پروپاگەندەی دژەئایینی لیۆن ترۆتسكی

پروپاگەندەی دژەئایینی
23172162016_was
لیۆن ترۆتسكی
وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد

ڕێگەم بدەن جارێكی دیكە بگەڕێمەوە سەر بابەتی پروپاگەندەی دژەئایینی، وەك یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی بواری ژیانی ڕۆژانە. لێرەدا ئیقتیباسێك لە بڕیارنامەی كۆنگرەی سێزدە دەهێنمەوە. ئەم ئیقتیباسە، كورتە: “پێویستە سەرنجێكی ورد لە پروپاگەندە باوەكانی زانستە سروشتییەكان بدرێت (پروپاگەندەی دژەئایینی)”. لەبیرم نییە ئایا ئەم جۆرە فۆرمولەبەندییە كە پروپاگەندەی دژە ئایینی لە كەوانەدا دوای “پروپاگەندەی باوی زانستە سروشتییەكان” دادەنێت، لە ڕابردووشدا بەكارهێنراوە یان نا. تەنانەت ئەگەر بەكاریش هێنرابێت، ئەمە ئێستا بەشێوەیەكی ڕەسمی جێگیركراوە. ئەم قسەیە، پێویستی بە ئاراستەیەكی تازە و جیاواز هەیە بۆ بابەت و مەسەلەیەكی كۆن.

لەژێر كاریگەریی ئەرێنیی هێزی بزوێنەردا كە كۆنگرەكەی ئێوە و بەتایبەت بەستنەكەی، دروستیكرد، ناچاركراوم لە بابەتێكی زۆر گەورە و بەرفراوانی بڵاوكراوەكە بڕوانم كە بەشێوەیەكی باو دەرفەتی پێداچوونەوەیانم نەبووە، بەتایبەت بڵاوكراوەی كاریكاتێریی “بزبۆژنیك” (بێ خوا) كە تیایدا كاریكاتێرگەلێكی زۆر و زەوەندی بەرچاوی هەندێك لە باشترین كاریكاتێریستە باوەكانی هەیە؛ گۆڤارێك كە بێگومان ڕۆڵێكی ئەرێنیی هەیە لە ناوەندە تایبەت و لە بنەڕەتدا شارییەكاندا، بەڵام سەرەڕای ئەمە زۆر بە زەحمەتی ڕەوتێكی دروست دەگرێتە بەر بۆ خەباتكردن دژی خورافات و وەهمپەرستییەكان. لەم میانەیەدا لاپەڕەی ژمارە بە ژمارەكانی دەكرێت دۆئلێكی ماندوونەناس لەگەڵ یەهوە، مەسیح و ئەڵڵادا ببینینەوە، جەنگێكی ڕووبەڕوو لەنێوان كاریكاتێریستەكاندا بە لێهاتووییەوە، “دیمیتری مۆر” و خوا. هەڵبەت ئێمە بەتەواوی لە بەرەی مۆرداین. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئەم گشتە شتێك بێت كە ئەنجامی دەدەین، یان ئەگەر بڕیار بووایە ئەمە ئەركی سەرەكیی ئێمە بێت، لەو حاڵەتەدا بەداخەوە ئەم دوئێلە بە كێبڕكێیەكی یەكسان كۆتایی دێت…

بەهەرحاڵ، ئەمە تەواو ڕوون و مشتومڕهەڵنەگرە كە لە ساتی ئێستادا
ئێمە ناتوانین بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و دروست شەڕ دژی خوا بكەین. ئەمە بۆ ئێمە بەس نییە. ئێمە ماتریالیزم دەكەینە جێگرەوەی عیرفان، بەر لە هەرشتێك ئەزموونی دەستەجەمعیی كۆمەڵانی خەڵك فراوانتر دەكەین، هەژموون و نفوزی چالاكییەكەی لە كۆمەڵگادا دەبەینە سەرەوە، پەرە بە ئاسۆی زانینە ئەرێنییەكەی دەدەین

و لێرەوە، لێدانێك لە دەمارگرژییە ئایینییەكان (لەهەر شوێنێكدا پێویست بێت)، دەدەین.
مەسەلەی ئایین، گرنگییەكی گەورە و زۆرترین تێكەڵاویی بە كاری كولتووری و بونیادی سۆسیالیزمەوە هەیە. ماركس لەلاوێتیدا گوتی: “ڕەخنەی ئایین، بنەڕەتی هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە”. بە چ مانایەك؟ بەو مانایە ئایین جۆرە مەعریفەیەكی وەهم و خەیاڵیی جیهانە. ئەم خەیاڵە دوو سەرچاوەی هەیە: لاوازیی ئینسان لە بەرانبەر سروشت و نەگونجانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان؛ ترس لە سروشت یان گرنگی پێنەدانی، بێتوانایی لە شیكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان یان فەرامۆشكردنیان، ئینسانی والێكرد تا بە خوڵقاندنی وێنە خەیاڵییەكان هەوڵبدات پێداویستییەكانی لە كۆمەڵگادا دابین بكات و بیانكاتە قوربانیی ئەم حەقیقەتە وەهمییە و لەبەردەم خوڵقێنراوەكانی خۆیدا، سوژدە بەرێت. ڕیشەی ئەم خوڵقاندنە لەنێو پێداویستیی پراكتیكیی ئینسان دایە بۆ دۆزینەوە و جێگیركردنی خۆی – كە لە هەلومەرجی ململانێ بۆ مانەوەوە سەرچاوە دەگرێت -.

ئایین، سازشكردنێكی ئامانجدارە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەركەوتووانە لەگەڵ ململانێی مانەوەدا. لەم سازشەدا، یاساگەلێكی سوودمەند و گونجاو هەن. بەڵام ئەمە سەرتاپا تێكەڵی ئەفسانەكان، وەهمەكان، خەیاڵات و مەعریفە ناواقیعییەكان بوون. دروست وەك ئەو فۆرمەی گەشەكردنی كولتوور، كەڵەكەكردن و زەخیرەی مەعریفە و كۆنتڕۆڵكردنە، ڕەخنەی ئایینیش بنەڕەتی هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە. بۆ هەمواركردنی ڕێگایەك بۆ مەعریفەی دروست و حەقیقی، دەبێت مەعریفەی تەزویر و خەیاڵی لەناوبەرین. ئەگەرچی ئەمە تەنها كاتێك دروستە كە مەسەلەكە لە گشتێتییەكەیدا ڕەچاوبكەین. لەڕوانگەی مێژووییەوە، نە تەنها لە بوارگەلێكی تاك و تەنهادا، بەڵكو لە پەرەسەندنی كۆی چینەكاندا، مەعریفەی حەقیقی لە فۆرمەكان و گونجانە جیاوازەكانیدا تێكەڵی دەمارگیرییە ئایینییەكان بووە. خەبات دژی ئایین و كۆی فۆرمەكانی ئەفسانە و وەهمەكان بەگشتی كاتێك سەركەوتوو دەبێت ئەگەر ئایدیۆلۆژیای ئایینی دژ بە پێداویستییەكانی چینێكی دیاریكراو لە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتیی نوێدا بێت. بە دەربڕینێكی دیكە، كاتێك كەڵەكەكردنی مەعریفە و پێداویستیی بۆ مەعریفە، نەكەوێتە نێو چوارچێوەی حەقیقەتە ناواقیعییەكانی ئایینەوە، لێدانێك بە تیغی ڕەخنە بەسە تا پەردەی ئایین بدڕێنێت.

سەركەوتنی فشاری دژەئایینی كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو پیادەم كردووە، بەم حەقیقەتەوە ڕوون دەبێتەوە كە توێژە پێشڕەوەكانی چینی كرێكار، ئەو كەسانەی چوونە نێو قوتابخانەی شۆڕشەوە، واتا ئاراستەیەكی چالاكیان بەرانبەر بە حكومەت و دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان گرتەبەر، زۆر بە ئاسانی مەیدانی دەمارگیرییە ئاینییەكانیان لەناوبردووە كە خۆی بە شێوەیەكی تەواو بە گۆڕان و وەرچەرخانەكانی پێشوو، لاواز ببوو. بەڵام دۆخەكە كاتێك بەشێوەیەكی بەرچاو جیاواز دەبێـت كە پروپاگەندەی دژەئایینی نفوزی خۆی بۆ توێژە كەمتر چالاكەكانی دانیشتووان، نەك تەنها گوندەكان، بەڵكو بۆ شارەكانیش فراوان بكرێت. مەعریفە و زانستی واقیعی كە ئەوان بەدەستیان هێناوە، زۆر بەرتەسك و سنووردارە، بەجۆرێك دەكرێت ماڵ بە ماڵ دەمارگیریی ئایینی بوونی هەبێت. ڕەخنەی ڕاستەوخۆ لەم دەمارگیرییانە، كاتێك پەناگا و سەپۆرتێكی لە ئەزموونی فەردی و دەستەجەمعیدا نەبێت، هیچ ئەنجامێكی لێناكەوێتەوە. كەواتە پێویستە لە گۆشەیەكی دیكەوە لێی نزیك ببینەوە و مەیدانی ئەزموونی كۆمەڵایەتی و مەعریفەی واقیعی فراوان بكەین.

ئامرازەكانی گەیشتن بەم ئامانجە، جیاوازن. هۆڵەكانی نانخواردنی گشتی و دایەنگاكان ڕەنگە بزوێنەرێكی شۆڕشگێڕی بە ئاگایی ژنی ماڵەوە بدەن و پرۆسەی دابڕان لە ئایین بەجۆرێك لەودا بەهێز و خێرا بكەن. میتۆدە ئاوڕشێنە ئاسمانییەكان بۆ وێرانكردنی ژەنگە میوەییەكان لەوانەیە ڕۆڵێكی وەها بۆ جوتیاران بگێڕێت. هەر ئەوەی كرێكاری پیاو و ژن لە ئەنجوومەنەكاندا بەشداری دەكەن – ئەو ئەنجوومەنانەی ئەوان بۆ دەرەوەی قەفەسی بەرتەسك و بچووكی خێزان، لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەی وێنەی مەسیح و چرا بەردەستەكەی، ڕێنمایی دەكات – یەكێك لە ڕێگاكان بۆ ڕزگاربوون لە دەمارگیرییە ئایینییەكان دەكاتەوە و هتد. ئەم ئەنجوومەنانە دەتوانن و دەبێت بە وردییەكەوە توانای بەرهەڵستییكردنی دەمارگیرییە ئایینییەكان هەڵبسەنگێنن و ڕێگاگەلێكی ناڕاستەوخۆ بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم دەمارگیرییانەدا بە فراوانكردنی ئەزموون و مەعریفە، پەیدا بكەن. كەواتە لە خەباتی دژەئایینیدا، هەندێكجار قۆناغەكانی هێرشبردنی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆ شوێنی خۆیان چۆڵدەكەن بۆ قۆناغگەلێكی ئابلوقە، ماسكپۆشین و مانۆرە ناڕاستەوخۆكان. بەگشتی، ئێمەیش ئێستا چووینەتە نێو قۆناغێكی وەهاوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە لە داهاتوودا هیچ هێرشێك ناكەین، تەنها ئەوەندە پیویستە بۆ ئەوە ئامادە بین.

هێرشی ئێمە بۆسەر ئایین دروست بووە یان نادروست؟ دروست بووە. ئایا ئەنجامی هەبووە؟ بەڵێ. چ كەسانێكی بەرەو ئێمە هێناوە؟ ئەوانەی بەپێی ئەزموونی پێشوو، ئامادە كراون تا خۆیان سەرتاپا لە دەمارگیرییە ئایینییەكان پاك بكەنەوە. سەرەڕای ئەمە، هێشتاش كەسانێك هەن تەنانەت ئەزموونی گەورەی شۆڕشگێڕیی ئۆكتۆبەر ئەوانی لە كۆت و بەندی ئایین ڕزگار نەكردووە. لێرەدا، میتۆدە ڕەسمییەكانی ڕەخنە، هەجو، كاریكاتێری دژەئایینی و هتد، توانا و كاریگەرییەكی زۆر كەمیان هەیە؛ و ئەگەر فشار، بەهێزتر بێت، ڕەنگە ئەنجامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوە.

دەبێت كەسێك بەردەكە كون بكات – كێ دەزانێت، ئەم بەردە چەندە ڕەقە! – دینامیتەكان بەكاربێنە، فتیلەكە پێ بكە و بڕۆ دواوە… و پاش ماوەیەك تەقینەوەیەكی نوێ و وردوخاشبوونێكی نوێ پەیدا دەبێت، واتا توێژێكی دیكەی خەڵك لە جەماوەری بەرفراوان جیادەبنەوە… بڕیارنامەی كۆنگرەی حزب، پێمان دەڵێت لەم بوارەدا، ئێمە دەبێت ئێستا لە تەقینەوە و هێرشبردن، بچینە نێو كارێكی درێژماوەتری ماسكپۆشینەوە، ئەویش بەر لە هەرشتێك بە پەرەپێدانی زانستە سروشتییەكانە.
بۆ ئەوەی دەریبخەم چۆن هێرشێكی ڕووبەڕوو و بێ ئامادەكاری، دەتوانێت هەندێكجار ئەنجامی تەواو ناچاوەڕوانكراوی بەدواوە بێت، نموونەیەكی سەرنجڕاكێش دەهێنمەوە كە پەیوەندیی بەم دواییانەوە هەیە و تەنها لەسەر زاری هاوڕێیانەوە بیستوومە، چونكە بەداخەوە لە چاپەمەنییەكاندا نەهاتووە. ئەم ئەزموونە پەیوەندیی بە حزبی كۆمۆنیستی نەرویژییەوە هەیە. وەك ڕەنگە لەبیرتان بێت، لە ساڵی 1923دا ئەم حزبە دابەشبوو بەسەر زۆرینەیەكی ئۆپۆرتۆنیست(هەلپەرست)دا بەڕێبەرایەتیی “ترانمائیل” و كەمینەیەكی شۆڕشگێڕیی بە وەفا بۆ ئەنتەرناسیۆنالی كۆمۆنیست. لە هاوڕێیەكم پرسی كە لە نەرویژ دەژیا: چۆن “ترانمائیل” توانی زۆرینە بەدەستبهێنێت – هەڵبەت تەنها بۆ ماوەیەكی كاتی. یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو، كەسایەتیی ئایینیی ماسیگرانی نەرویژیی بوو. وەك دەزانن ڕاوی ماسی بازرگانییەكە ئاستێكی زۆر نزمی تەكنەلۆژیای هەیە و تەواو سەر بە سروشتە. هەر ئەم بونیادەیە بۆ دەمارگیرییەكان و خورافاتەكان؛ و ئایین بۆ ماسیگرانی نەرویژ، وەك ئەوەی ئەم هاوڕێیە بە گاڵتەوە پێیگوتم، شتێكە وەك “زرێپۆشێك” وایە.

لە ئەسكەندەناڤیایشدا كەسانێك هەبوون لە ڕیزی ڕۆشنبیران و ئەكادیمییەكاندا گاڵتەیان بە ئایین دەكرد. بەڕاستی ئەوان كەوتنە بەر هێرشی بێڕەحمانەی ماركسیستەكانەوە و حەقیشیان بوو وایان لێبێت. ئۆپۆرتۆنیستەكانی نەرویژ بە شارەزاییەوە سوودیان لەم هەلە وەرگرت تاكو ماسیگران بخەنە بەرانبەر ئەنتەرناسیۆنالی كۆمۆنیستەوە. كەواتە ماسیگرێكی شۆڕشگێڕ، بە سیمپاتییەكی قوڵەوە بۆ یەكێتیی سۆڤێت، بەرگریكاری ئەنتەرناسیۆنال كۆمۆنیست، ڕاستگۆیانە بەخۆی دەگوت: “دواجار ئەمە بابەتەكەیە؛ یان دەبێت بۆ ئەنتەرناسیۆنال كۆمۆنیست بم و بێ خوا بڕۆم ڕاوی ماسی بكەم، یاخود دەبێت بە دڵێكی پڕ لە كەسەرەوە لێی جیاببمەوە” و جیاش بووەوە. ئەم حیكایەتە دەریدەخات كە چۆن ئایین دەتوانێت هەندێكجار بە تیغێكی تیژ و بڕندەوە تەنانەت بێتە نێو سیاسەتی پرۆلیتاریاشەوە.

دیارە ئەمە بەجۆرێك زیاتر بۆ جوتیارەكانی ئێمە ڕاستە كە سروشتی ئایینیی نەریتیی ئەوان پەیوەندییەكی نزیكی بە هەلومەرجەكانی كشتوكاڵیی دواكەوتووی ئێمەوە هەیە. ئێمە تەنها بەهێنانی كارەبا و كەرەستەی كیمیایی بۆ كشتوكاڵیی جوتیاریی دەتوانین بەسەر دەمارگیرییە ئایینییە ڕیشەداكوتاوەكاندا زاڵببین. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە كە ئێمە نابێت سوود لە هەر باشتربوونێكی تەكنیكی و هەر ساتێكی گونجاوی كۆمەڵایەتیی بەشێوەیەكی گشتیی بۆ پروپاگەندەی دژەئایینی، بۆ گەیشتن بە دابڕان و چاڵێكی بەشەكی و پارتیكولار لە ئاگایی ئایینیدا وەربگرین. نەخێر، هەموو ئەمانە وەك پێشوو زەروورین، بەڵام ئێمە دەبێت ڕوانگەیەكی گشتیی دروستمان هەبێت.
تەنها بە داخستنی دەرگای كڵێساكان، وەك لەهەندێك ناوچەدا ئەم كارە كراوە، و یان بە هەموو توندڕەوی و زیادەڕەوییە حكومییەكانەوە، نەك تەنها ناتوانین هیچ سەركەوتنێكی یەكلاییكەرەوە بەدەست بهێنین، بەڵكو بەپێچەوانەوە ڕێگاكە بۆ گەڕانەوەیەكی بەهێزتری ئایین خۆشدەكەین.
ڕاستە ڕەخنەی ئایین، بناغەی هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە، ئەمەش ڕاستە لە سەردەمی ئێمەدا، گەیاندنی كارەبا بۆ كشتوكاڵ بناغەی لەناوچوونی خورافاتەكانی جوتیارانە. دەمەوێت لە پەیوەندییدا بە گرنگیی گەیاندنی كارەباوە بۆ كشتوكاڵ، چەند دەستەواژەیەكی بەرزی ئەنگڵس بگوازمەوە كە تا ماوەیەك پێش ئێستا نەزانرابوون.
بەم دواییانە هاوڕێ ڕازیانۆڤ بۆ یەكەم جار نامەكانی ئەنگڵسی لەگەڵ بێرنشتاین و كائۆتسكیدا بڵاوكردەوە. نامەگەلێك كە سەرسوڕهێنەرن. گرنگیی ئەنگڵسی پیر دوولایەنە، هەرچەند بابەتی زیاتر و زیاتری ئەو دەچنە بواری گشتییەوە، كەسایەتیی ئەویش زیاتر لە پێشوو هەم لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە و هەم شەخسییەوە ئاشكراتر دەبێت. من ئیقتیباسێك دەهێنمەوە كە ڕاستەوخۆ باس لە مەسەلەی گەیاندنی كارەبا و زاڵبوون بەسەر درزی نێوان شار و گونددا دەكات.

ئەنگڵس ئەم نامەیەی لە ساڵی 1883دا بۆ بێرنشتاین نووسیوە. لەبیرتان بێت لە ساڵی 1882دا، ئەندازیاری فەڕەنسی، “دوپرە” ڕێگایەكی دۆزییەوە بۆ گواستنەوەی وزەی كارەبا لەڕێگای تەلەوە. و ئەگەر هەڵە نەبم، لە پێشانگایەكدا لە میونشن – یان بەهەرحاڵ لە هەر شوێنێكی ئەڵمانیادا بووبێت – گواستنەوەی وزەی كارەبای بە پێودانگی یەك یان دوو ئەسپی هەڵمی بۆ پێنج كیلۆمەتر نمایشكرد. ئەمە، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئەنگڵس هەبوو كە بە قوڵی حەزی لە هەموو داهێنانێك كردبوو لە بواری زانستە سروشتییەكان و هتددا. ئەو بۆ بێرنشتاین دەنووسێت:
“نوێترین داهێنانی دوپرە… پیشەسازیی لە هەموو بەرتەسكبوونەوەو سنووردارێتییەكی لۆكاڵی ئازاد دەكات، تەنانەت بەكارهێنانی دوورترین توربینی ئاو دەڕەخسێنێت. و تەنانەت ئەگەر لە سەرەتادا تەنها لە شارەكاندا بەكاربهێنرێت، دواجار دەبێتە بەهێزترین هەڕەم بۆ نەهێشتنی ململانێ و ناكۆكیی نێوان شار و گوند دەگۆڕێت”.

ڤیلادیمێر ئیلیچ [لینین] ئاگای لەم هێڵانە نەبوو. ئەم نامەیە بەم دواییانە ئاشكرا بووە و دەركەوتووە. ئەم نامەیە لە ئەڵمانیا و لەنێو موڵك و ماڵەكانی بێرنشتایندا شاردرابووەوە، تا ئەو كاتەی هاوڕێ ڕازیانۆڤ توانی دەستی پێیبگات و بیدۆزێتەوە. نازانم ئایا هاوڕێیان ئێوە لەوە تێدەگەن كە لینین خووی بە چ وردبوونەوەیەكی دەقیق و چ حەزێكی بەهێزەوە گرتبوو كە لە بەرهەمەكانی مامۆستایان و پێشینانی خۆیدا، ماركس و ئەنگڵس، قوڵ ببێتەوە، و بەڵگەیەكی نوێ بۆ تێگەیشتنی ئەوان، گشتێتی و گەردوونیی بیركردنەوە و توانای ئەوان بە ڕوانگەیەكی پێشتر لە كاتی خۆی، بدۆزێتەوە. گومانم نییە ئەگەر لینین ئەم قسەیەی بینیبایە – كە ئەنگڵس تیایدا، ڕۆژی دوای خستنەڕووی میتۆد و ڕێگایەك، ئەویش لە بنەڕەتدا بەشێوەیەكی تاقیگەیی، بۆ گواستنەوەی وزەی كارەبا بۆ مەوداگەلێكی دوور و درێژ، لە داهاتووی پیشەسازیی دەڕوانێت، گوند دەبینێت و دەڵێت ئەم داهێنانە تازەیە بەهێزترین هەڕەمە بۆ نەهێشتن و لابردنی ناكۆكیی نێوان شار و گوند – ئەمەی دەكرد بە ئەكسیۆمی بیركردنەوەی حزبەكەی ئێمە. كاتێك ئەم قسەیە یان ئیقتیباسە دەخوێننەوە، وەك بڵێیت ئەنگڵسی پیر تووڕەیی دەریا (ئەو بە خواستی خۆی سووتێنرا و خاكوخۆڵەكەی ڕژێنرایە ناو دەریاوە) لەگەڵ لینین لە “مەیدانی سوور”دا دەخاتە بەرباسەوە.
هاوڕێیان! پرۆسەی لابردنی ئایین، پرۆسەیەكی دیالەكتیكییە. لەم پرۆسەیەدا، قۆناغگەلێك بە ڕیتمگەلێكی جیاوازەوە بوونیان هەیە كە هەلومەرجی گشتیی كولتووریی ئەوانە دیاریدەكات. كۆی ئەنجوومەنەكانی ئێمە دەبێت چاو و گوێی ئێمە بن. ئەوان هەمیشە دەبێت كۆمەك بە حزب بكەن تاكو ڕێگای خۆی لەم ئەركەدا پەیدا بكات، ساتێكی دروست بدۆزێتەوە یان بە ڕیتمێكی ڕاست و دروستەوە بجوڵێتەوە.

لابردنی سەرتاپای ئایین كاتێك بەدیدێت ئەگەر سیستەمێكی سۆسیالیستیی تەواو پێشكەوتوو بوونی هەبێت، واتا تەكنەلۆژیایەك لەئارادا بێت ئینسان لە هەموو جۆرە وابەستەییەكی ترسێنەرانە بە سروشتەوە ڕزگار بكات. ئەمە تەنها لەژێر پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتییدا بەدەست دێت كە بەتاڵ بووبێتەوە لە هەموو جۆرە عیرفانێك، پەیوەندیگەلێكی تەواو شەفاف كە مرۆڤ سەركوت ناكات. ئایین، وەرگێڕانی بێ نەزمی و ناڕێكیی سروشت و ناڕێكیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە بۆ زمانی وێنە خەیاڵییەكان. تەنها نەمانی ناڕێكییە زەمینییەكان دەتوانێت بۆ ئەبەد كۆتایی بە ڕەنگدانەوەی ئایینی بهێنێت. ڕێنماییەكی پلان بۆداڕێژراو، ئاگایانە و عەقڵانی بۆ ژیانی كۆمەڵایەتی، لە كۆی ڕەهەندەكانی خۆیدا، هەموو جۆرە عیرفانییەتێكی ئیلاهی و خراپەكارییەكی ئەهریمەنی بۆ هەمیشە دەسڕێتەوە.

لە سایتی ئەرشیڤی ماركسیستەكان وەرگیراوە
www.marxists.com

About Secular Kurdistan

Check Also

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا مەلا هەڵۆ کاتێک وەک میراتگری داعش بەرامبەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *