گۆنا سەعید :سێکولاریزم بێ لایەنە لە دین ، واتە نە پیایدا هەڵدەدات و نە دژی دەوەستێتەوە

چاوپێکەوتنێک سەبارەت بە سیکولاریزم لە سایتی ئاگا پرێس لە ئامادەکردنی بەڕێز جەلال هۆرێنى
” زۆرێک لە نەیارانی سێکولاریزم ، بە تایبەت ئیسلامیەکان وایان پێ باشە کە بە کۆمەڵگە بڵێن کە سێکولاریزم دژی دینە . لە راستیدا سێکولاریزم دژ بە زاڵ کردنی دەسەلاتی دینە لە دەوڵەتدا . سێکولاریزم ڕیکخستنی ژیانی کۆمەڵگەیە بە بی ئەوەی بنەما و حوکمە نەگۆڕەکانی هیچ دینێک زاڵ کات بەسەر ژیانی گشتیدا . ڕەخنەی سێکولاریزم لە دەسەڵاتێ دین ئەوەیە کە هەر سیستەمێک کە دینێک یا دینەکان بکاتە سەرچاوە بۆ یاسادانان و سیستەمی خوێندن و پەروەردە و دادوەری ئەوە لەو سیستمەدا مافی هاوڵاتیان یەکسان نیە و ئەو دەوڵەتە مافی باڵادەستی دەداتە پەیڕەوانی دینێک و بە یاسا دینیەکان پێشیلی مافی ئەوانی تردەکا .”

گۆنا سەعید :سێکولاریزم بێ لایەنە لە دین ، واتە نە پیایدا هەڵدەدات و نە دژی دەوەستێتەوە .

بەروار : 22 كانونی دووه‌م 2017


یەکێک لەبنەما گرنگەکانی بە رێکخستنى ژیان یاسادانان و سیستەمى بەرێوەبردنە، لەیاسادانان سزا وسیستەم بۆ ژیان دانراوە، هەوڵێکى جدى هەیە بۆ ئەوەى ئاین لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە ،دەستور بکرێتە دەستورێکى سیکۆلارزم ،یاساکان لەژێر شەریعەتى ئاین نەبن و بنەماکانى مافى مرۆڤ بکرێتە سەرچاوەى دانانى.
تێراونینە جیاکان لەسەر سیکۆلارزم دەنگدانەوەى لە نێو کۆمەڵگاى کوردى بە خۆیەوە بینى ، مینبەرى مزگەوتەکان بووتە شوێنى دژایەتیکردنى سیکۆلارزمەکان بە جوڵانى هەستى ئاینى ،لەبەرامبەردا سیکۆلارزمەکان توانیان لەکوردستان زیاتر لە سەد هەزار واژۆ کۆبکەنەوە بۆ دەستورێکى سیکۆلارزم، بۆ قسەکردنى زیاتر لەسەر سیکۆلارزم و پێناسە و وابەستەکردنى بە ئاین، ئاگاپرێس مەلەفێکى تایبەتى کردۆتەوە هەرجارەو پرسیارەکان ئاڕاستەى کەسێک دەکات.
‎جەلال هۆرێنى
ئاگاپرێس :پێناسەى تۆ بۆ سیکۆلار؟
گۆنا سەعید :کۆمەڵەی سێکولاری نیشتمانی ” ناشنال سێکولار سۆسایتی ” کە ڕیکخراوێکە بنکەی سەرەکی لە بەریتانیا یە، لەسەر ئاستی ئەوروپادا چالاکە و تەمەنی دامەزراندنی لەسەروو ١٥٠ ساڵە وەیە بەم جۆرە پێناسی سیکولاریزم دەکات : ” سێکولاریزم بنەمایەکە بۆ دوو پیشنیاری سادە : یەکەم جیاکردنەوەی تەواوی دەوڵەت لە دەزگای دینی ، دووەم هەموو خەڵکی بە هەر جیاوازیەکی دینی و بیر و راوە یەکسانن لە بەرامبەر یاسادا ”
واتە لە یەک دێڕدا بریتی یە لە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت . بەڵام ئەم دێڕە پێناسێکی دوولایەنەی هەیە ، لە لایەکەوە ڕێگەگرنتە لەوەی کە دەزگای دینی دەسەڵاتی هەبێت لە پێکهاتە و بنەماکانی دەوڵەتدا وەک دەستوور و یاسا و دام و دەزگا و سیستەمی خویندن و بەڕیوەبردن ، وە لە لایەکی ترەوە بیر و باوەڕی دینی تاک و گروپ ئازاد دەکات لە دەستێوەردانی دەوڵەت تا ئەو جێگەیەی سنووری ماف و ئازادی ئەوانی دی نەبەزێنن. زۆر گرنگە کە سێکولاریزم وەک خۆی پێناس بکەین ، دەستکەوتەکانی بۆ کۆمەڵگەی ئینسانی نە گەورەتر کەین لە قەبارەی خۆی و پێمان وابێت یەکسانی هەمەلایەنە بۆ ئینسان بەدەست دێنیت ، وە نە بەلاڕیدا ببرێت وەک پێناس کردنی بە ” دژە دین ” بوون. سێکولاریزم سیستەمیکە کە دەتوانێت مافەکانی خەڵک بپارێزێت لە دەست سەپاندنی هەژموون و هزری دینێک و ئەحکامەکانی بەسەر ژیانی گشتیدا . سیکولاریزم لەهەر جێیەک ئەگەر لایەنی کەمیشی جێ بە جێ کرابێت ببوەتە هۆی بەرەوپێش چوونی مافی هاولاتیبوون و پاراستنی مافە سەرەتایەکان ، پاراستنی ئازادی تاکە کەس و ئازادیە گشتیەکان ، دابین کردنی یەکسانی یاسایی ژن و پیاو ، هەروەها لە نێو کۆمەڵگەدا کاریگەری هەببوە لەسەر کردنەوەی بار و دۆخێکی بەرفراوان بۆ گەشەی هزر و زانست و هونەر و ئەدەب و بوارەکانی تری ژیانی مەدەنی و پاراستنی هەموو ئەمانە لە دەست لە چوارچێوە دان و ملکەچ بوون بۆ ئەحکامی نەگۆڕی دینەکان .

ئاگاپرێس : سیکۆلار بەماناى دژایەتیکردنى ئاین دێت ؟
گۆنا سەعید : نەخێر ، سێکولاریزم بێ لایەنە لە دین ، واتە نە پیایدا هەڵدەدات و نە دژی دەوەستێتەوە . بەڵام دژی جیاکاری یە لە نیوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا لەسەربنەمای جیاوازی بیر و باوەڕی دینییان . هەروەها دژی پیاهەڵدان و دەسەڵاتپێدانی دامەزراوەی دینی یە لەدەزگای دەوڵەتیدا .
سێکولاریزم لە ڕەوەندێکی مێژوویدا و لە ئەنجامی خەباتێکی فراوانتری کۆمەڵگە ئەوروپیەکان زیاتر لە دوو سەدە پێش ئیستا بوەتە بنەمای سیستەمێکی کاریگەری بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە ، وە بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە بوو بۆ دەسەڵاتی سەرکوتگەری هاوبەشی پاشا وکەنیسە کە دینیان بۆ پاساوی سەرکوت و هەژاری و بێ کاری و نەبوونی ئازادیەکان بەکار دەهێنا. لەم سەردەمەشدا سێکولاریزم هەر هەمان رۆڵی هەیە ، کاری بە دژایەتی کردنی ئایین وەک بیرو را و ئەندێشەی تاکە کەس و تەنانەت گروپێش نیە ، لە هەمان کاتدا هەم ئازادی دین و دینداری وە هەم ئازادی لە دەست دیین دەپارێزێت . بەڵام سێکولاریزم وەک سیستەم لە بەرامبەر بە سیستەمی پاوانخوازی و دەسەلاتخوازی دین و سەپاندنی ئەحکامە دینیەکان بەسەر کۆمەڵگەدا دەوەستێتەوە ، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئینسان و کۆمەڵگە لە دەست ئەو جیاکاری و توندو تیژیە کە لە ئەنجامی هەژموون و دەسەڵاتخوازی دینیک بەسەر ئەوانی دیدا لە کۆمەڵگەدا دەسەپێنریت . لە نەمونەی ئەمانەش زۆر زۆرە لەم سەردەمەدا کە چۆن “دەسەڵاتی دینی” لە هەر جێگەیەک و ووڵاتێک بوەتە هۆی سەرکوتی ئازادی تاکە کەسی وگشتی ، بوەتە هۆی جیاکاری لە مافەکانی خەڵکی لەسەر بنەمای بیر و رای دینیان ، بوەتە هۆی هەڵاواردن لە دژی ژنان ، وە لەوەش زیاتر بووەتە هۆی دواکەوتن و زیندانی کردن و کوشتنی ئەوانەی کە لەگەڵ دینی دەوڵەتدا نایەنەوە و ڕەخنەی لێ دەگرن . سێکولاریزم بەدیلی ئەم جۆرە دەسەڵاتە دینی یەیە .
زۆرێک لە نەیارانی سێکولاریزم ، بە تایبەت ئیسلامیەکان وایان پێ باشە کە بە کۆمەڵگە بڵێن کە سێکولاریزم دژی دینە . لە راستیدا سێکولاریزم دژ بە زاڵ کردنی دەسەلاتی دینە لە دەوڵەتدا . سێکولاریزم ڕیکخستنی ژیانی کۆمەڵگەیە بە بی ئەوەی بنەما و حوکمە نەگۆڕەکانی هیچ دینێک زاڵ کات بەسەر ژیانی گشتیدا . ڕەخنەی سێکولاریزم لە دەسەڵاتێ دین ئەوەیە کە هەر سیستەمێک کە دینێک یا دینەکان بکاتە سەرچاوە بۆ یاسادانان و سیستەمی خوێندن و پەروەردە و دادوەری ئەوە لەو سیستمەدا مافی هاوڵاتیان یەکسان نیە و ئەو دەوڵەتە مافی باڵادەستی دەداتە پەیڕەوانی دینێک و بە یاسا دینیەکان پێشیلی مافی ئەوانی تردەکا .
ئاگاپرێس : سیکۆلار بەماناى جیاکردنەوەى ئاین لە دەوڵەت دێت ؟ یان بنەمایەکە بۆ رێکخستنى ژیان بەپێ بیروباوەڕەکان؟
گۆنا سەعید : وەلامێکی خێرا بە هەردووبەشی پرسیارەکەت ئەوەیە کە بەڵی بنەمایەکی سەرەکی سێکولاریزم جیاکردنەوەی تەواوی دەوڵەت و دەزگای دینی یە ، بەو مانایە دام و دەزگای دەوڵەت هەقی نیە بەسەر بیر و ڕا جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەوە ( بە دینی و نادینیەوە ) و هیچیان بە بنەمای دەستوور و یاسا و سیستەمی پەروەردە و بەڕیوەبردن دانانێت . مافی هەمووان یەکسانە لە بەردەم یاسادا بە بێ لەبەرچاو گرتنی بیرو رای جیاواز . لە سەرەوە تا خوارەوەی سیستەمی بەڕیوەبردنی دەوڵەت بێ لایەن مامەڵەی بیر و ڕای خەڵک دەکات . بەم جۆرە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێکەوە ژیانی خەڵکی بە هەموو بیر و ڕا و دینە جیاوازەکانەوە کە هە‌ڵیانگرتوە .با نمونەیەک بێنمەوە لە مانای پراکتیکی ئەمە بێنمەوە :
لە ووڵاتی بەریتانیا ژن و پیاوی موسوڵمان ، هەر وەک هەر کەسێکی تری مەسیحی ، بێ باوەڕوسەر بە هەردینێکی تر، دەتوانن لە دادگا و ئۆفیسی دەوڵەتدا هاوسەرگیری و جیابونەوە بە فەرمی بکەن بە یاسایەکی مەدەنی. لە هەمان کاتدا ژن و پیاوی موسوڵمان دەتوانن لە مزگەوت هاوسەرگیری دینی بکەن وەک بەشێک لە ئازادی تاکە کەسی خۆیان، مەسیحی دەتوانن لە کەنیسە بیکەن و جولەکە لە پەرستگای خۆیان ،بەلام لە بەردەم یاسای خێزاندا هەموو یەکسانن و تەنها هاوسەرگیریە فەرمیەکە لەبەدەم یاسادا ماف و ئەرکەکانیان دیاری دەکات. کاتێک کێشە دروست دەبێت بۆ نمونە ژنێکی موسوڵمان ڕازی نیە نیوە بەشی میرات وەرگرێت بە پێی یاسای شەریعە ، یان ڕازی نیە جیابونەوەکەی تەنها بە دەست پیاو بێت ، ئەوا دەچێتە پرۆسەی جیابونەوەی دادگا و بە پێی یاسای مەدەنی خیزانی بڕیار دەدرێت. لە هەمان کاتدا ئەو ژن و پیاوە ئازادن ئەگەر بیانەوێت بچن بە پێی یاسای شەریعە ئەو مەسەلەی جیابونەوەیە یان میراتیە چارەسەر کەن بەلام دەوڵەت ئەوە بە ڕەسمی ناناسێت بە تایبەت ئەگەر لایەکیان هەست بە هەڵاواردن بکەن وشکات بکەن ، بۆ نمونە یاسا مەدەنیەکە ناڵێت لەبەر ئەوەی ئەم ژن و پیاوە “موسوڵمانن” کەوایە بەشی میراتیان یەک بە دووە ، بەلام ژن و پیاوێکی تر کە مەسیحین ئەوا بەشەکانیان یەکسانە . لە کاتێکدا لە وولاتێکی ئیسلامیدا ئەمە هەموو ڕۆژیک روودەدات و ژنان ملکەچ دەکرێن بە قبوڵ کردنی دەیان جۆر لە هەڵاواردنی دینی بە پێی یاسا ، ئەگەر رازیش نەبێت لەسەری . ئەمە بۆ کەسانی سەر بە هەر دین وباوەڕێک وەک یەکە . لە سیستەمێکی سێکولاردا ئەمە مانای پێکەوە ژیانە کە ئینسانەکان بە هەر بیر ە باوەڕێکەوە وەک یەک بتوانن کەڵک لە یاسا و فرسەتی یەکسان وەرگرن .
ئاگاپرێس :دانانى یاساکانى بارى کەسێتى و یاساى سزدان لەسەر پرنسیبەکانى سیکۆلار دوور لە ئاین بنەمایەکە بۆ ژیانى تاک ؟
گۆنا سەعید :بەڵێ ، بنەما سێکولارەکان بۆ ئەم دوو یاسایە زۆر پیویستن بۆ ژیانی تاک وەک بنەمای ویژدانی و یەکسان و دوور لە هەڵاواردن و حوکمە نەگۆرەکانی دین. لە هەرێمی کوردستان وەک زۆریک لە وولاتانی ئیسلامی و خۆرهەڵاتی ناوەراست هەڵاواردنیکی بەرفراوان هەیە لە دژی ژن لەم دوویاسایەدا ، هەموو ئەو هەڵاواردنانە پشتیان بە دەقەکانی شەریعەی ئیسلام بەستوە . رادەی ئەم هەڵاواردنە بە پێێ توندی دەسەلاتە دینیەکە زیاد و کەم دەکات ، بۆ نمونە لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بڕێکی کەم لەمانە لە یاسادا کەم کراوەتەوە ، مۆدێلی زۆر توندتر و توند تیژ تریان لە یاساکانی ووڵاتانی وەک سعودیە وئێران و حکومەتی مەرکەزی عێراقدا دەبینین . لە یاسای باری کەسێتی پشتبەستوو بە ئیسلامدا مەسەلەی هاوسەرگیری ، جیابونەوە ، میرات ، سەرپەرشتی منداڵ ، فرەژنی هەمووی جیاکاری و ستەمیان تێدایە لە دژی ژن . لە یاسای سزادان: سزادانی ژنان لەسەر پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری و ئەوەی پێی دەلێن “زینا” ، جیاوازی لە ئاستی سزاداندا لەسەر تەعدای جنسی ، کە سزاکە کەم وزیاد دەکات بە پێێ کاریگەری تەعداکە لەسەر ” کچێنی” و ” پەردەی بەکارە” ، مەسەلەی ڕێگە دان بە لابردنی سزا ئەگەر تەعداکەر ئامادەی هاوسەرگیری بێت لەگەڵ قوربانیەکەی . ئەمانە و چەندین جیاکاری تر لەم دوو یاسایەدا کە نەک هەر سەردەمیان بەسەر چووە ، بەڵکو ناتوانێت بە بێ سەرکوت و توند تیژی بسەپێنرێت لە ژیانی کۆمەڵگەی سەردەمدا. بنەما سێکولاریستەکان لەم دوو یاسایەدا لە کاتێکدا کۆتایی بەم جیاکاریە دێنن ، هەروەها ڕێگە خۆش دەکەن بۆ گەشە و پەروەردەی کەلتووری مەدەنی کۆمەڵگە وڕیز گرتن لە یەکسانی ومافە کانی مرۆڤ و ..هتد.
ئاگاپرێس : ئایا دوورخستنەوەى سیستەمى خوێندنى ئاینى لە بوارى پەروەردە چى کاریگەریەکى هەیە؟
گۆنا سەعید :ئەمە یەکێکە لە گرنگرترین بابەتەکانی نێو ئەم دیبەیتە ، چونکە پەیوەندی بە پەروەردەی زەینی و ئامادەکردنی نەوەکانی داهاتوو هەیە بۆ گەشە و پیشکەوتنی کۆمەڵگە. ئەوەی لە ئیستادا هەیە خویندنێکی ئادیدیۆلۆجی دینی ئیسلامە ، هاندانی مندالانە بۆ قبوڵ کردن و پیادەکردنی دینی ئیسلام بە بێ پرسیار کردن و تێگەشتنێکی قووڵ تێی ، هەروەها ترساندنی منداڵان بە ئایدیای دۆزەخ و لە ڕێ دەرچوون کە دەبێتە هۆی کوشتنی خولیای سروشتی منداڵان بۆ پرسیارکردن و فێربوون و دۆزینەوەی نوێ ، بڵاوکردنەوەی توندتیژی و قبوڵ کردنی جیاکاری و هەڵاواردن لە سەر بنەمای دیین لە نێو منداڵاندا ، ئەمانە هەمووی زیانیکی گەورەی گشتی دەبێت لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە . لە کاتێکدا لەسەر بنەمایەکی سێکولاریستی خویندنی ئایین دەبێتە بەشێک لە خوێندنی مێژووی کۆمەڵگەی بەشەری ، زانیاری و فێر بوون لەسەر هەموو ئاینەکان و چۆنێتی سەرهەڵدانیان یارمەتی منداڵان دەدات تا تێبگەن لە ڕەهەندی میژووی کۆمەڵگە و دروست بوونی ئاینەکان ، هەروەها فێری ڕێز و پێکەوە ژیان و قبوڵ کردنی جیاوازی و بنەماکانی یەکسانی و مافی مرۆڤیان دەکات . سێکولاریزم منداڵەکانمان دەپاریزێت لەوەی کە لە منداڵیەوە مێشکیان بە بنەما و پرەنسیپە نەگۆراوەکانی دینێک گۆش بکرێت ، ئەوە مسۆگەر دەکات کە ئەم مندالانە گەشە بکەن ، زانست و زانیاری لەسەر هەموو دینەکان فێر بن و لە سبەینێدا کە گەیشتنە تەمەنێکی گونجاو دین و بیر وباوەری خۆیان هەڵبژڕێرن . لە وولاتێکی ئیسلامی وەک سعودیە مندالانی موسوڵمان فێر دەکرێن کە چۆن دەستی دز ببڕنەوە و ڕقیان لە جولەکە بێت و کافران چۆن سەرببڕن ، لە کاتێکدا لە وولاتێکی وەک بەریتانیای سێکولار منداڵانی موسوڵمان فێر دەکرێن کە مێژووی دینەکان لە کوێوە هاتتوە و پەیامی ئاشتیخوازانەی دینەکان لەکوێدایە و پێکەوە ژیان چۆنە. ئایا ئەم دووە کامیان بۆ منداڵەکانمان بە سوود ترە .

ئاگاپرێس : لەروانگەى سیکۆلار بۆ مافەکانى مرۆڤ چیە؟
گۆنا سەعید :سیکولاریزم دەتوانێت مافەکانی مرۆڤ لە دەستوور و یاسادا جێگیر بکات ؛ یەکسانی لە بەردەم یاسادا بۆ هەمووان مسۆگەر بکات ، کار بکات لەسەر بلاو کردنەوە و گەشەدان بە کەلتوور و بیر وباوەڕی یەکسانی و ڕێز گرتن لە جیاوازی وپێکەوە ژیان و قبوڵکردنی بەرامبەر.
ئاگاپرێس :زۆرێک لە ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان یاخود وتار خوێن و سەلەفیەکان دەڵین ئەمەی لە کوردستان دەگوزەرێت شکستی عەلمانیەتە. ئایا دەکرێ دەسەڵاتی کوردی بە دەسەڵاتێکی سیکۆلار یا علمانی هەژمار بکەین؟
یەکەم مەرجی هەر سیستەمێکی سێکولار ئەوەیە کە دیین لە دەوڵەت و دەستوور جیاکاتەوە و بنەماکانی هیچ دینێک زاڵ نەکات لە یاساکانیدا . دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هیج کات ئەم کارەی نەکردوە و تەواو پیچەوانەکەی کردوە . بۆیە بە هێج جۆریک ناچێتە خانەی دەسەلاتێکی سێکولارەوە . ئیسلامیەکان کە ڕەخنەیان لەم دەسەلاتە هەیە ، لەسەر ئەوەیە کە دەسەڵات بە تەواوەتی و وەک خۆی حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلامی نەکردۆتە یاسا بە تایبەت لە سزاداندا، بۆ نمونە لە سزادانی دزی کردندا لە جیاتی ئەوەی دەستی تاوانبار ببڕیتەوە وەک ئەوەی لە شەریعەتدا هاتووە ، زیندانی دەکات ، وە یان لە بەرامبەر بە سزادانی ژنان لەسەر ” زینا ” لە جیاتی ئەوەی بەردە بارانی کەن هەروەک شەریعەت حوکمی داوە ، ئەمان زیندانی دەکەن ، ئەمانە و چەندین نمونەی تر لە یاسای باری کەسێتی و سزاداندا هاتتوە کە ئیسلامەیاکن لێی ناڕازین نە لەبەر ئەوەی کە دەسەڵات سێکولارە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە قەدەر خواست و ویستی ئەوان شەریعەت جی بەجێ نەکراوە .
ئەگەر ئەم دەسەڵاتەی هەرێم سێکولارە ، خۆ دەبێت چەند سیمایەکی سیکولاریزم و مەدەنیەت بە دام و دەزگاکانی دەسەلاتەکەیەوە دیار بێت . ئەم دەسەڵاتە لە پاڵ زاڵکردنی هەژموونی دینی ئیسلام لە ڕەشنووسی دەستوور و یاساکانیدا ، بەڕێکخستن و پاڵپشتیکردنی مادی ڕەوتێکی ئیسلامی سەلەفی لە کوردستان و دروستکردنی دام و دەزگایەکی زەبەلاحی دینی و لیژنەکانی سانسۆر و هەزاران مزگەوت و ..هتد .. لە هەمان کاتدا هیچ ڕێزێک لە مرۆڤ ناگرێت ومافەکانی پیشێل دەکات ، ئازادی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ بە یاسا نەپاراستوە ، سیستەمی دادوەری سەربەخۆ نیە و دوور نیە لە دەستتێوەردانی بەرپرس و دەزگا حیزبی و میلیشیایەکان ، ئەم دەسەڵاتە تەواو پشتی بەستوە بە بنەما دینی و خێلەکیەکان بۆ درێژەدان بە سەرکوت و بێدەنگ کردنی کۆمەڵگە و درێژەدان بە گەندەڵی خۆی.

About Secular Kurdistan

Check Also

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا مەلا هەڵۆ کاتێک وەک میراتگری داعش بەرامبەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *