۆتانسێل و هێزە لە کوردستان و ناوچەکەدا نیشان دەدا کە کاتێک جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و سکۆلار لە کۆنەپەرستی ئیسلامی ڕادەپەڕن نەک هەر لە ڕوی سەربازیەوە ئەم بەدیلە ئیسلامیە دەتوانن بشکێنن بەڵکو گۆڕانکاری لە بەها و بیروباوەڕەکانی خۆشیاندا دروست دەکەن و یاسای فرەژنی و کوشتنی نائیسلامیەکان لەگەڵ داعش و داعشیەکاندا لە پەرلەمان و کۆڵان و بازاڕوخوێندنگە و شوێنەگشتیەکاندا وەک ڕەمزی کۆیلایەتی و بەربەریەت فڕێدەدەن و یاسای مافە جیهانیەکانی ئازادی و یەکسانی مرۆڤ دەکەنە ڕێنمایی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتیان. ئەم پرسیارە مێژووییە دەبێ نەوەی ئەمڕۆ وەڵامی بداتەوە یا سکۆلاریزم و ئینسانیەت یا بەدیلی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و بەربەریەت.

‏2015‏/04‏/04

About Secular Kurdistan

Check Also

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە عبدالرحمن رسول لە هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودا کە یاسا مەدەنی و سیکۆلار …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *