سێکولاریزم بەمانای ڕێگە نەدان بە دامەزراوە دینیەکان بۆ دەستێوەردان لە کاروباری دەوڵەت

سێکولاریزم بەمانای ڕێگە نەدان بە دامەزراوە دینیەکان بۆ دەستێوەردان لە کاروباری دەوڵەت

بەروار : 21 كانونی دووه‌م 2017

یەکێک لەبنەما گرنگەکانی بە رێکخستنى ژیان یاسادانان و سیستەمى بەرێوەبردنە، لەیاسادانان سزا وسیستەم بۆ ژیان دانراوە، هەوڵێکى جدى هەیە بۆ ئەوەى ئاین لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە ،دەستور بکرێتە دەستورێکى سیکۆلارزم ،یاساکان لەژێر شەریعەتى ئاین نەبن و بنەماکانى مافى مرۆڤ بکرێتە سەرچاوەى دانانى.

تێراونینە جیاکان لەسەر سیکۆلارزم دەنگدانەوەى لە نێو کۆمەڵگاى کوردى بە خۆیەوە بینى ، مینبەرى مزگەوتەکان بووتە شوێنى دژایەتیکردنى سیکۆلارزمەکان بە جوڵانى هەستى ئاینى ،لەبەرامبەردا سیکۆلارزمەکان توانیان لەکوردستان زیاتر لە سەد هەزار واژۆ کۆبکەنەوە بۆ دەستورێکى سیکۆلارزم، بۆ قسەکردنى زیاتر لەسەر سیکۆلارزم و پێناسە و وابەستەکردنى بە ئاین، ئاگاپرێس مەلەفێکى تایبەتى کردۆتەوە هەرجارەو پرسیارەکان ئاڕاستەى کەسێک دەکات.

‎جەلال هۆرێنى

ئاگاپرێس :پێناسەى تۆ بۆ سیکۆلار؟

ئاسۆ کمال: سێکولاریزم پرەنسیپێکی کارکردنی ئیداری و پەروەردەیی و یاسایی یە کە پشت بە مەوزوعیەت و ئۆبژێکتیڤ دەبەستێ و هەموو بنەمایەکی دینی و دەستێوەردانی دەزگا دینیەکان لە کاروباری گشتی دەوڵەت و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدا ڕەتدەکاتەوە.

ئەو بنەمایانەی ئەمڕۆ سێکولاریزمی پێ دەناسرێتەوە ،هەروەک لە چارتەری (گەڵاڵەنامەی سێکولاریزم لە کوردستان) دا هاتوە بریتیە لە :
• جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت‌و چەسپاندنی لە دەستوردا .
• یەکسانیی مرۆڤەکان لەبەرامبەر یاسادا بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، مەزهەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوەو ڕەگەز.
• یەکسانیی نێرو مێ لە هەموو بوارەکانی یاسایی، ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیی.
• ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ویژدان، ئازادی ڕەخنەگرتن‌و توێژینەوەو داهێنان‌و نوێخوازی.
• دانانی یاساکانی باری کەسیی‌و یاساکانی سزادان لەسەر بنەماو پرینسیپە سێکولارەکان‌‌و دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی هەر ئاینێک.
• سیستەمی خوێندن‌و پەروەردە دووربخرێنەوە لە بەرنامەی ئاینییەکان‌و دەزگا ئاینییەکان.
• حکومەت‌و دەزگا دەوڵەتییەکان هیچ پشتیوانییەکی ماددیی دامەزراوە ئاینییەکان نەکەن.
• قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی‌و تەکفیر لەڕێگەی بەکارهێنانی هەر دامودەزگایەک بێت بە دامودەزگا ئاینیی‌و شوێنە ئاینیەکانیشەوە.

ئاگاپرێس : سیکۆلار بەماناى دژایەتیکردنى ئاین دێت ؟

ئاسۆ کمال: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ سەیری مێژووی بزوتنەوەی سێکولاریستی و واقعیەتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین. لەهەر دوو ئەم بوارە مێژوویی و دۆخی ئێستادا سێکولاریزم ڕوبەڕوی دینی دامەزراوەیی و دامودەزگا دینیەکان دەبێتەوە نەک دژایەتی ئاین وەک کارێکی شەخسی بکات.

سێکولاریزم خۆی دەقاودەق بزوتنەوەی ڕەخنەی دینەکان  نیە بەڵکو ڕەخنەی دەستێوەردانی دینەکانە لە یاسا و سیستەمی پەروەردە و دادوەری و بەگشتی کاروباری دەوڵەتدا. ڕەخنەی سێکولاریزم لە دەسەڵاتێ دین بەکاربهێنێ لەوەیە کە لە هەر سیستەمێکدا کە دینێک یا دینەکان بکاتە سەرچاوە بۆ یاسادانان یاخود خوێندن و پەروەردە و دادوەری ئەوا مافی هاوڵاتیان یەکسان نابێت و ئەو دەوڵەتە ماف دەداتە پەیڕەوانی دینێک و بەو یاسا دینیانە پێشیلی مافی ئەوانی تر کە سەر بەو دینە نین و جیاکاری لە نێوان هاوڵاتیاندا دەکا بەپێی دین و باوەڕەکانیان. هاوکات یاسا دینیەکان بۆ ئەو کەسانەشی کە لە ناسنامەیاندا دینێک دانراوە ئەو مافانەیان پێشێل دەکا کە لە شەریعەتی دینەکەدا قەدەغە کراوە. بۆ نمونە لە کوردستان دەستوری پێشنیارکراو دینی ئیسلام و شەریعەتەکەی دەکاتە سەرچاوەیەکی یاسا دانان کە چوارژنە دەکاتە مافی پیاوان و بەم پێیە یەکسانی ژن و پیاو کە مافێکی مەدەنی ئینسانەکانە پێشێل دەکرێ.جا ئەم ئینسانانە مەسیحی ،کاکەیی ویەزیدی بن یاخود کەسانیک بن کە تەنها لەبەرئەوەی لە ناسنامەکەیان ئیسلام نوسراوە ئیتردەبێت یاسای چوارژنە لەو کۆمەڵگەیە بەڕەسمی بناسن.
ڕەخنەی سێکولاریزم لە دین لەو دەسەڵات و لایەنەیە کە ئیمانداری خەلک بەکاردەهێنن بۆ هێرش کردنە سەر ماف و ئازادیەکان .هەربۆیە ئەوە ئەم دەسەڵاتە دینیانەن کە دژایەتی سێکولاریزم  و مەدەنیەتی کۆمەڵگە دەکەن .ئەم هێرشانە پێویستیان بەوەڵامدانەوەیە و وەک “ناوەندی سێکولار لە کوردستان” کاردەکەین بۆ” قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی‌و تەکفیر لەڕێگەی بەکارهێنانی هەر دامودەزگایەک بێت بە دامودەزگا ئاینیی‌و شوێنە ئاینیەکانیشەوە.”ئایا ئەم کارانەی “ناوەندی سێکولار لە کوردستان” بەدژایەتی دین لێک دەدرێتەوە یان نا؟ ئەمە پرسیارێکی وروژێرەرانەیە کە ڕێگەی دروستی ئەو ململانێ فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەی لە نێوان هێزی تەقلیدی دین و هێزی ڕەخنەگری سێکولاریستدایە لێڵ دەکا و جەوێکی ناتەندروست وبەرتەسک بۆ ئەم جەدەل و گفتوگۆ و ڕەخنانە دروست دەکا کاتێک وەڵامەکەت تەنیا بەڵێ یان نەخێر بێت.دەبێ ڕێگە خۆش بکرێ بۆ جەدەل و ڕەخنەگریەکی فراوانی زانستی و کۆمەڵایەتی لەسەر دەوری دین و شەریعەت و ئیسلام لە یاسا و دەستور و خوێندن وپەروەردە و لەژیانی کۆمەڵایەتیدا.سێکولاریزم مێژووی زیاتر لەسێ سەدەی لە ڕەخنەگری لە فکر و میتۆد و یاسا و شەریعەتی دینی هەیە و بەدیلی سێکولاریستەکردنی کۆمەڵگە بێ وینە توانایەکانی ئینسانی لە باوەڕبون بەخۆی و نرخ و ماف و ئازادی ئینسانی لە چاو مێژووی پێش خۆی کە دین تیایدا زاڵ بوە بردۆتە پێش،هەربۆیە ئەمڕۆ پێویستمان بەوەیە ڕێگە بکەینەوە لەبەردەم ڕەوتی سێکولاریستی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا تا بزانین دەتوانێ چ ئاڵوگۆڕێک دروست بکا لە ژیانی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و چ بزوتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەبەرامبەر ئیسلام وشەریعەت و ئیسلامیەکاندا بەڕێ دەخا کە خوازیاری مانەوەی دەسەڵات و هەژمونی دینن لە یاسا و دەوڵەت و کۆمەڵگەدا.

سێکولاریزم بەرهەمی خەباتی دژی دەسەڵاتی دین و کەنیسەیە کە لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا وەک ڕوکنێکی سەرخانی کۆمەڵگە باڵادەست بوو وە هاوکات سێ یەکی زەوی وزار و داهات و باجی  دەرەبەگ دەدرایە پیاوانی دینی و کەنیسە. شۆڕشی یەکەمی فەرەنسە لە ١٧٨٩ و دواتر کۆمۆنەی پاریس دینی لەدەوڵەت جیاکردەوە و زەوی وزاری کەنیسەی دەست بەسەراگرت و خوێندن و یاساکانی لەژێر دەستی دامەزراوە دینیەکان دەرهێنا. هاوکات سەرمایەداری لە سەرهەڵدانیەوە تاکو گەشەکردن و جیهانی بوونەوەی سێکولاریزمی وەک بنەمایەکی کۆمەڵگە و دەوڵەتی مۆدێرن دژ بە یاسا و پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکانی دەرەبەگایەتی جێ خست. هەربۆیە هەر لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە ڕەوتێکی فکری و فەلسەفی و زانستی فیزیا و فەلەکناسی و زیندەوەرزانی و کۆمەڵناسی دژی ئایدیۆلۆژیا و میتافیزیک و خورافاتی لێکدانەوەی سروشت و کۆمەڵگە دەرکەوت، بۆنمونە کارە فەلسەفیەکانی کانت و دیکارت و فیورباخ و مارکس، یان دۆزینەوەکانی گالیلۆ و کۆپەرنیکۆس لە ئەستێرەناسی، یاخود دۆزینەوەی بنەچەی جۆرەکان و بیردۆزەی ئیڤۆلوشنی داروین، وە هەروەها بیرۆکەی بیگ بانگ (تەقینەوە گەورەکە) ی فیزیا و لە کۆتاییشدا بانگەشەی مافە فەردی و مەدەنیەکانی مرۆڤ، ئەمانە هەموویان پێکەوە وەک جەستەیەکی نوێ خاوەن باوەڕ و پرەنسیپی نوێ کەوتە کار و لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەدەی نۆزدەدا کاتێ پەیوەندی بەرهەمهێنانی ئابوری دەرەبەگایەتی لە ئەوروپا هەڵوەشا جێگا و دەسەڵاتی فکری دینیش سەرەوژێربوو. سێکولاریزم وەک بنەما و پرەنسیپیی کۆمەڵگەی مۆدێرن و دەوڵەت لە سەرجەم بوارە فکری ،سیاسی ،ڕۆشنبیری ، هونەر ، زانست و یاساکاندا باڵادەست بوو.

سێکولاریزم ئەگەر چی وەک پێناسەی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جیاواز و سەربەخۆ نەبوە بەڵام وەک کارەکتەر و پرەنسیپی بزوتنەوە شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان دەوری بینیوە لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکالی نێو کۆمەڵگەدا. ڕەوتی دژی دین و ئاتەئیزم و لائیستیە ودیدگای فەلسەفەی ماتریالیستی و سەلماندنە زانستیەکانی بواری ئەستێرەناسی ، بایۆلۆژی ، فیزیا ، پەروەردە و خوێندن و داهێنان ،هەمویان وەک ڕەوتی سێکولاریزم بەرهەمی هەمان شۆڕشی ڕینسانس و بوژانەوە و تازەگەری و ڕۆشنگەرین کە دژ بە بنەماکانی سیستەمی کۆنی دەرەبەگایەتی کران.

سێکولاریزم بەرهەمی ئەو شۆڕش و بزووتنەوە سیاسیانەش بوو کە دژی دەسەڵاتی دینی دەرەبەگایەتی بەرپاکرا و لەهەر شۆڕش و هەنگاوێکی شۆڕشگێرانەدا شەرعیەتی دینی پاشا و دەرەبەگ و خانەدانەکانیش کە دەزگا دینیەکان و کەنیسە کاریان داڕشتن و پاراستنی بوو دەخرانە ژێرپێوە و هەربۆیە دەسەڵاتی دنیایی کەنیسە و دین کەوتە بەر شاڵاوی شۆڕش. بزوتنەوە فکری و سیاسی و کۆمەڵایتیەکانی سەدەی نۆزدە و لەوانەش بزوتنەوەی کرێکاری و سوشیالیستی و کۆمۆنیستی بزوتنەوەی ئاتەئیست و زانستی و پێشکەوتنخواز بوون بەشێوەیەکی خۆڕسک.

ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیە لە کۆمەڵگایەکی دینی یەوە، کە تیایدا دین لە هەمو بوارە فکری و سیاسی و کۆمەڵاتیەکاندا باڵادەست بوو، بۆ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و سێکولار کە پشتی بە زانست و یاسا دانراوەکانی مرۆڤ دەبەست، ڕوخساری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ هەمیشە گۆڕی و سێکولاریزم بوەتە میتۆد و پرەنسیپێکی جێکەوتو بۆ گەشەکردنی بەردەوامی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. لەڕۆژئاوا و تەواوی دنیادا ئەمڕۆ سێکولاریزم وەک ڕەوتێک بۆ گۆڕینی یاسا و نەریتە دینیەکان بە یاسای مەدەنی و نەهێشتنی دەستێوەردانی دەزگا دینیەکان لە هەمو جومگەکانی دەوڵەت و ئیدارەی گشتیدا بەردەوامە.

لەڕۆژهەڵات و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسەلەی سێکولاریزم و دەوری دین تاڕادەیەک جیاوازە لە ڕۆژئاوا. پەلکێشانی سەرمایە لەئەوروپاوە بەرەو ڕۆژهەڵات تەنیا کاڵای نەبرد بەڵکو پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وسەرخانی سیاسی ڕۆژهەڵاتیشی لەبەریەک هەڵوەشان. بۆ نمونە،هەڵوەشانەوەی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی یەکێک لە ئاکامەکانی بوو. بەڵام زاڵبونی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری بەهەمان پرۆسەی دورودرێژی سەرهەڵدان وکەڵەکەی سەرمایە ومانیفاکتۆرە و دروستبونی یەکێتیە پیشەییەکان نەڕۆیشت کە لە ئەوروپا چەندین سەدەی خایاند. بەهەمان شێوە پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وسەرخانی سیاسی دەرەبەگایەتیش هەمان پرۆسەی ئالوگۆری شێنەیی و گۆرینی نەریتە کۆنەکان بەنەریتی نوێ نەبینی. ئڵلوگۆرەکانی ڕۆژهەڵات لەژێرکاریگەری فاکتەرەکانی پەیوەست بونەوە بوو بە بازاڕی جیهانی سەرمایە و جێگاوشوێنی ئابوری و سیاسی ڕۆژهەڵات لەو دابەشکردنە ئیمپریالیستیەی جیهاندا کە تیایدا ڕۆژهەڵات وابەستەی ئەوروپا بوو .ئاڵوگۆری پەیوەندی دەرەبەگایەتی بۆ سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتدا پێویستی بە دەستبەسەراگرتنی مادەی خاو و سەرچاوەکانی وزە و زەوی وزار و هێزی کاری هەرزانی کرێکاران بوو، هاوکاتیش پێویستی بە دامەزراندنی ئیدارەیەکی مۆدێرنی سیاسی بوو.دەوڵەتانی ئیمپریالیستی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێداویستیانەی سەرمایە لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستیان بە سێکولاریزەکردنی کۆمەڵگە نەبوو و هاوکات بورژوازی ڕۆژهەڵاتیش پێویستی بە شەڕی دەزگا دینیەکان نەبوو بۆجێخستنی سیستەمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری لەبەرئەوەی ئیمپریالیزم لەسەرەوە ئەم ئەرکی گۆرانکاریانەی ئەنجامدا. پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەشێوەی ریفۆرمی دەوڵەتی ئەنجامدران. هەربۆیە هیچ کات لیبرالیزمی ئابوری لە ڕۆژهەلاتدا  هاوتا نەبوە لەگەل لیبرالیزمی سیاسی و لیبرالیزم وەک بزوتنەوە و نەریتی سیاسی لە نێو بورژوازی ڕۆژهەڵاتدا باڵادەست نەبوە.  فاکتەری پشت بەستنی ئابوری لە ڕۆژهەڵاتدا بە دەوڵەتی مەرکەزی و سەرهەڵنەدانی موڵکایەتی تایبەتی وەک ئەوروپا پێشینیەکی مێژوویی هەیە وهاتنی سەرمایەی جیهانیش دەوری دەوڵەتی مەرکەزی کەم نەکردەوە بەڵکو بۆ کۆنترۆلی ئاسانتری ڕۆژهەڵات وسەپاندنی هەلومەرجی هێزی کاری هەرزانی کرێکاران دەوری دەوڵەتی سەرکوتگەری مەرکەزی زیاتر بوو.هاوکاتیش دەوری دامودەزگا دینیەکان بۆ هێشتنەوەی هەلومەرجی سەرکوتی سیاسی ودواکەوتویی کۆمەڵایەتی بوە بەشێک لە پێداویستیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتداو دەرکەوتنی بزوتنەوە و ڕەوتی سێکولاریستی بوە شتێکی شاز و ئیستیسنا نەک بنەما و قاعیدە.

ئەم هەلومەرجە لەژێرکاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئالوگۆرێکی بەسەردا هات وخەباتی دژی ئیمپریالیستی مۆرکێکی پێشکەوتنخوازانە ومۆدێرنیزەی وەرگرت. گەشەی ئابوری سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتدا هاوکات زەمینەی هەڵوەشانەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە  دەرەبەگایتەیەکان و ئالوگۆڕ لە شێوازی خێزان و دەوری ژنان لە بازاڕی کار و خوێندن وکردنەوەی قوتابخانە ودانانی یاسا مەدەنیەکان و کرانەوەی فەرهەنگی، ئەمانە سەرجەم لە  مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵگەدا دەوریان گێڕا و لە تورکیا و تونس گەیشتە ڕادەی ڕەسمی بونی جیایی دین لە دەوڵەت.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناسیونالیزم وەک بزوتنەوەی باڵادەستی بورژوازی  سەرەرای ئەم رەوتی مۆدێرنیزەبونەی کۆمه‌ڵگە هەمیشە دینی وەک بەشێک لە ئایدیۆژیا و یاسای حوکمڕانی بەکاردەهێنا و شەرعیەتی کۆنەپەرستی سیاسی پێ قایم دەکرد. لەجەنگی ساردیشدا ئەمریکا ئیسلامی سیاسی وەک بزوتنەوەیەکی دژی سۆڤیەت بەکارهێنا و چ بەشێوەی پشتیوانی سعودیەی وەهابی و دواتر ئیخوانەکان و چ بە درووستکردنی گروپە جیهادیەکان لە ئەفغانستان و پاکستان .هاوکات هاتنەسەرکاری جمهوری ئیسلامی ئیران وشەڕی ئیران و عێراق و ئەزمەی حکومەتە ناسیونالیست و دیکتاتۆریە عەسکەریەکانی ناوچەکە، زەمینەی هێرشێکی بەرفراوانی بۆسەر مەدەنیەتی کۆمەلگە دەست پێکرد و پاشەکشەی به هەر رەوتیکی سیکولاریستی کرد.

بەگشتی لە ئاستی جیهانیدا هەرچەند گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ دۆخی کۆمەڵگەی دینی پێش سەرمایەداری ئیمکانی نییە، بەڵام بورژوازی چیتر ڕوخساری پێشکەوتنخوازی نیە تا رەوتی سێکولاریزاسیۆن تا هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵگە بەرێت و بەڵکو بە پێچەوانەوە کۆنەپارێزە بەرامبەر بە هەموو سیما و نەریتە دواکەوتوە دینیەکان و تا بتوانێ  دەیانپارێزێ بە لە بەرچاوگرتنی پێویستیەکانی سەرمایە وپەرچەکرداری چینە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان. بۆ نمونە ناچارە ڕێگری بەردەم یاسای لەباربردن و زەواجی هاوڕەگەزبازەکان لابەرێ و پەیوەندی دامودەزگا دینیەکان بە دەوڵەتەوە لە نزمترین ئاستدا ڕاگرێ کاتێ ڕێکخراوە و گروپە سێکولاریست و ئازادیخوازەکان فشاری بۆ حکومەت و پەرلەمان دێنن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێک لە بورژوازی بەدیلی دینی و ئیسلامیان کردۆتە شێوازی دەسەڵاتدارێتی و شەڕیانە لەسەر سەپاندنی مۆدیلی دینی وەک ڕێگاچارەی سەرمایەداری بۆ درێژەپێدانی هەلومەرجی درێژەپێدانی سەرکوت و بێ مافی و کەڵەکەی سەرمایە.

لێرەوە بۆمان ڕون دەبێتەوە کە سێکولاریزم وەک ڕەوتێکی شۆڕشگێڕانە کە بتوانێ کۆمەڵگە لەدەست دواکەوتویی فکری و سیاسی ڕزگار بکا پەیوەستە بە دەورونەخشی بزوتنەوە شۆڕشگیڕەکان کە دژی سیستەمی سەرمایەداری و وەزعی مەوجودەوەن. بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا سێکولاریزم بەشێک لە بەرنامەی هەر بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە پێک دەهێنێ کە ڕێگە دەگرێ لەوەی بورژوازی بتوانێ لە ڕێگای دین و دامەزراوە دینیەکانەوە کۆنەپەرستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکاتە چارەنوسی چەند نەوەی تر لەم کۆمەڵگایانەدا. هەربۆیە هەر هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە و هەر شۆڕشێک ڕوبەڕوە لەگەل تێکشاندنی ئەم دەورەی دین و ئیسلام لەم ناوچەیەدا لە ئاستی فکر و سیاسەت و کۆمەڵگەدا.

ئاگاپرێس : سیکۆلار بەماناى جیاکردنەوەى ئاین لە دەوڵەت دێت ؟ یان بنەمایەکە بۆ رێکخستنى ژیان بەپێ بیروباوەڕەکان؟

ئاسۆ کمال: بەڵێ سێکولاریزم بەمانای ڕێگە نەدان بە دامەزراوە دینیەکان بۆ دەستێوەردان لە کاروباری دەوڵەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا. ئەمە خۆی بنەمای ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەییە بە بێ یاسا و شەریعەتی دینە جۆراوجۆرەکان و تایبەت کردنی ئەم بیروباوەڕ و یاسا دینیانە بەو تاکانەی خۆیان دەیانەوێ لەژیانی شەخسی خۆیاندا پەیڕەوی بکەن. یاسا و دادگا و پەروەردە و دەزگا گشتیەکان موڵکی و بڕیاری گشتین و نابێت دین و دەستە وتاقمێکی دینی و شەریعەت و مەزهەبێک بنەما و یاساکانی خۆی بەسەر ئەم دامودەزگا گشتیانەدا بسەپێنێ و لەم ڕێگایەوە جیاکاری و ستەم لەو هاوڵاتیانە بکا کە نایانەوێ و دژ بەو یاسا و ڕێسا دینیانەن. یاساکان دەبێ لەلایەن هاوڵاتیانەوە دابنرێن نەک لە ڕێگەی کتێب و دەق و یاسای دینێکەوە کە چواردە سەدە لەمەوپێش دانراوە وەک لە دەستور و یاسای دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستاندا دەیبینین.  دەوڵەت و دامودەزگا گشتیەکان دەبێ لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەڕیوەببرێن نەک پەیڕەوانی دینێکی دیاریکراو وەک لە حکومەتە ئیسلامیەکاندا ئێران و سعودیە و ئەوانی تردا دەیبینین.ڕزگارکردنی دەوڵەت و دامودەزگا گشتیەکان لە دین و دامەزراوە دینیەکان ڕزگارکردنی سیاسی هاوڵاتیانە لەدەست دەسەڵاتی سەرو خەڵکی کە بەناوی دینەوە حکومەت دەکا و مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان پێشێل دەکا.

شاردنەوەی ئەم کۆیلایەتیە لەم سیستەمە سەرمایەداریەدا پێویستی بە پاساوی تیۆریە تاکو کرێکاران و چینە ژێردەستەکان قەناعەت بەمانەوە و ئەبەدیەتی ئەم ڕژێمە بهێنن. دین هەمیشە دەوری هه‌بووه‌ لەم بێباوەڕبونەی ئینسان بە‌هێزی خۆی و بەتایبەت بۆ کرێکاران و چینە ژێردەستەکان کە خاوەنی بەرهەمی کاری خۆیان نین و لەباری مادیەوە بەهرەمەندنین لە خاوەندارێتی هۆکانی بەرهەمهێنانی ژیانی خۆیان، ئاین دەتوانێ کوێرانە ئەم چارەنوسە درێژە پێبدا. هەربۆیە پێویستی بە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەم باوەڕە دینیە و بەشێک لە داهاتی کۆمەڵگە دەکرێتە خەرجی ئەو دامودەزگا فکری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیانەی ئاین و خورافەی ئاینی دەهێڵنەوە. سێکولاریزم توانی دەزگای بەڕیوەبردنی دەوڵەت و خوێندن و یاساکان لە دەستێوەردانی دەزگا دینیەکان دوربخاتەوە و ئەمە هەنگاوێکی گرنگی مێژوویی بوو. بەڵام لەدەرەوەی دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەت دین وەک دامەزراوەیەک لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لەلایەن بورژوازیەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە و بەشێک لە قازانجی سەرمایە دەخرێتە خزمەت ئەو بەشە لەکۆمەڵگا کە لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی دیندا کاردەکەن و وەک بەشێکی دانپێدانراوی کار دابەشکردنی کۆمەڵایەتی لە سەرمایەداریدا کاردەکا. هەربۆیە کاریگەری دین و دامەزراوە دینیەکان تەنیا بە دوورکەوتنەوەیان لە دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەت کۆتایی نایەت، هەرچەندە ئەم ڕەسمی نەبون و ڕێگرە ڕەسمیانەی ڕەوتی سێکولاریزم بۆ دامەزراوە دینەکانی دروست کردوە لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دینی کەم کردۆتەوە لە چەوسانەوە و پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران و چینە کەم دەرامەتەکان.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە دەوری ڕەسمی دەزگا دینیەکان و حزب و ئۆرگان و یاسا ئیسلامیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سێکولاربونی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی و دادوەری و خوێندن لە ڕۆژئاوادا ،دەبینین کە چۆن سێکولاریزم دەورێکی گەورەی گێڕاوە لە بردنە سەرەوەی باوەڕبەخۆبون و چاوەڕوانی و دەستکەوتە ئابوری و سیاسیەکان و ئازادیەکان لە ڕۆژئاوادا و چۆن کۆنەپەرستی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی ناتوانێ لە بەرگی پیرۆزیە دینیەکان خۆی بڕازێنێتەوە و چۆن هوشیاری و ئامادەیی بۆ خەبات دژی چەوسانەوە و نەهامەتیەکانی سەرمایەداری ئاسانترە بۆ کرێکاران وخەڵکی ستەملێکراو.

ئاگاپرێس :دانانى یاساکانى بارى کەسێتى و یاساى سزدان لەسەر پرنسیبەکانى سیکۆلار دوور لە ئاین بنەمایەکە بۆ ژیانى تاک ؟

ئاسۆ کمال: ناوەندی سێکولار لەکوردستان لە بەرامبەر ڕەشنوسی دەستوری هەرێم ڕایگەیاند کە “دەستوری هەرێمی کوردستان دەبێت  یەکسانیی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر یاسادا ڕابگەیەنێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، مەزهەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوەو ڕەگەز و زمان . ماددەی سییەم کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە “نابێ حوکمەکانی باری کەسێتی پەیڕەوانی ئاینێک لەسەر پەیڕەوانی ئاینێکی دیکە بسەپێنرێت” وا دەردەکەوێت کە مافە ئاینییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم دەپارێزێت بەڵام لە جەوهەردا کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئاین‌و ئاینزا لە یەکجیادەکاتەوەو لەبەرامبەر یاسادا نایەکسانیان دەکات. بۆنمونە چۆن دەکرێت موسڵمانێک ئەگەر دزی کرد ئەوە دەستی ببڕدرێت کەچی ئێزیدییەک ئەگەر دزی کرد ئەوە شەش مانگ زیندانی بکرێت. ئەمە نایەکسانی‌ دەسەپێنێت نەک یەکسانی کە ئەرکی دەستورە. بەم شێوەیە ئەم مادەیە  شەریعەتی ئیسلامی و پەیڕەوی ئاینە جیاوازەکان دەکات بەیاسا و هەموو هەموو بنەما مەدەنی و مۆدێرنەکان ویاسا مەدەنیەکانی باری کەسی دنیای ئەمڕۆ دەسڕێتەوە.
لە دەستوری هەرێمی کوردستاندا پێویستە بنەماکانی یاساکانی باری کەسیی‌ لەسەر پرینسیپە سیڤیل و مەدەنی  و مافە جیهانیەکانی مرۆڤ دابنرێ و دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی هەر ئاینێک .

ئەم بنەمایە نەک هەر بەرامبەر بە دینی ئیسلام بەڵکو بەرامبەر بە هەموو ئاینەکانە کە دەبێ یاسای باری کەسێتی لەسەر بنچینەی یاسا مەدەنی و سیڤیلەکانی مرۆڤ دابنرێ نەک لەسەر بنەمای دینەکان. لێرەدا پێم باشە نمونەی وەڵامێکی گۆنا سەعید ئەندامی بۆردی ناوەندی سێکولار بهێنمەوە بەرامبەر بە ڕێکخراوی “دابڕان” کە ڕایانگەیاندبوو ” لەئێستاشدا سەرقاڵی پڕۆژە یاسای باری كەسێتین بۆ زەردەشتیەكان. ” http://www.dwryan.net/Direje.aspx?Jimare=3025

گۆنا دەڵێ ” ئەم کارەی ئەم لیژنە پارێزەرە دابڕان نیە لە ئیسلام بەڵکو پیرۆزکردنی هەمو دینەکانە هەروەک لە پڕۆژەی دەستوری هەرێمدا هاتوە” کەوایە ئایا ئەیانەوێت ژنان و کچان و گەنجانی یەزیدی و شەبەک و کاکەیی و ..هتد یش گیر بخۆن بەدەست ئەحکامی دینەکانیانەوە هەروەک چۆن ژن و گەنجی موسوڵمان گیری خواردوە !!!؟؟؟؟ .. ئایا بە راستی ئەم لیژنەیە و ڕێکخراوی دابڕان ئەمە بە چارەسەر دەزانن !!؟؟ .. ئایا ” دوعا ” مان بیر چۆوە کە بە هۆی پەیوەندی خۆشەویستی لەدەرەوەی ئەحکامی دینەکەی خۆی چی بەسەر هات !!؟؟؟ .ئەم هەموو ژنە موسوڵمانەمان بیر چوو کە چۆن بەدەست ئەحکامە کانی هاوسەرگیری و تەلاق و میراتی و سەرپەرشتی منداڵ وفرەژنی ەوە گیریان خواردوە و ژیانیان پرە لە توند و تیژی و بەردەوام ستەمی کۆمەڵایەتی و سیستەماتیکیان لێ دەکرێت !!؟؟ .. ئەم لیژنەیە دەلێن با ئەوانەی سەر بە دەینەکانی تر وەک موسوڵمانان مافیان هەبێت لە یاسای باری کەسێتیدا ؟؟ .” http://www.kurdistansecular.com/ku/?p=1545

ئاگاپرێس : ئایا دوورخستنەوەى سیستەمى  خوێندنى ئاینى  لە بوارى پەروەردە  چى کاریگەریەکى هەیە؟

سیستەم و پەروەردەی ئاینی سیستەمی سەدەکانی ناوەڕاستە و ناکۆکە بە ژیانی هاوچەرخ و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەدەی ١٩ و ٢٠ تا ئێستا کە لەسەدەی ٢١ داین. دین ئایدۆلۆژیا و لێکدانەوەیەکی نازانستیە بۆ یاساکان و دیاردە سروشتی و کۆمەڵایەتی و دنیاییەکان و لە سەر بنەمای زانستی فیزیا و فەلەکناسی (ئەسترۆنۆمی) و بایۆلۆژی لێکدانەوە دینیەکان ڕەتکرانەوە و نادروستیان سەلمێنرا و هەربۆیە لە جیاتی خوێندنی ئەنجیل و قورئان و تەورات کە کۆرس و مادەکانی خوێندن و پەروەردەی سەدەکانی ناوەڕاست بوو ، وانە زانستیەکان جێگایانی گرتەوە و قوتابخانەکان و زانکۆکان لەسەر ئەم مەنهەج و (کیروکیلیوم) مانە دانرا و ئاینەکان نەک تەنیا یەک ئاین وەک بابەتێکی مێژوویی دەخوێندرێن . ئەم سیستەمە سێکولار و زانستیەی بنەمای گەشەی ئابوری و تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتی دنیای ئەمڕۆیە و نەوەی نوێ بەدەستکەوتە زانستیەکان ئاشنا دەکات و مەعریفە و زانیاری و تێگەیشتنیان لە قاڵبی کۆن و دواکەوتودا ناهێڵێتەوە و هەمیشە پێشی دەخات .

بە پێویستی دەزانم لێرەدا وتەیەکی مامۆستا فوئاد قەرەداغی بهێنمەوە لەسەر پیویستی سیستەمی سێکولاری خوێندن لە کوردستاندا ،وەک شارەزایەک لە بواری پەروەردەدا. ئەو دەڵێ “کاتێک ئەوە بۆ دەوڵەت دەسەلمێنین پرۆسەی پەروەردە بگرێتەدەست وبیخاتە خزمەتی گشت هاووڵاتییەکانیەوە ، دەبێت ئەوەشی بۆ بسەلمێنین کە یاساکانی سیستمی پەروەردەو بەرنامەکانی خوێندن دەبێت گشتی بن و قۆرخکاریی تێدا نەبێت ، ئەوەش تەنها بە سیکولارکردنی پرۆسەکە دەستەبەر دەبێت . چەمکی سیکولاربوون ، واتە جیایی ئاین لە بواری پەروەردەو فێربوون ، ئەم خاڵانە دەگرێتەوە :
١ – دەزگای پەروەردە هەموو مامۆستایان و قوتابییان ( بەجیاوازی ئاینیانەوە ) بە یەکسانی دەبینێت .
٢ – مامۆستایان و قوتابیان ئازادیی بیروباوەڕی ئاینی و غەیرەئاینییان دەبێت و ، لەم بارەیەوە پابەندی یاساو سیستم و رێساکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی پەروەردەیی دەبن .
٣ – تەنها یەک ئاین لە قوتابخانەکاندا ناخوێنرێت ، دەکرێت هەموو قوتابی و خوێندکارەکان مێژووی ئاینەکان و پرنسیپە لەیەکچووەکانیان ، وەک کایەیەکی مەعریفی ، وانەیەک بێت و لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا بیخوێنن .
٤ – ئازادی خوێندنی ئاین بۆ پەیڕەوکارانی هەموو ئاینەکان لە ناوەندە ئاینییەکانی وەک قوتابخانە ئاینییەکان و مزگەوت و کەنیسەو پەرستگاو … هتد .
٥ – لەسایەی سیستمی سیکولاردا قوتابخانە ناوەندێکی گشتی دەبێت بۆ فێربوونی زانستەکان و گەشەکردنی قوتابی لەهەموو کایە رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکاندا و ، رێز لەبیروباوەڕە ئاینییەکانیان ، وەک تایبەتمەندییەکی شەخسی ، دەگیرێت و بۆ ئەو پرسانەی پەیوەندی بە ئاینەکەیانەوە هەیە ، پەیڕەوکارانی هەر ئاینێک روو لە مەرجەعییەتە ئاینییەکانیان دەکەن . http://www.kurdistansecular.com/ku/?p=326

ئاگاپرێس : لەروانگەى سیکۆلار بۆ مافەکانى مرۆڤ چیە؟

ئاسۆکمال: سێکولاریزم ئایدیۆلۆژیا بەمانای دیاریکردنی بنەمای مافەکانی مرۆڤ نیە بەڵکو بنەمایەکە کە دەبێ ماف و یاساکان لەسەر بنەمای ئاین دانەنرێن و مرۆڤ خۆی ئەو ماف و یاسایانە دیاری بکا. دەبێ دەور و دەستێوەردانی دین لە دانانی یاسا و دەستور و ڕێوڕەسمی ڕەسمی و گشتی دوربخرێتەوە تا مافەکانی مرۆڤ لەدەست دامەزراوە دینیەکان پارێزراو بێت. دەبێت ئەو ڕێگریانەی یاسا وڕیساکانی دینێک بۆ کاری هونەری و هاوسەرگیری و پاراستنی مناڵ و ژیانی ئابوری و سیاسی دایدەنێ لاببرێت. دەبێ ئینسان ئازاد بێت لە بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی ژیان و ڕێکخستن و بەڕیوەبردنی کاروباری گشتیان بەبێ گوێدان بەوەی دینەکان چی دەڵێن. پێویستە خەتی سوور مافەکانی مرۆڤ بێت نەک مافی دینەکان و شەریعەت و یاساکانیان.

ئاگاپرێس :زۆرێک لە ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان یاخود وتار خوێن و سەلەفیەکان دەڵین ئەمەی لە کوردستان دەگوزەرێت شکستی عەلمانیەتە. ئایا دەکرێ دەسەڵاتی کوردی بە دەسەڵاتێکی سیکۆلار یا علمانی هەژمار بکەین؟

ئاسۆکمال: یەکێک لە هۆیەکانی سەرلێشێواندنی خەڵک لەسەر سیستەمی سێکولارو سود وەرگرتنی خراپی ئیسلامیەکان لەم ناو وناوبانگەی عەلمانیەت ئەوەیە کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان خۆیان بە سێکولار لەقەڵەم دەدەن. لەکاتێکدا دادوەری و لەژیانی کۆمەڵایەتیدا برەو پێداوە و دابونەریتی عەشایری و دواکەوتوانەیان ژیاندۆتەوە. لەیاسای فرەژنی و هێشتنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای سزادانەوە بگرە تاکو دروستکردنی لیژنەی فەتوای ئیسلامی و دانانی بودجە بۆ شوێنە ئیسلامیەکان و حزبە ئیسلامیەکان. سەرەڕای ئەم هەموو خزمەتەی دەسەڵات بە ئیسلام و ئیسلامیەکان هێشتا حزبە ئیسلامیەکان هەرچی گەندەڵی و ستەمکاری پارتی و یەکێتیە بە ناوی دەسەڵاتی عەلمانی و سیستەمی سێکولار بە خەڵکی دەناسێنن تاکو خەڵک لە گرتنەبەری خەباتێکی سێکۆلاریستانە دورخەنەوە کە پایەکانی مانەوەی نفوزی سیاسی و توانایی مادی ئەوان دەخاتە ژێر پرسیارو دینداری خەلک وەک وەسیلەی بەدەسەڵات گەیشتنی لەکاردەخا و خەلک چیتر بەناوی ئیسلامەوە ئەم هێزە کۆنەپەرستانە ناکاتە نوێنەری خواست و داواکاریە ڕەواکانی خۆی.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان یەکیک لە کارەکانی ئەوەیە کە ئامانج و بیری سێکولاریستی بۆ خەڵک ڕۆشن بکاتەوە تا بزانن کە ئەو حزبانەی دەسەڵات کە ئیدعای عەلمانی بون دەکەن ڕاست ناکەن و خەڵک پێویستی بە فشار دانانە لەسەر دەسەڵات تا یاساکان و سیستەمی خوێندن و پەروەردە و دادوەری لە دینی ئیسلام جیابکاتەوە و لە جێگایاندا یاسای مەدەنی و پرۆگرامی زانستی دابنێ.

About Secular Kurdistan

Check Also

شلێر عبدالمجید : سیکۆلار دەروانێتە لایەنى ئابوورى وسیاسى وهەتا دینیەکان بە شێوەیەکى عقڵانى وە دۆزینەوە رێگە چارەى گونجاو بۆى

یەکێک لەبنەما گرنگەکانی بە رێکخستنى ژیان یاسادانان و سیستەمى بەرێوەبردنە، لەیاسادانان سزا وسیستەم بۆ ژیان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *