شەماڵ عادل سەلیم :سیکۆلار ، سڕینەوەی دەسەڵاتی ڕەهای ئایینە لە یاسادا

یەکێک لەبنەما گرنگەکانی بە رێکخستنى ژیان یاسادانان و سیستەمى بەرێوەبردنە، لەیاسادانان سزا وسیستەم بۆ ژیان دانراوە، هەوڵێکى جدى هەیە بۆ ئەوەى ئاین لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە 523844_10151161253387596_1034419177_n-e1474741495356،دەستور بکرێتە دەستورێکى سیکۆلارزم ،یاساکان لەژێر شەریعەتى ئاین نەبن و بنەماکانى مافى مرۆڤ بکرێتە سەرچاوەى دانانى.
تێراونینە جیاکان لەسەر سیکۆلارزم دەنگدانەوەى لە نێو کۆمەڵگاى کوردى بە خۆیەوە بینى ، مینبەرى مزگەوتەکان بووتە شوێنى دژایەتیکردنى سیکۆلارزمەکان بە جوڵانى هەستى ئاینى ،لەبەرامبەردا سیکۆلارزمەکان توانیان لەکوردستان زیاتر لە سەد هەزار واژۆ کۆبکەنەوە بۆ دەستورێکى سیکۆلارزم، بۆ قسەکردنى زیاتر لەسەر سیکۆلارزم و پێناسە و وابەستەکردنى بە ئاین، ئاگاپرێس مەلەفێکى تایبەتى کردۆتەوە هەرجارەو پرسیارەکان ئاڕاستەى کەسێک دەکات.

جەلال هۆرێنى

ئاگاپرێس : پێناسەى تۆ بۆ سیکۆلار؟

 

شەماڵ عادل سەلیم :لەدەستپکدا زۆر سوپاسی سەرنووسەرو ستافی ماڵپەڕی (ئاگاپرێس) دەکەم بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە کە بتوانم تیایدا وەڵامی ئەم پرسیارە گرینگانە بدەمەوە ، دەبێ ئەوەش بڵێم کە پرسیارەکان پێکەوە بەستراون ،بۆیە لەهەندێ شوێن درێژەم بە وەڵامەکان نەداوە و تەنها تەرکیزم لەسەر چەند لایەنێک کردووە و نموونەشم بۆیان هێناوەتەوە .
سیکۆلار، پاراستنی ئازادی بیروڕاو ،ئازادی سیمبولە رۆحی و مەزهەبیەكانی تاک و، پاراستنی ماف و بیركردنەوەی جیاوازی تاکەکانە لە کۆمەڵگا بەبێ جیاوازی ، سیکۆلار ، سڕینەوەی دەسەڵاتی ڕەهای ئایینە لە یاسادا ، زامن کردنی مافی هاووڵاتیبوون و یەکسانی وپێکەوەژیانی ئاشتیانەیە بەبێ ڕەچاوکردنی ئاینی زۆرینه‌ ، جیا کردنەوەی دام و دەزگاکانی (دەوڵەت) ە لە ئایین ، جیاکردنەوەی ئایندارانی ڕاستەقینەیە لە مرۆڤی هەڵپەرست و توندڕەی خاوەن بیركردنەوەی سادەو رەشۆك کە ئاینیان کردۆتە مەنبەعی توندڕەوی و تەکفیرکردنی بەرانبەر و، یەکترقەبووڵ نەکردن و، سوکایەتی وبەربەرەکانی ئایین و باوەری دیکە ، بەتایبەتی لە کۆمەڵگاکانی فرە نەتەوەو فرە ئایین و مەزهەب دا.
سیکولار ، (ترافیکی )رێکخستنی ژیانی تاکە لەکۆمەڵگا و،( سەمامی ئەمانە) بۆ نەهێشتنی پێكدادان و سەرکێشی و هەرەشەی سیاسی و ئایینی و مەزهەبی مەترسیدار ،بەتایبەتی لە کۆمەڵگاکانی فرە نەتەوەو فرە ئایین و مەزهەب دا.

 

ئاگاپرێس : سیکۆلار بەماناى دژایەتیکردنى ئاین دێت ؟

شەماڵ عادل سەلیم : سیکۆلار بەهێچ شێوەیەک بەمانای دژایەتیکردنی ئاین نایەت ، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ داوە ، سیکۆلار (ترافیکی )رێکخستنی ژیان و چۆنیەتی بەکارهێنانی بنەما ئاینی و مەزهەبییەکانە لەکۆمەڵگا بەمانای وشە ، بەڵآم ئەوە ڕەوتە ئیسلامیەکان و ووتار خوێن و بانگخوازانی ئیسلامی و سەلەفیەکانن لە مانای ڕآستەقینەی سیکۆلار تێنەگەیشتوون ، یان ڕاستربڵێم ( نایانەوێ تێ بگەن ) ….
ئەگەرڵاپەرەکانی مێژوو هەڵدەینەوە ئەو راستیەمان بۆدەردەکەوێت ، چونکە لەلای ئایندارە سەلەفییە توندڕەوەکان (ئاین ) هێلی سوورە ، بەختەوەری ژیانی دوای مردنیانە ، پەلەپەلی بەدەست هێنانی ٧٢ حۆریی بەهەشتە ، شەرابە ، جیهادە ، شمشێرو تەورە ، تەماشاکە ، مرۆڤێکی زاناو دانای ئەکادیمی وزانست پەرست و رووناکبیرێکی سیکۆلاری وەک ( فەرەج فودە ) بەدەستی سەلەفیەک لە سەرەتای نوەتەکاندا تیرۆردەکرێت ، چونکە بەبڕوای ئەو تەلقین دراوە ،( فودە ) (کافرە ) ،( چونکە بانگەشە بۆ جایاکردنەوەی دین لە دەوڵەت دەکات ) ، هەربۆیە ( فەتوای ) کوشتنی دەدرێت ،ئەوەی جێگای تێڕامانە لەدوای تیرۆرکردنی ( فودە ) دادوەر لە تاوانبارەکە دەپرسێت و دەلێت : بۆ ئەم تاوانەت ئەنجام دا ؟ تاوانبار: چونکە ( فودە )کافرەو لە کتابەکانی بانگەشە بۆ کوفر وعلمانیەت دەکات ، دادوەر: لە کامە کتابی باسی کردووە ؟ ، تاوانبار : من نەخوێندەوارم ، بەڵام وایان پێ گوتومە ….. !! ، کەواتە تاوانبار نەک هەر نازانێت ( فودە چی نوسیوەو بانگەشەی بۆچی کردووەو ، بەڵکو نەخوێندەواریشە ، بەڵام مەرجەعەکەی تەلقینی داوەو وبەڵێنی زامن کردنی بەهەشتی پێ داوە ، ئەویش ( رۆبۆت ) ئاسا تاوانەکەی ئەنجام داوە ،بەوهیوایەی لەبەهەشت لەباوەشی حوریەکاندا ژیانێکی شاهانە بەسەر ببات ..!!
ئا ئەوەیە خەتەری دەستتێوەردانی ئاین و هەژموونی بەسەر کۆمەڵگا و مافی تاکەکان ، ئەوەیە رۆلی ئیماندارەکان و رۆبۆتە دیندارە تەلقینداراوە سەلەفیە جاهیلەکان بەرامبەر سیکۆلار و کەسانی رۆشن فکر لە وڵاتی تەور وەشێنەکان …
گەورە کۆمەڵناسی عێراقی مامۆستا (عەلی وەردی ) قسەیەکی جوانی هەیە و دەڵێت : ئەگەرعەرەب ( موسڵمان ) لەنێوان دەوڵەتی (مەزهەبی و عەلمانی ) سەرپشک بکەن ، ئەوا یەکسەر دەنگ بۆ دەوڵەتی مەزهەبی دەدات ، بەڵام دەچێت لە دەوڵەتی عەلمانی دەژیت ) ، چونکە دەزانێت لەوێ مافەکانی وەک مرۆڤ پارێزراوە ، ئا ئەوە یە ئەسڵی باسەکەیە .
لێرەدا نموونەیەکی خێرا دەخەمە بەردەستی خوێنەری هێژا ، بەحوکمی ئەوەی ماوەیەک لە وڵاتێکی سیکۆڵاری وەک( دانیمارک ) ژیاوم ئەوراستییەم بەئاشکرا بۆ دەرکەوتووە ، کە موسڵمانە لێ قەوماوەکان لە بری ئەوەی پەنا بۆ (عەرەبستانی سعودیە و قەتەرو وئێران ووڵاتانی ئیسلامی دیکە ببەن ) ، روویان لە وڵاتانی سیستەمە عەلمانی و سیکۆلاری ڕۆژئاوایی بەگشتی و ( ئیسکەندەنافی ) بەتایبەتی کردووە ، چونکە باش دەزانن ( ئەوە سیکۆلار)ە رێزلە ئاین و ئایندارەکان دەگرێت و دەتوانن بەئازادی هەموو سریمۆنیاو داب و نەریتە ئایینیەکانیان پەیرەوبکەن و مافەکانیشیان وەک مرۆڤ تیایدا بپارێزرێت ….
ئەگەر سیکۆلار دژی ئاین بوایە ، ئەوا ئەو هەموو (مزگەوت و حوسێینیەو و کەلیساو پەرسگاکانی هیندۆسی، بودایی و کەنیشتەکانی جولەوکەو ئاین و مەزهەبەکانی دیکە لە سیستەمی مۆدێرن و عەلمانی و سیکۆلاردا رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبووندا نەدەبوو .
ئەگەر سیکۆلار دژی ئاین بوایە ئەو هەموو کۆمەلەی ئیسلامی وبنکەی رۆشەنبیری و ئاینی ئەم هەموو ئاین و مەزهەبانە لەدانیمارک و وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکە بەیەکسانی جێگای نەدەبوەوە .
ئەوە یاسایە لەدانیمارک بەیەکسانی پارێزگاری لە مزگەوت و کەلیسا و پەرستگاو کەنیشتە کان دەکات ، ئەوە سیستەمی سیکۆلارە جێگە هەموو ئاینەکانی بەیەکسانی کردۆتەوەو بەیاسا هەموو تاکێکی ئازاد کردووە لە هەڵبژاردنی بیروبڕوای ئاینی . ئەوە سیکۆلارە ، بەیەکسانی سەیری ئیماندارو ئەتەئیست و و ئاگر پەرست و گا پەرست دەکات و لەبری لۆژیکی هێز ، هێزی لۆژیکی چەسپاندووە .
ئەوە سیکۆلارە ( ریکلام کردن وبانگەشەی ئاینی لە شوێنی گشتی و داموودەزگاکانی حکومەت و ناوەندە زانستیەکانی و هتد ..قەدەغەکردووە …..) ، ئەوە سیکولارە ، هەرەشە ودژایەتی کردن و زیان گەیاندن بە کۆمەڵەئاینیەکان لەلایەن ئیماندارانی ئاینێکی دیکە ی قەدەغە کردووە ، هەر بۆنموونە پێش ماوەیەک مەلایەکی توندڕەو لەیەکێک لە مزگەوتەکانی کۆبنهاگنی پاییتەخت ، ئامادەبووانی بۆ جیهاد هاندابوو ، هێندەی نەبرد لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتنە سەرخەت بە بریاری دادگا وتارخوێن سزادرا ، چونکە بانگخوازە ئیسلامییەکە دینی بۆ هاندانی توندووتیژی و کوشتن تەوزیف کردبوو ، لەبری بڵاوکردنەوەی پەیامی لێبوردەیی ئاینی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو یەکترقەبوولکردن .

 

ئاگاپرێس : سیکۆلار بەماناى جیاکردنەوەى ئاین لە دەوڵەت دێت ؟ یان بنەمایەکە بۆ رێکخستنى ژیان بەپێ بیروباوەڕەکان ؟

 

شەماڵ عادل سەلیم : هەروەک دەزانین یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گرینگەکانی شؤرشی فەرەنسا ، جیاکردنەوەی ئاین لە دەولەت بوو ، کە دەرگایەکی گەورەی خستە سەر پشت بۆ حزمەت کردنی مرۆڤایەتی وبەرقەرار بوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لە ئەوروپا …
ئەوە شۆرشی فەرەنسا بوو دەسەڵاتی ترس و تۆقاندنی لە کەڵیسا وەرگرت ، ئەو دەسەڵاتەی ئافرەتی وەک ئەهریمەن دادەناو بەدڕندەترین شێوە و لەبەرچاوی خەڵک دەیسوتاند ، ئەوە دەسەڵاتی کەڵیسا بوو خەلکی زیندەبەچاڵ دەکردوو لە زیندانا تووندی دەکردن ، رێک وەک ئەوەی ئەمرۆ لەوڵاتە دواکەووتووەکان دەگوزەرێت بەناوی (پیرۆزی ئاین و قەدەری ئیلاهی و بڵاوکردنەوەی دینی ئیسلام کە داعش خۆی بەنوێنەری راستەقینەی دادەنێت ) .
بۆیە بەدڵنایەوە دەڵێم : سیکۆلار بەومانایە دێت کە دامەزراوەی ئاینی بۆی نییە دەست لە کاروباری دەوڵەت وەربدات و حوکمی شەریعەت بەسەر خەڵک بسەپێنێت( بەپێچەوانەش راستە ) ….
لەهەمان کاتیش سیکۆلار بنەمایەکە بۆ رێکخستنی ژیان نەک بۆ دژەئاین وەک ئەوەی ئیماندارەکان بانگەشەی بۆدەکەن….. !!
چونکە مەرج نییە رووناکبیری سیکۆلار کەسایەتییەکی ( ئاتەیست ، بێباوەڕ بێت ) بەپێچەوانەوە لەوانەیە ئیماندار بێت بەڵام باوەڕێ بە ( ئاین بۆ تاک و دیموکراسی و دەوڵەت بۆ هەمووان) بێت .

 

ئاگاپرێس :دانانى یاساکانى بارى کەسێتى و یاساى سزدان لەسەر پرنسیبەکانى سیکۆلار دوور لە ئاین بنەمایەکە بۆ ژیانى تاک ؟
شەماڵ عادل سەلیم : بەدڵنییایەوە ، پرەنسیپەکانی سیکۆلار تەنیا لە سەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی ماف و مرۆڤایەتی پێکھاتووە ، ئەومافەش بنەمای سەرکییە بۆ ژیانی تاک لە کۆمەڵگا کە یاسا سەروەر بێت نەک شمشێرو تەور .

 

ئاگاپرێس : ئایا دوورخستنەوەى سیستەمى خوێندنى ئاینى لە بوارى پەروەردە چى کاریگەریەکى هەیە؟

 

شەماڵ عادل سەلیم : سیستەمی خوێندنی ئاینی، قوتابی ( دەگەوجێنێت ) چونکە کۆلەگەی سەرکی لە خوێندنی ئاینیدا ( تەلقین دانە ) نەک ( فێر بوون ) ، ( وەهمە ) نەک ( زانست ) ، (تێکشاندنی ناخی پرسوناڵە ) نەک ( بنیاتنان و پێگەیاندن و بەهرەمەندی )
خوێندنی ئاینی لەبواری پەروەردەدا قوتابی ترسنۆک و شەرمن و بیر تەسک وگوێ ڕایەڵ و لەرزۆک بەرهەم دەهێنێت ، خوێندنی ئاینی قوتابیەک بەرهەم دەهێنێت کە لە وەهم وغەیب و پرسیار بترسێت و خۆی بەقەدەری ئیلاهی بسپێرێت و ، خەون بە دونیایەکی دیکە ببینێت کە نازانێت هەیە یان نا ….!!
دین هەموو کایە مەعریفیەکان لەمرۆڤ زەوت دەکات ، خۆشەویستی ، دەبێتە ( بڤە ) ، مافە سەرەتاییەکانی چوارچیوەگیر دەکرێت ، (ماچ )حەرام دەکرێت ، هەرهەموو خۆشیەکان دەپێچرێنەوە بە هیوای ئەوەی ئیماندار لەبەهەشتدا ( هەموو شتێکی بۆ مەیسەر دەبێت و لە بری ئاو شەراب و لەبری ژنێک چەندین جاریە ی بەنەسیب دەبێت )
سیسەتمی خوێندنی ئاینی مرۆڤی تەلقین کراو( رۆبۆت ) ئاسا بەرهەم دەهێنێت کە مەودای بیرکردنەوەی چوارچیوەگیردەکرێت و زانست و مەعریفەی لێ دەکرێتە هێلی سوور ، بۆیە دوور خستنەوەی خوێندنی ئاینی لەبواری پەروەردەدا کاریگەریەکی گەورەی دەبێت لەسەر ( پێشکەوتن و تێگەیشتن و پێگەیشتن بەهرەمەندی ) قوتابیان هەروەک ئەوەی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان پەیرەو دەکرێت .

 

ئاگاپرێس : لەروانگەى سیکۆلار بۆ مافەکانى مرۆڤ چیە؟

 

شەماڵ عادل سەلیم : لە ڕوانگەی سیکولار بۆ مافەکانی مرۆڤ ، هاووڵاتی بوونە ، بە مانایەکی دیکە ( مرۆڤەکان ، نەتەوەکان ، رەگەزەکان ، ئاینەکان ، مەزهەبەکان هتد … یەکسانن و هیچ جیاوازییەکیان لەنبێواندا نییە .

 

ئاگاپرێس :زۆرێک لە ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان یاخود وتار خوێن و سەلەفیەکان دەڵین ئەمەی لە کوردستان دەگوزەرێت شکستی عەلمانیەتە. ئایا دەکرێ دەسەڵاتی کوردی بە دەسەڵاتێکی سیکۆلار یا علمانی هەژمار بکەین؟
شەماڵ عادل سەلیم : زۆر بەکورتی بەکوردی ، دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان دەسەڵاتێکی (ئۆلیگارشیی )ە ، دەسەڵاتی خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت و گازە بەمانای وشە . دەسەڵاتی هەڵلوشینی سامانی ژێر زەمین و سەرزەمینە.
بەواتایەکی دیکە دەسەڵاتی کوردی ، دەسەڵاتی حزب ساڵارییە ، یان باشتر بڵێم دەسەڵآتی دووبنەماڵەییە ،لە ناو ئەو دووبنەماڵەیەش ( کەسی یەکەم و دووەم و سێیەم ) بڕیاردەری راستەقینەی چارەنووسی وڵآتن ، واتا دەسەڵاتی کوردی نە دەسەڵاتێکی ( نموونەییە ،نە دیموکراسییە ، نە سیکوڵارو نەعەلمانییە ) بەڵکو ( ئۆلیگارشییە )
جێگای ئاماژەپێ دانە . ئەم دوو بنەمالەیەش دەسەڵاتیان وەک (ملک و سامان) لەباوباپیرانەوە بۆماوەتەوەو و واقیعی ئەمرۆش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەم دەسەڵاتە ( ئۆلیگارشی )یەی باشوری کوردستان بەردەوامی دەبێت بۆ نەوەکانی داهاتووی هەردووبنەمالە بەهەمان شێوەی دەسەڵاتی ئەمرۆیان .
لێدوان و کارو کردەوەی هەردووبنەماڵەش بەدرێژایی ٢٥ ساڵی حوکمیان ئەم راستییە دەسەلمێنن ، و زۆر بە روون و ئاشکراش دەڵێن ، (ئێمە عەیامێکە خەبات دەکەین و قوربانی دەدەین ، بۆیە مەیدان بۆ کەس و لایەنی دیکە چۆڵ ناکەین ) ….!!
بەڵێ ، زۆرێک لە ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان یاخود وتار خوێن و سەلەفیەکان دەڵین ئەمەی لە کوردستان دەگوزەرێت شکستی عەلمانیەتە ، لێرە من هەڵوەستەیەک لەسەر خیتابی نوخبەی ڕەوتی ئیسلامیەکانی کوردستان دەکەم ، با بزانین چی دەڵێن و چۆن خەڵک چەواشە دەکەن :
لە نوێترین لێدوانی (عەلی باپیر) ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان کە لەمیانی وتارێكیدا، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە ، لەپەرەگرافێکیدا دەڵێت :
( له‌م بارودۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشدا، كه‌ سیكۆلاریسته‌ باڵاده‌ست‌و بڕیار به‌ده‌سته‌كان، له‌ حوكمڕانییاندا، فه‌شه‌لێكی بێڕه‌زایان هێناوه‌و، خه‌ڵكیان به‌ته‌واویی بێزارو نائومێد كردوه‌، ئیسلامییه‌كان ئه‌ركی سه‌رشانیانه‌ كه‌ چیدیكه ‌له‌م واقیعه‌ ناشه‌رعییه‌ دژواره‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌یانه‌وه‌ ڕانه‌مێنن‌و، هه‌وڵی پاكسازیی‌و چاكسازیی تێداكردنی بده‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌بێ‌ یه‌كڕیزیی‌و كاری هاوبه‌شیان مه‌یسه‌رنابێ‌.
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆتایی وتارەكەیدا داواش دەكات كە هیچ كه‌سێك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌هۆی له‌پشت په‌رده‌ی ڕه‌شه‌وه‌ ته‌ماشاكردن‌و، گومانی خراپ پێبردنه‌وه‌، له‌وهه‌وڵ‌و هه‌نگاوه‌ی ئیسلامییه‌كان نه‌كه‌وێته‌ ته‌قه) .
لێرەدا دەکرێ زۆر بەراشکاوانە بڵێم :
ئەم جۆرە نووسین و لێدوانانە ، ئەوراستییە دەردەخەن ( بەزانین یان نەزانین، بەویست بێت یان نەویست ) خەڵکانێک بەتایبەت ( ئیسڵامییەکان ) بەهەڵە لە ( عەلمانیەت و سیکۆلار ) تێگەیشتوون ، چونکە ( کوفرە ) دەسەڵآتی کوردی بە دەسەڵاتێکی (سیکولار یان عەلمانی) دابنرێت ، لەبەر ئەو هۆیانەی لە بەشی یەکەمی وەڵامی ئەم پرسیارە باسم لێوە کرد .
لەکۆتایدا دەپرسم و دەڵێم : ئایا هەتا ئەمرۆ لەباشوری کوردستان هیچ پێکهاتێکی یاسایی وەکو دەسەڵاتی ( یاسادانان و جیبەجێکردن و دادوەری و دەسەڵاتی چوارەم کە ڕاگەیاندنە ) بوونی هەیە ؟ بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە و کەسی یەکەمی زۆنی ( زەرد و سەوز و نیلی )هێڵی سورەو لەسەرەوەی یاسایە ؟ ئایا باشوری کوردستان وەک ( بوکەڵە ) لەدەستی دوو بنەماڵە گیری نەخواردووە ؟ ئایا بەراست ئەوەی لەباشوری کوردستان دەگوزەرێت شکستی عەلمانیەتە ؟ ئەوانەو چەندین پرسیارگەلێکی دیکە رۆژانە ڕوبەڕوومان دەبێتەوەو پێویستە هەموومان بەدوای وەڵامەکانیان بگەرێین و ، خاڵ لەسەر وشەکان دابنێن بۆ ئەوەی لەراستی و دروستی بابەتەکان و چەمکەکان تێبگەین و چی دیکە بەئاسانی تێنەكەوین و هەڵنەخەڵەتێنرێین .

 

About Secular Kurdistan

Check Also

شلێر عبدالمجید : سیکۆلار دەروانێتە لایەنى ئابوورى وسیاسى وهەتا دینیەکان بە شێوەیەکى عقڵانى وە دۆزینەوە رێگە چارەى گونجاو بۆى

یەکێک لەبنەما گرنگەکانی بە رێکخستنى ژیان یاسادانان و سیستەمى بەرێوەبردنە، لەیاسادانان سزا وسیستەم بۆ ژیان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *