ئیسلامی سیاسی میانڕه‌و: وه‌همێكی ژه‌هراوی د.رێباز خورشید

rebaz

له‌ مێژه‌ ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی سیاسی میانڕه‌و به‌كارده‌هێنرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ندێك له‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان، هه‌ندێك جاریش بۆ ره‌وته‌ سه‌له‌فییه‌كان. هۆكاری به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ش وه‌كو جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌م حیزب و ره‌وتانه‌یه‌ له‌ حیزب و ره‌وته‌ جیهادییه‌كان، به‌و پێیه‌ی حیزبه‌ میانڕه‌وه‌كان حیزبی مه‌ده‌نین و به‌شدارێكی ئاسایی و یاسایی كێبڕكێ و كایه‌ی سیاسیین و هێزی چه‌كداریان یان نییه‌ یان سنورداره‌، كه‌واته‌ مه‌ترسییان بۆ پرۆسه‌ی دیموكراتی نییه‌ و ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كه‌سه‌ له‌ ده‌وری بیرێكی دیاریكراو كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی رێپێدراوه‌.

به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه‌ وه‌همێكی گه‌وره‌ی چ حیزبه‌ عه‌لمانییه‌كان و چ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشه‌، ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش به‌م دواییه‌ خۆی سه‌لماند كه‌ شتیك نییه‌ ناوی ئیسلامی سیاسیی میانڕه‌و بێت، به‌ڵكو موسڵمانی میانڕه‌و هه‌یه‌، ئه‌و جۆره‌ موسڵمانانه‌ش ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌م حیزبانه‌ پێكناهێنن.
پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئیسلامی سیاسیی میانڕه‌و بوونی نییه‌؟ به‌كورتی، هه‌ر ته‌وژمێك یان حیزبێك ئه‌و ئایدۆلۆژیایه‌ی له‌سه‌ری دامه‌زراوه‌ و بووه‌ته‌ به‌رنامه‌ی كاری بریتی بێت له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵتێكی دینیی ناكرێت دابنرێت به‌ میانڕه‌و، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆكاری سه‌ره‌كی:

یه‌كه‌م: كرۆكی ده‌وڵه‌تی دینیی مه‌ده‌نی نییه‌ و ته‌واو دژیه‌تی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ ده‌كات به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ فیكری تیۆكراتی ئیسلامییدا عه‌لمانیه‌ت و یاساكانی دانراوی مرۆڤ كوفرن و ده‌بێت شه‌ریعه‌تی ئیسلام سه‌رچاوه‌ی تاك و ته‌نیای یاسا و جیبه‌جێكردن و سیتسمی دادوه‌ریش بێت و هه‌رچ به‌دیلێكی تر جگه‌ له‌وه‌ بریتییه‌ له‌ شه‌ریك بۆ خودا بڕیاردان و هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك یاسایه‌كی جگه‌ له‌ دین قبوڵ بێت ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موشریكه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ده‌بیاتی چ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كیت (وه‌كو سید قطب) یان سه‌له‌فییه‌كان وه‌كو (ابن تیمیه‌).

ته‌نانه‌ت هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و گێڕانه‌وه‌ی خیلافه‌تی ئیسلامی به‌ڕوونی له‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامی ئه‌و حیزبانه‌دا ده‌بینرێت. كه‌واته‌ حیزب و جووڵانه‌وه‌یه‌ك كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كییان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و دژایه‌تی دیموكراسی و عه‌لمانیه‌ت بێت و تاكه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌ن كه‌ هه‌ر كه‌سێك یاسایه‌كی جگه‌ له‌ یاسای ئیسلامی و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی قبوڵ بێت كافره‌، بانگه‌شه‌ كردن بۆ بیری ئازاد و ئازادی راده‌بڕین كوفر و هه‌ركه‌سێك نیه‌ت و ئاماده‌ییه‌ جیهادی تیانه‌بێت مونافیقه‌….هتد ئیتر به‌ چ بیانوویه‌ك ده‌شێ ناوبنرێت میانڕه‌و؟ میانڕه‌ویه‌كه‌یان ئه‌وه‌ی به‌ چه‌ك هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناده‌ن؟! یان ئه‌وه‌ ته‌نیا بژارده‌ی هه‌ندێك حیزبی سیاسییه‌ كه‌ پێیان وایه‌ له‌ڕێگه‌ی پرۆگرام كردنی هزری گه‌نجی كورده‌وه‌ باشتر ده‌توانن ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دامه‌زرێنن!

دووه‌م: حیزبه‌ ئیسلامی و سه‌له‌فییه‌كان كارێكی بێشوماریان كرد له‌سه‌ر گۆڕینی فكری تاكی موسڵمانی ئاسایی بۆ فكرێكی ئیسلامی و بوونه‌ته‌ هۆی به‌رهه‌مهێنانی چه‌نده‌ها تاكی داعشی كورد، به‌ڵگه‌شمان ئه‌وه‌یه‌ رۆژ به‌ رۆژ ئازادییه‌كان (به‌تایبه‌ت ئازادی راده‌بڕین) به‌رته‌سكتر ده‌بنه‌وه‌ له‌ژێر ناوی دژ وه‌ستانیان له‌گه‌ڵ پیرۆزییه‌ دینییه‌كان به‌ڕاده‌یه‌ك كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی مامۆستایانی ئایینی (به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پشت ئه‌ستورن به‌ حیزب و ته‌وژمه‌ ئیسلامی و سه‌له‌فییه‌كان) زۆر به‌ بوێرانه‌ و بێسڵه‌مینه‌وه‌ له‌ هیچ یاسایه‌ك رۆژانه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر نووسه‌ر و بیرمه‌ندان و مافه‌ شه‌خسییه‌كانی خه‌ڵك، به‌ڵام هه‌ركاتێك نووسینێك یان چاوپێكه‌وتنی بیرمه‌ندێك دژی ئایدۆلۆژیای ئه‌وان بوه‌ستێته‌وه‌ زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ری، به‌ڵكو خه‌ڵكی ئاساییش هان ده‌ده‌ن كه‌ به‌ كافر و زه‌ندیق و مورته‌د و بێڕه‌وشت و…هتد له‌ قه‌ڵمیان بده‌ن و به‌ر له‌عنه‌تی خوایان بده‌ن! هه‌موو ئه‌مانه‌ و تاكی كوردی هێشتا وا خه‌یاڵ ده‌كات كه‌ ئه‌و مادام به‌ فه‌رمی ئه‌ندامی هیچ حیزبێكی ئیسلامی نییه‌ و ئه‌و حیزبه‌ ئیسلامیانه‌ش جیهادی نین، كه‌واته‌ ئه‌م سه‌لامه‌ته‌ و خاوه‌ن بیرو بڕیاری خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاده‌ی ده‌كات ئیسلامی راسته‌قینه‌یه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی داعش!

له‌كۆتاییدا جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌م پرسیاره‌ ئاراسته‌ی تاكی موسڵمانی كورد بكه‌ین: ئه‌رێ خێر بوو هه‌ركه‌سێك وشه‌یه‌كی دژی ئیسلامی و سه‌له‌فیه‌كان وت یه‌كسه‌ر به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك یان وتارێك كافری ده‌كه‌ن، به‌ڵام تائێستا هیچ یه‌كێك له‌ ئیسلامی و سه‌له‌فیه‌كان داعش به‌ كافر دانانێن؟ به‌ڵكو رازی حاڵ به‌یانی گوفتاریشیان ده‌ڵێت: داعش موسڵمانن، به‌ڵام هه‌ندێك هه‌ڵه‌یان هه‌یه‌!

About Secular Kurdistan

Check Also

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا مەلا هەڵۆ کاتێک وەک میراتگری داعش بەرامبەر …

One comment

  1. دەستخۆش بۆ ئەم نووسینە پوخت و بەپێزەتان کە بوێرانە و ڕاستگۆیانە نەبوونی میانڕەویت لە ئاییندا بە تایبەت لە ئیسلامدا شرۆڤە کردووە. هەموو شتێك لە ژیاندا ڕەنگاوڕەنگە جگە لە ئایین نەبێت کە ڕەش یان سپییە! ئایینپەرستێکی بێوەیی ئەمڕۆ بێ یەك و دوو و بە فەرمانی خواکەی ئەگەری ئەوەی هەیە کە ببێت بە کارامەترین سەربڕی سبەی ئایینەکەی. دووبارە دەستانخۆش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *