ڕێبین هەردی لە جزمەی (کانت)وە شۆڕش حەشر دەکا!

هیوا عەلی:

”ئایا شۆڕش و شۆڕشگێڕان مایەپووچن یان تەماشاکەران؟ ئایا هەموو خۆپیشاندانێک ڕاپەڕینە؟ ئایا هەموو ڕاپەڕینێک شۆڕشە؟ ئایا هەموو شۆڕشێک کاولکارو مایەپووچە؟”

ڕێبین هەردی لە میانی وتارێکی ئەم دواییەی بەناوی (دەربارەی شۆڕش) کە لەماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵایکردۆتەوە، هێرشێکی هەڕەمەکیانە دەکاتە سەر کردەی شۆڕش، تاپێی دەکرێ شۆڕشگێران سووک دەکاو تاشل دەبێ بێنرخیان دەکا، تا دەگاتە ئەو ئاستە ناڕەوایەی کە شۆڕش بێباکانە لە جزمەکانی ”کانت”وە حەشردەکا! ڕیبین هەردی ئەوەندە هەڵەپاچانەو هەڕەمەکیانە دەڕوانێتە کردەی شۆڕش و کاری شۆڕشگێڕان، بەشێوەیەک کە هیچ لۆژیکێک توانای خاڵی کردنەوەی ئەم جۆرە میزڵدانانەی نەبێ!

کارەسات لەوەدانیە کە ڕێبین هەردی خۆی خوێندنەوەیەکی ئەوتۆی بۆ کردەی شۆڕش پێ نیەو توانای جیاکردنەوەی ڕاپەڕین و شۆڕشی نیە، بەڵکو کارەسات لەوەدایە کە بێباکانە خۆی دەخاتە قوڕێکی خەستەوەو بۆە ئەوەش دەچێتە جزمەی فەیلەسوفێکی سێ سەدە لەمەوبەرەوە، لەوێوە کردەی شۆڕش لە دادگایەکی هەڕەمەکیانە دادگایی دەکا! ڕێبین هەردی ئەوەندە نائومێدکەرو کاڵفمامانە کردەی شۆڕش هەڵذەسەنگێنێت، هەروەکو ئەوەی شۆڕش دێوەزمەیەک بێت و شۆڕشگێرەکانیشی ئاژاوەگێڕبن و پەلاماری هەرشوێنک بدەن، کاولی بکەن(!!!)! لای رێبین هەردی کردەی شۆڕش جگە لە شانۆگەریەکی مایەپووچ و ورگدڕاو، هیچتر نیەو شۆڕشگێڕانیش جگە لە چەند شانۆکارێکی هەڵتڕاو پەشیمانبوو، هیچیتر نین! بەئەندازەیەک شۆڕش و شۆڕگێڕان ناشیرین و بێنرخ دەکا کە هیچ کەسێک نەتوانێ بیر لە هەڵگیرساندنی شۆڕش و دەرئەنجامەکانی دوای شۆڕش بکاتەوە، هەر بۆیە شۆڕش هەر بەدیوەی خراپ بەکارهێنراوەکەی لەقەپان دەداو لەدۆزەخی سەرگەردانیەوە دەپێچێ؟!

لەپەرەگرافی هەرە سەرەوەی وتارەکەدا، ڕێبین هەردی پێداگیری ئەوە دەکا: ”شۆڕش داینەمۆی پێشکەوتن نیە(!!!). ئەو هێزە نیە کە مێژووی کۆەمەڵگایەک لە شۆین و زەمەنێکەوە دەبا بۆ شوێن و زەمەنێکی تر(!!!). کردارێک نیە بۆ ئەوە هاتبێ کۆمەڵگا بەرەو پەرەسەندن و گەشەکردن ببات(!!!)”. لە خوێندنەوەی ئەم پەرەگرافەدا هەست دەکرێ کە ڕێبین هەردی لە دۆخێکی بێ ئاگایانەدا کردەی شۆڕش سەروبن دەکا(…)! ئەگەر نا هەرکەسێ خۆی نەخەڵەتێنێ، ئەوا ئەو ڕاستیە دەبینێ کە ڕێبین هەردی چەند نابینایانە شۆڕش حەشردەکاو چەند کاڵفمامانە شۆڕش دەخوێنێتەوە(…)! چونکە هەر زۆر بەسادەیی ئەگەر شۆڕش داینەمۆی پێشکەوتن نیە، ئەی ئەو هەموو پێشکەوتنە بەرچاوەی دونیای ئەمڕۆی ئەوروپا چیەو لە کوێوەهات؟ چی ئەوروپای کرد بەو ئەوروپایەی کە ئێستا هەموو دونیا چاوی تێ بڕیوە(…)؟ ئەرێ ئەو هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە یەک بەدوای یەکانەی دوای سەدەکانی ناوەڕاست خۆی لەخۆیدا گۆڕان نیە لە کردەی شۆڕشەوە(…)؟ ئەرێ ئەو هەموو هونەرەجوانەی ئەمڕۆی ئەوروپا لافی ڕەواو شایستانەی پێوەلێدەدا، خۆی لە خۆیدا لە هەناوی کردەی شۆڕشەوە سەرچاوەی نەگرتووە(جا هەر جۆرە شۆڕشێک بێ!)؟ ئەرێ هەر شۆڕش نەبووە داینەمۆی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەوروپاو بگرە زۆر وڵاتی تری جیهانیش؟ ئەرێ هەر گۆڕانکاریەکانی دەرهاویشتەی هەناوی کردەی شۆڕش نەبوو کە ئەوروپای لە قۆناغێکی دەسەڵاتداری چەوسێنەرو دواکەوتووی ”دەرەبەگ و ئاغاو ‌قەشەگەراییەوە” گواستەوە بۆ قۆناغی کۆمەڵی مەدەنی و دەوڵەتی یاساو هونەرو هاوڵاتیبوون؟ ئەرێ ئەگەر هێزو بازووی شۆڕشی ڕێنسانس و شۆڕشی فەرنسی نەبووایە ئێستا دۆخی ئەوروپا چۆن دەبوو و سەری بەچی دەگەیشت(…)؟ یان چ هێزێکی تر دەیتوانی کە زەمەن و میژووی ئەوروپا لە سەدە تاریکەکان و سەدەکانی ناوەراست و ملپەڕاندنەوە  بگوازێتەوە بۆ شوێن و زەمەنێکی تر، کە بیرو هونەری مرۆڤەکان بگەنە ئەوئاستەی کەوا سەگەکان لەگەڵ خۆیاندا بخەوێنن(!!!)؟

 ئەرێ ئەگەر شۆڕش کرادرێک نیە بۆئەوە هاتبی کە زەمەنێک بگۆرێ بە زمەنێکی تر و مرڤێک بگۆڕێ بە مرۆڤێکی تر(جا بەچاک یان بەخراپ) یان کۆمەڵ بەرەو پەرەسەندن و گەشەسەندن بەرێ، ئەی چیە شۆڕش(هەر کاولچی و مایەپووچە! هەر ملهوڕو ستەمکار بەرەهەم دەهێنتەوە!)؟ یان ڕێبین هەردی شۆڕش تەنها بە ڕەنگی چەک و فیشەکەوە دەناسێتەوە؟ بالەوەش گەڕێین، ئەی شۆڕشی پیشەسازی سەدەی هەژدەی بەریتانیا چی بوو؛ کە چینی کرێکاران کەوتنە ناڕەزایی لەسەر بارودۆخی کارەکانیان و کارگەی زۆروزەوەند دامەزران و هێڵی شەمەندفەر هاتەکایەوەو ئەمەش تەکانێکی هەرەگەورەی بەپەرەسەندن و گەشەی ئابوری بەڕیتانیاو دواتر ئەوروپاو جیهاینشدا بەجۆرێک لە جۆرەکان؟ ئایا شۆڕش ئەوەندە کەرەستەیەکی وێرانەکەرە تاکو بەم زمانە ووشک و برینگە خوێندنەوەی بۆ بکرێ و تا ئەوپەڕی نائومێدی سەرگەردان بکرێ، کە تاکی کورد ئیفلیج بکات و بەهیچ شێوەیەک نەتوانێ بیرلە کردەی شۆڕش بکاتەوە بۆ دەربازبوون لە دەسەڵاتی ملهوڕو چەپەڵەکان(!!!)؟! بەم خوێندنەوە بێباکانەو بەم هێما کرچ وکاڵانە، ڕێبین هەردی دەیەوێ کردەی شۆڕش بکا بەشتێکی پووچگەراو مرۆڤ ئەوەندە بەساردیەوە خوێندنەوە یان دەست بۆ شۆڕش ببا یاخود ئەگەر دەستیشی بۆ برد، ئەوە نە کردەی شۆڕش و نە شۆڕشگێران نین کە گۆڕان و ئاڵوگۆڕ دروست دەکەن لە ناوکۆمەڵ، بەڵکو ئەوانەن کە سەیری شۆڕش دەکەن(ئەی ئەگەر خودی کردەی شۆڕش ڕووینەدا، ئەوکات تەماشاکەران سەیری چ شانۆگەریەکی تر دەکەن و چۆن هۆشی خۆیان و دۆخی کۆمەڵ دەگۆڕن؟!)؟

ئایا شۆڕشی فەرەنسی و ڕێنسانس بەشێوەیەکی دڕندانە جیهانی ڕابردوویان زیندوو کردەوە یان جیهانی ڕابردوویان لە دۆزەخی خۆیدا ناشت(…)؟ ئەرێ خودی کردەی شۆڕشی پیشەسازی  دابڕانێک نەبوو لە نێوان سەردەمی پێش بەشەمەندەفەربوون و سەردەمی دوای بە شەمەندەفەربوونی پیشەسازی؟ ئایا ڕێبین هەردی خۆی لاڕێ دەکا یان بۆچی ئەم گۆڕانکاریە زەقانە ”پێشینە” لەهەناوی خودی کردەیەکی شۆڕشەوە نابینێ؟ بۆچی ڕاست و چەپانە کردەی شۆڕش تەوردەدات و هەربە دۆزەخ هێمای بۆ دەکا؟ هۆی چیە ”شۆڕش” تەنها هەر لەڕووەشکستخواردووەکەی خولگەی ڕێبین هەردیدا ”دێوانەوماڵکاول” دەخولێتەوە؟ بۆچی هەموو کردارە خراپەکان، ناشیرینەکان، قوربانیەکان، کاولکاریەکان، شکستەکان، بێ پرسانە دەخاتە ناو توورەگەی کردەی شۆڕشەوە؟ بۆچی ملهوڕی و ستەمکاریەکانی دوای شۆڕش هەمووی دەخاتە ملی کردەی شۆڕش و شۆڕشگێرانەوە؟ ئەرێ ئەوپەڕی ناڕۆشەنبیری نیە کە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان بەهاری عەرەبی بەشۆڕش و کردەی شۆڕشەوە گرێ بدرێ؟ ئەرێ ئەوە ناڕۆشەنبیری نیە خۆپیشاندان و ڕاپەرین هاکازایی بکرێن بە شۆڕش و کردەی شۆڕش؟ ئەرێ هەموو هاتنە سەرشەقام و خۆپیشاندانێک ڕاپەڕینە؟ ئەرێ هەموو ڕاپەڕینێک شۆڕشە؟ ئەرێ هەموو شۆڕشێک کاولکارو مایەپووچە؟ ئایا هەموو شۆڕشێک ستەمکاری و تاکڕەوەی بەرهەم دەهێنێتەوە؟ ئەرێ هەموو دۆخێکی شۆڕش، چەکداریە(ئەرێ هەر شۆڕشی چەکداری هەیە؟)؟ ئەرێ تا ئێستا لەمێژووی مرۆڤایەتی شۆڕشێکی پڕاوپڕ بەمانای چەمکی شۆڕشی ”ڕیشەیی” پوخت ڕوویداوە؟ ئایا ئەوپەڕی ناڕۆشنبیری نیە شکستەکانی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی ناڕەوایانە بخەیتە ملی شۆڕشەوە! کام وڵاتی پاشگەردانی بەهاری عەرەبی ڕیشەییانە(چاک/خراپ) گۆڕانکاری بەسەرداهات)؟ ئەری بە قودرەتی کام هێزو بەچ پێوەرێک  خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی تونس و لییبیا و میصر لە بازاڕی شۆڕشدا ساغ دەکرێنەوە(!!!)؟ ئایا بەڕاستی ئەوانە شۆڕش بوون تا هەرزەکارانە لە کردەی شۆڕشدا لەقالب بدرێن؟ ئایا هیچ کام لەو خوپیشاندان و ڕاپەڕینانە بەچاک یا خراپ ”ڕیشەییانە” دامودەستگاکانی وڵات و کۆمەڵیان گۆڕی و سەرجەم کایەکاانیان هەڵتەکاندو بەشێوازێکیتر دایانڕشتنەوە؟! یان ئەوانە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی پەرتەوازەی ئایینی و ڕەوتی ئیسلامگەراو خێڵ و تاکڕەویترو بازرگانی سیاسی و…تاد بوون؟ چونکە کردەی شۆڕش پێش هەمووشت کردەیەکی ”ڕیشەییە” ئینجا فراوانترو و چآلاکترو قولترە لەوەی ڕێبین هەردی هێمای بۆدەکا! مەرج نیە هەموو خۆپیشاندانێک ڕاپەڕین بێ و هەموو ڕاپەڕینێکیش شۆڕش بێ(چونکە دەکرێ کۆمەڵێک لە هاوڵاتی یان جەماوەرێکی زۆریش ڕاپەڕن و دەسەڵاتیش بڕوخێنن بەڵام هەر دەمووچاوەکان بگۆڕن و هیچیتر، شۆڕش لەمەدا بەرجەستەنابێ!)! بەڵکو ئەوکات هێما بۆ شۆڕشێک دەکرێ کە ”ڕیشەییانە” و ” بنەڕەتیانە” کایە سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵ و دەوڵەت  هەڵبتەکێنێ و بیانگۆڕێ و سەرلەنوێ و بەشێوازێکی تر دامودەزگاکانی حکومەت و کایە کۆمەڵایەتیەکان دابڕێژێتەوە لەسەربنەمای یاساو ڕێسایەکی تازەو دادگەرو سەردەمانە کە لە بەرژەوەندی تاک و هاونیشتیمنایاندابێ یان بەپێچەوانەوە(…)؟ بەکورتی دەبێ گۆڕانکاریەکان ڕیشەیی بن، ئینجا شۆڕش دەبێتە خاوەنی! لەهەمانکاتیشدا کەدەڵێین ڕیشەیی گۆڕین؛ مانای ئەوەنیە کە کەرەستەو دامودەستگاکان و ناوەندە کۆمەڵایەتیەکانی پێشوو وێران و کاول بکرێن! نا.. بەڵکو گوڕینی ئەو دیوی سیستەمە عەقڵیە کۆن و داڕازو دەوشاو وێرانەی پێش کردەی شۆڕش بە دیوێکی تری بیرو هیمای هاوڵاتیبوون و سەروەری یاسای تێدابێ(ڕوونتر هەوڵدان بۆ گوڕینێکی ڕیشەیی لە خراپەوە بۆ باشتر، لە باشەو بۆ باشتر یان بەپێچەوانەوە…)! بەڵام بەم پێودانگە، ئایا ئەوەی ئێستا لە دوای بەهاری عەرەبی لەو وڵاتانە دەگوزەرێ، هیچ کام لەم ئەدگارو گۆڕانکاریە ڕیشەییانە بە دیوە باش و خراپەکەی لێکەوتەوە(هەتا ناوی لێبنین شۆڕش، ئەولاتریش بڕۆین و بیکەین بەماڵ بەسەر شۆڕش و بە شۆڕشێکی شکستخواردووی لەقەڵەم بدەین!)؟ کارەساتەکە لەوەدایە ڕێبین هەردی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی خشت دەکا بە کردەی شۆڕش و دەرئەنجامە شکستخوادووەکانیشیان دەکا بە شۆڕشێکی شکستخواردوو، ئیدی لەوێوە دەهۆڵی خۆی دەکوتێ و دەکەوێتە وێزەی شۆڕش و تابینەقاقا لەکەداری دەکا!

لەپەرەگرافێکی تری-ناوەندا دیسان جەخت لەوەدەکاتەوە کە شۆڕش داینەمۆی پشکەوتن نیەو مەرج نیە دۆخی تازەو ژیانی تازە بەرهەم بهێنێت، هیچ مەرجیش نیە ژیانێکی تازەو ئاسوودە بۆ خەڵکی بونیادبنێت(ئایا ئەمە خۆی لەخۆیدا بێ ئومێدکردنی هاوڵاتیان و شۆڕشگێران نیە؟ ئایا ئەمە پاساو نیە بۆ مانەوەی ئەوەی هەیە وەکو خۆی لە ملهوڕو ستەمکارو سەرکوتکەرەکان؟!)! ڕێبین هەردی بۆ داکۆکیکردن لەم بۆچوونانەی ڕادەکا بۆ لای کانت و تا ئەژنۆی خۆی لە جزمەی ”کانت” هەڵدەکێشێت و دەیەوێ لەڕێگەی فەیلەسوفی ئەڵمانی ”کانت”ەوە ئەم بێنرخکردنەی شۆڕش بسەلمێنێت و ناهەقانە بێ ئومێدی لە شۆڕش بە قوڕگی تاکی کورد دابکا؟! ڕێبین هەردی لە جزمەی کانتەوە پێداگیری دەکا و پێیوایە ”لە شۆڕشدا گرنگ سەرکەوتن یان شکستی شۆڕش نیە. چونکە شۆڕش خۆی هێماونومای پێشکەوتن نیەو هەروەها هێمانومای دواکەوتنیش نیە.”! ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین هەر لەم ڕستەیەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ڕیبین هەردی(بەهەڵەو سەرچیغ بینینیانەی کانت) چەند پچەوانەو دژانە لەگەڵ خۆی دەوەستێتەوە! لەلایەک پێیوایە شۆڕش داینەمۆی پێشکەوتن نیەو کەچی لەلایەکی تریش پێیوایە هیماونمای دواکەتنیش نیە بەوپێودانگە شۆڕش لەم نێوەندەدا دەیبەستێت و شۆڕشگێڕانیش لەسەرما ڕەق دەبنەوەو چوارپەلیان ڕەق دەبێ! ئەمە خۆی لەخۆیدا لاڕێکردن و سەرلێشێواندنە هەم لەخۆی و هەم لەخوێنەرانیش(هەمیش بێ بایەخکردنی شۆڕش و بکەرەکانی)! ڕێبین هەردی هەرلەجزمەی کانتەوە شۆڕش لە دۆخی شکست”بەستەڵەکدا” و چەقبەستوودا دەبینێ. پێیوایە شۆڕش بێزمانەو هیچ هاوارێکی پێنیە یا بەدیوەکەی ئەودیودا پێیوایە شۆڕش تەنها شۆڕشی سیاسی و چەکداریەو ئەویش هەر ماڵوێرانیەو بکەرەکانیشی سەرگەردانن!

یان پێوایە کردەی شۆڕش گرنگ نیەو شۆڕشگێڕانیش مایەپووچن، چونکە شۆڕش شکستخواردووەو بکەرەکانیشی دواجار پەشیمان دەبنەوە لەو شۆڕشەی گێڕایان؟ کانت پێیوایە نەسەرکەوتن و نەژێرکەتن گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە خودی شۆڕش و بکەرەکانیشی نیە، بەڵکو ئەوەی لە کردەی شۆڕشدا گرنگە، ئەو گۆڕانەیە کە بەسەر زهنیەت وخەیاڵی ئەو کەسانەدا دێت کە تەماشای شۆڕش دەکەن(…!)! بڕاواننە ئەم بۆچوونە نا هۆشمەندو دژانەی ڕێبین هەردی لە جزمەی کانتەوە(دەرخوارددەدرێ…) کەلەم پرسیارە جەوهەریەدا خۆی دینێتەوە؛ لەسەرەتاوە رێبین هەردی دەڵێ: شۆڕش داینەمۆی پێسکەوتن نیە، ئایا ئەگەر شۆڕش داینەمۆی پێسکەوتن نیە، ئەی چۆن زهنیەت و خەیاڵی تەماشاکەران دەگۆڕێ(…!)؟ ئەی ئەگەر شۆڕش ئەو هێزە نیە کە میژووی کۆمەڵگایەک لە شوێن و زەمەنێکەوە دەبا بۆشوێن و زەمەنێکی تر، ئەی ئەو زەمەنە چیە لەنێوان کردەی شۆڕش و تەماشاکەران(…!)؟ ئەی ئەو گۆڕانە زەمەنیە چیە لەنێوان ئەو کاتەی شۆڕش ڕوودەداو ئەو کاتەی تەماشاکەران زهنیەتیان دەگۆڕێ؟ ئەی ئەگەر خودی کردەی شۆڕش نەبێ، تەماشاکەران چین و سەیری کام هیچ(…)دەکەن؟ ئەی ئەگەر شۆڕش گرنگ نیە، چۆن زهنیەتی تەماشاکەران دەگۆڕێ(!!!)؟! یان ئەگەر نەسەرکەوتن و نەژێرکەوتنی گرنگ نیە، ئەی چۆن ئەم سەرکەتن و شکستە لێکدانەوەی بۆ دەکرێ و چۆن زهنیەت و خەیاڵی تەماشکەرانیش لەم لێکدانەوەیە دەگۆڕێ؟ چۆن تەماشەکەران دەتوانن کردەی شۆرش بخوێننەوە، ئەگەر شۆڕشکردن بەهەردوو دیوەکەی هیچ نرخێکی نەبێ؟ ئایا چ لۆژیکێک ئەم هاوکێشانەی ڕێبین هەردی ” لەدەلاقەی کانتەوە” هاوسەنگا دەکا؟ ڕێبین هەردی(لەجزمەی کانتەوە) هیچ نرخێک بۆ شۆرش و شۆڕگێڕان دانانێت، کەچی لەهەمانکاتیشدا یا لەولاشەوە بەموعجیزەو چەقەنەیەک زهنیەت و خەیاڵی تەماشاکەران دەگۆڕێ(!!!)! بێ سەروبەری ئارگومێنتەکە لەوێدا هاواردەکا کە کردەی شۆڕش بە چاک و خراپ هیچ بایەخێکی نەبێ و تەماشەکارانیش بەهەوەنتە سوودی لێوەرگرن! ئەمە لەکاتێکدا تەماشاکەران بەهۆی ”هەردەبێ”ڕوودانی شۆڕشەوەیە کە ئەوان هۆش و خەیاڵیان گۆڕانی تێدەکەوێ، کەچی کردەی شۆڕش و بکەرەکانی گرنگ نیە بەسەرکەوتن و ژێرکەوتنیشیەوە(…؟)! یان ڕوونتر؛ ئەوە نابینن کە خودی گۆڕانی هۆشی تەماشاکەران پەیوەستە بە هەردوو دیوی سەرکەوتن یان ژێرکەوتنی شۆڕشەوە، هەردوو دیوی سەرکەوتن و ژێرکەوتنی شۆڕشیش، پەیوەستە بەخودی کردەی شۆڕش و بکەرەکانیەوە! بەواتەیەکی تر بۆ ئەوەی تەماشاکەرمان هەبێ، دەبێ شۆڕشگێڕمان هەبێ، بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕیشمان هەبێ، دەبێ کردەی شۆڕش هەبێ(کردەی گۆڕانکاری)! بەو مانایەی کە تەماشاکەر کاتێ زهنیەت و خەیاڵی دەگۆڕێ، کە شانۆکار(شۆڕشگێر)ی هەبێ و شانۆی هەبێ(کردەی شۆڕشیش هەبێ). کەواتە بەبێ بوونی کردەی شۆڕش و شۆڕشگێڕ(شانۆ و شانۆکار)، تەماشاکەرەکان مایەپووچن نەک شۆڕگێڕان، بەڵام لای ڕێبین هەردی (لەجزمەی کانتەوە)، شۆڕشگێران بێنرخ و مایەپووچن(…!)!

تێبینی: بەکارهێنانی ووشەو واژەکانی؛ کۆمەڵگا، زمەن، زهنیەت…، بۆ مەبەستی وتارەکەی ڕێبین هەردی بەکارهاتوون.

بۆ بەدواداچوونی وتارەکەی ڕێبین هەردی، بڕواننە ئەم لینکە:

http://www.awene.com/2017/01/26/36977/

هیوا عەلی

١١/٠٢/٢٠١٧

About admin

Check Also

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە عبدالرحمن رسول لە هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودا کە یاسا مەدەنی و سیکۆلار …

One comment

  1. کاك رێبین م لە بیر ناکرین، کاتێك پڕ بە دەنگ هاواری ئەکرد اللە أکبر لە سەرای ئازاد بۆ پشتیوانی کردنی بەهاری عەرەبی،
    بۆچونەکانی نیو نۆسراوەکەی قەتیس کراوە بە بزوتنەوەکانی بەهاری وولاتانی عەرەبی و دەرئەنجامی سطحی هەیە .
    پێم وایە ئیشارەتی بۆ کانط بە هیچ شێوەیەك لە خزمەتی مەبەستەکەیەتی نیە لە بارەی شۆرش.
    کاك رێبین ئەیەوی شۆرش بکات ئیوارە، و بۆ بەیانێکەی زوو لێی بخوا 🤔

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *