نه‌فه‌قه‌ی ژن یاكو حه‌قدەستی له‌گه‌ڵا خه‌وتن !

عه‌لی ئاشناگه‌ر


سه‌بارەت به بێ‌دادی و هه‌ڵاواردن دەرحه‌ق به ژن تاكو ئێستا زۆر شت نوسراوە ، به‌تایبه‌ت له سه‌ر ڕوانگه‌ئایینیه‌كان. له‌وانه‌یه هه‌رچی بكوترێ دوپات كردنه‌وە بێت ! به‌ڵام زۆر جار دوبارە كردنه‌وە و وەبیرهێنانه‌وە و پێ‌داگرتن له‌سه‌ر ویستێك له‌وانه‌یه كارگه‌ری خۆی هه‌بێت .
گرینگترین شت كه دەبێ بكوترێ ئه‌وەیه كه كۆمه‌ڵگا به‌گشتی ناتوانێ ئازاد و سه‌ر‌به‌ست بێ ئه‌گه‌ر مافی ئازاد و یه‌كسان بۆ هه‌موان دابین نه‌كرابێ ! یانی پییاوانیش بۆ‌ئه‌وەی به ئازادی بگه‌ن له‌سه‌ریانه و دەبێت بۆ دابین كردنی مافی ژن هه‌وڵ بدەن !
من وتارێكم سه‌بارەت به نه‌فه‌قه‌ی ژن(دابین كردنی خۆراك و پێداویستیه‌كانی ژن ) له ڕۆژنامه‌ی ئێران ژومارە 3063 دا له نوسینی فه‌ڕوخزادی جیهانی خۆێندەوە كه به بڕوای من ئه‌و نوسراوە نه‌ك هه‌ر سوكایه‌تی به ژنه بگره سوكایه‌تی به هه‌مو مروڤایه‌تیشه !
له‌م وتارەدا فه‌ڕوخزاد پێی وایه كه دەبێ ژنان سه‌بارەت به مافی خۆیان بۆ وەرگرتنی نه‌فه‌قه ئاگادار بكاته‌وه نه‌كا ئه‌وان ئه‌و مافه‌یان بفه‌وتێ !
به‌ڵام به‌بڕوای من نه‌فه‌قه وەرگرتنی ژن له پییاو به پێی ئایینی ئیسلام نرخی له‌شی ژنه كه له‌باتی له‌گه‌ڵا خه‌وتنی دەیدرێتێ ! وەئه‌مه خۆفرێشیه‌كی ڕاسته‌وخۆیه !
به‌پێی ئه‌م یاسایانه ژن ئه‌ندامی بنه‌ماڵه نیه ! به‌ڵكه به‌كرێ‌گیراوێكه كه پێداویستیه جنسیه‌كان و ئه‌ركو كاری ماڵ و هه‌روەها دروست كردن منداڵ بۆ پیاو دابین دەكات !
فه‌ڕوخزادله‌و وتارەدا دەنوسێت: له ئایینی ئێسلام و یاسای ئێراندا پیاو به‌رپرسی دابین كردنی نه‌فه‌قه و مه‌خارجی بنه‌ماڵه‌یه !
هه‌روه‌ها دەنوسێ: خه‌رجی دەواو دەرمانی ژنیش له سه‌ر نه‌فه‌قه دەژمێردرێ!
دیسانه‌كه دەنوسێ: هه‌روەك كوتمان له یاسای ئیسلامدا دابین كردنی نه‌فه‌قه‌ی ژن له‌سه‌ر پیاوە هه‌رچه‌ند ژنه‌كه د‌ەوڵه‌مه‌ندیش بێت! پێویست ناكا بۆ پێداویستیه‌كانی ژییانی له سه‌رمایه‌ی خۆی هه‌ڵگرێ !
فه‌رز بونی دابین كردنی نه‌فه‌قه‌ی ژن به پێی ئایات و حه‌دیسه‌كانه و حاشا هه‌ڵنه‌گر !
هه‌روەها له‌درێژه‌دا دەڵێت : له ڕوانگه‌ی ئیمام خومه‌ینیه‌وە ئه‌و ئه‌ندازە له نه‌فه‌قه كه به ژن دەگا ژن به شه‌رتی ته‌مكینی ته‌واو دەبێته خاوەنی ( ته‌مكین به مانای ئه‌وەیه كه ژن به ته‌واوی ته‌سلیمی ویسه‌كانی پیاو بێت !) هه‌روەها دەنوسێ : مافی نه‌فه‌قه‌ی ‌ته‌واو بۆ ژن بێ ئه‌گه‌ر نیه ، كاتێك ژن مافی وەرگرتنی نه‌فه‌قه‌ی هه‌یه كه به‌ته‌واوی ته‌مكین بكا !وه ئه‌مه له قانون و یاسای ئیسلامێشدا هاتوه !
ئایا ئه‌مه سوكایه‌تی به ژن نه‌بێ چی‌ترە ؟
ژنیك كه خاوەنی هیچ دەسته‌ڵاتێكی ئابوری نیه له بنه‌ماڵه‌دا بگرە خوردو خۆراكیشی به مه‌رجی ته‌سلیم بونیه‌تی له به‌رامبه‌ر ویسته‌كانی پیاودا ،خۆشه‌ویستی و ئه‌وین مانایه‌كی دەبێ ؟ له كۆمه‌ڵگایه‌كدا وەها یاسایه‌ك به‌ڕێوه بچێ ئایا ئازادی دەكرێ به‌دی بكرێ ؟
مادەی 1112ی قانونی مه‌دەنی ئێران سه‌لمێنه‌ری هه‌رئه‌و شته‌یه و دەڵێ : له عه‌قدی دایمیشدا كاتێك ژن مافی نه‌فه‌قه‌ی دەبێت كه ته‌مكینی هه‌بێت !وە له ڕوانگه‌ی پیاوانی ئاینیه‌وه مه‌راجعی ته‌قلیدەوە ته‌مكین ئه‌وەیه كه به‌تاڵی كات ! (یانی ئازادی كات ) نێوان خۆی و مێردەكه‌ی له هه‌ركۆ و له هه‌ر حاڵ خۆی به دەسته‌وەدات مه‌گه‌ر له‌و موردانه‌دا كه قانون و شه‌رع ئه‌وی مه‌عزور كردوه !
خاڵی به‌رامبه‌ری ته‌مكین ‌نشوزە . ژنێك كه ته‌مكین نه‌كات ناشزەیه !وە ئه‌ویش به‌مانای ئه‌وەیه كه مافی مێردەكه‌ی به‌جێ نه‌گه‌یاندوە ! وە له به‌رامبه‌ر ناشزەدا مه‌تعیه‌یه ئه‌ویش به مانای فه‌رمانبه‌ر به‌كار دەبردرێ !
له‌ڕوانگه‌ی خومه‌ینیه‌وە نشوز دەرچونی ژن له فه‌رمانی شوەكه‌ی‌دایه ژن بۆی نیه بێ ئیزنی مێردەكه‌ی له ماڵێش بچێته دەر !
مادەی 1108ی قانونی مه‌دەنی ئێران دەڵێ : هه‌ركاتێك ژن به بێ دەلیل ئه‌ركی ژنێتی به‌جێ نه‌هێنێ مافی وەرگرتنی نه‌فه‌قه‌ی نیه !
ئایا ئه‌مه خۆفرۆشی نه‌بێت چی‌ترە ؟ ژنانی له‌ش فرۆش ئازادی هه‌ڵبژاردنی مشته‌ریه‌كانی خۆیانیان لانی‌كه‌م هه‌یه ! به‌ڵام له‌یاسای ئایینی‌دا ژن بی‌هه‌وێ و نه‌ی هه‌وێ هه‌ر مه‌جبورە له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی كه بۆیان هه‌ڵبژاردوە یاكو به هه‌ڵكه‌وت بۆته خاوەنی ئه‌و بژیت . ئه‌وه زۆرتر پیاوە كه بڕیار ده‌دات كه درێژه به ژییانی هاوبه‌ش بدات یا نا !
به پێی یاسای ئیسلام له كاتی جیا بونه‌وەدا له ماوەی عیدەدا (ئه‌وكاته‌ی دیاری كراوە كه دەركه‌وێت بۆ ئه‌وەی بزانن ژنه‌كه حامیله‌یه یا نا ) ئه‌گه‌ر جیا بونه‌وە له حاڵه‌تی نشوزدا ڕو بدات (یانی ژنه‌كه بێ‌ئه‌مری شوەكه‌ی كردبێت ) ژن مافی وەرگرتنی نه‌فه‌قه‌ی نیه !
هه‌ر وەها ژنێكیش شوەكه‌ی مردبێت له كاتی عیدەدا مافی وەرگرتنی نه‌فه‌قه‌ی نیه ! (تحریرالوسیله جلدی 3)
هه‌روەها فه‌ڕوخزاد دەنوسێ: ژن كاتێك مافی وەرگرتنی نه‌فه‌قه‌ی دەبێت كه پیاوەكه‌ی توانایی ماڵی هه‌بێت ! و ژنه‌كه‌ش ته‌مكین بكات !(خۆ به‌دەسته‌وەبدات !)
هه‌روەها ژن بۆی هه‌یه كه ئه‌ركی ژنێتی به جێ نه هێنێ ئه‌گه‌ر مارەییه‌كه‌ی وەرنه‌گرتبێت ! (واته نرخی له‌شی وەرنه‌گرێ !)
هه‌روەها له‌و نوسراوەیه‌دا هاتوە: ژن ناتوانێ داوای نه‌فه‌قه‌ی داهاتوی خۆی بكات ! له به‌ر ئه‌وەی دیارنیه كه له داهاتودا دەتوانێ ئه‌ركی ژنایه‌تیه‌كه‌ی به‌رێوە دەبات یا نا ؟
ئه‌و یاسایانه ئهوە دەسه‌لمێنن كه له ڕوانگه‌ی ئایینه‌وە ژن ته‌نیا ئامرازێكی دابین كردنی خۆشیه بۆ پیاو نه‌ك هاوسه‌ر و هاو به‌شی ژییان !
ئه‌وین و خۆشه‌ویستی كه بنه‌مای ژیانه له وەها كه‌ش و هه‌وایه‌كدا مانای خۆی له دەست دەدات !
له‌چكه له‌سه‌ر كردن و داپۆشینی ژنیش بۆ ئه‌وەیه كه كه‌سی غه‌یرە نه‌توانێ چاوی به مڵك و دارایی پیاو بكه‌وێ و به نه‌كا جۆرێك هه‌ڵی بخه‌ڵه‌تێنێ و بی‌با بۆ خۆی !

About Secular Kurdistan

Check Also

ناوەندی سیکۆلاری کورد لە دانمارک بەهاوکاری سەنتەری کلارا سیمینارێکی ئەنجامدا

لەدنیای ئەمڕۆدا، سۆشیال میدیاو میدیای ئەلیکترۆنی ئەو ئاپ وپەیجە مەترسیدارانەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کارلێکی خراپی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *